کاندیدەکانی پارتی بۆ کابینەی نوێی عێراق یەکلاکراونەتەوە
لایەنە سیاسییەکانی عێراق ناوی کاندیدەکانیان بۆ کابینەی نوێی حکوومەت رادەستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە. بڕیارە ئەم هــەفتەیە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر کاندیدەکان بدات و سێ وەزارەتی نوێش بۆ کابینەکە زیاد دەکرێن.
ئەمڕۆ شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، پارتی کاندیدەکانی یەکلا کردووەتەوە و بەنگین رێکانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران کاندیدە، هەروەها رێباز حەملانیش بۆ پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی راگەیاندووە، سبەی یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەم، سیڤی هەموو کاندیدەکان بۆ پەرلەمان دەنێردرێت، رۆژی دووشەممەش، 12ـی تشرینی یەکەم، کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە کاندیدەکان بەڕێوەدەچێت.
لەلایەکی دیکەوە موشرەق فرێجی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە کوردستان24ـی راگەیاند، کاندیدی شیعەکان بۆ پۆستە وەزارییەکان یەکلا بووەتەوە. تاوەکوو ئێستا یاسر سخێل لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بۆ وەزارەتی ناوخۆ، حەیدەر بەها لە هەمان هاوپەیمانی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا، محەممەد مووسەوی لە عەسائیبی ئەهلوحەق بۆ وەزارەتی کار، سەفا کنانی لە رەوتی حیکمەی نیشتمانی بۆ پۆستی وەزارەتی لاوان و وەرزش، محەممەد ساحب دەراجی بۆ پۆستی وەزارەتی ژیریی دەستکرد و عەلی دەخیلی لە فراکسیۆنی مونتەسیرون بۆ وەزارەتی گەشتوگوزار کاندیدن.
بە گوتەی فرێجی، لەیس خەزعەلی و موحسین مەندەلاوی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران کاندیدن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە نێو سوننەکانیش کاندیدەکان یەکلا بوونەتەوە. محەممەد تەمیم لە حزبی تەقەدووم بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران، عەلی ئەعرەجی لە هاوپەیمانیی حەسم بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری، عەلی نوعەیمی لە هاوپەیمانیی عەزم بۆ پۆستی وەزارەتی پلاندانان و زەید عەلی لە هەمان هاوپەیمانی بۆ پۆستی وەزارەتی رۆشنبیری کاندیدن.
هاوکات سەرچاوەیەک لە بەرەی تورکمانیی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، پشکی تورکمان وەزارەتی کاروباری دەوڵەتە و کاندیدەکەی محەممەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی و پارێزگاری کەرکووکە. هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڕیارە بۆ فراکسیۆنی سۆیانا بێت، بەڵام هەندێک لە لایەنەکان رازی نین و رەنگە کەسێک بە سازان بۆ ئەو پۆستە کاندید بکرێت.
بڕیارە حکوومەتی عێراق سێ وەزارەتی دیکە بۆ کابینەکە زیاد بکات، ئەوانیش وەزارەتی گەشتوگوزار، وەزارەتی ژیریی دەستکرد و وەزارەتی کاروباری دەوڵەتن. بۆ ئەم مەبەستەش گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان و بەتایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی تاوەکوو ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت.
لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە تشرینی دووەمی 2025، پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت بەهۆی ململانێی لایەنە سیاسییەکانەوە چەند مانگێک دواکەوت. لە مانگی نیسانی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی، عەلی فالح زەیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری کرد و دواتر لەلایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ راسپێردرا.
هەرچەندە زەیدی لە ئایاری 2026 متمانەی پەرلەمانی بۆ بەشێک لە وەزیرەکانی کابینەکەی بەدەستهێنا، بەڵام ململانێ لەسەر پۆستە هەستیارەکانی وەک بەرگری، ناوخۆ و چەند وەزارەتێکی دیکە بەردەوام بوو.