د. سامان سۆرانی
نووسەر
خوێندنەوەیەك لە روانگەی سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ ئاڵۆزیی دەسەڵات و داهاتووی فیدراڵیەت لە عێراق
عێراق، لە سەرەتای دامەزراندنی نوێیەوە لە ساڵی 1921، لە بواری فەلسەفەی حوکمڕانی و ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتدا، رووبەڕووی ئاڵۆزی و گرفتێکی قووڵ و پێکهاتەیی بووەتەوە. گۆڕانکارییە سیاسییە یەك لە دوای یەکەکان، لە سەردەمی پاشایەتییەوە، بە تێپەڕبوون بە قۆناخە جیاوازەکانی کۆماری و تا گۆڕانکاریی ریشەیی ساڵی 2003، نەیان توانیوە سیستەمێکی سیاسیی جێگیر دابمەزرێنن، کە لەسەر بنەمای گرێبەستی کۆمەڵایەتی و پایەکانی دەوڵەتی هاووڵاتیبوون و نوێنەرایەتیی دامەزراوەیی بنیادبنێن.
لەبری ئەوەی عێراق بەرەو دیموکراسیی لیبراڵیی نوێ هەنگاو بنێت، دیمەنی سیاسیی دوای ساڵی 2003 ژینگەیەکی سیاسیی تێکەڵ و ئاڵۆزی بەرهەم هێناوە، کە لە چوارچێوەی دەسەڵاتداریی کێبڕکێکاردا لێكدەدرێتەوە، ژینگەیەك کە تێیدا ئاڵۆزی دەسەڵات و شێوازی بەکارهێنانی، گواستنەوە و دابەشکردنی، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئاراستەی پرۆسەی سیاسی داناوە.
ئەم دۆخە لە روانگەی سەرۆك مەسعود بارزانی یەوە، لە چوارچێوەی لێکدانەوەیەکی رەخنەگرانە بۆ کێشە پێکهاتەییەکانی حوکمڕانی و ئاڵۆزییەکانی پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکان و دەسەڵات دەخوێندرێتەوە.
رەهەندەکانی ئەم ئاڵۆزییە، وەك گرفتێکی مێژوویی و پێکهاتەیی، لە قۆرخکردنی بڕیار، پیادەکردنی هەژموون و مامەڵەکردن لەگەڵ سامان و تواناکانی دەوڵەت وەکوو دەستکەوتێکی حیزبی و سیاسی بەرجەستە دەبن. ئەم شێوازی حوکمڕانییە کاریگەریی نەرێنیی راستەوخۆی لەسەر سەقامگیریی گشتی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان داناوە.
هەروەها، رەهەندەکانی ئەم ئاڵۆزییە لە دیمەنی سیاسیی عێراقدا لە رێگەی چەند تایبەتمەندییەکی سەرەکییەوە دەردەکەون. گرنگترینیان بریتییە لە شێواندنی ئەزموونی دیموکراسیی سازان، ئەزموونێك کە لە سەرەتاوە وەکوو میکانیزمێك بۆ پاراستنی فرەیی و و رێکخستنی پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکان دەرکەوتبوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات گۆڕا بۆ شێوازێکی تەسکی دابەشکردنی دەسەڵات و پۆستەکان لەسەر بنەمای پشک پشكێنە و حیسابی حیزبی و گرووپی. ئەم گۆڕانکارییە ناوەڕۆکی راستەقینەی هاووڵاتیبوونی گشتگیری لاواز کرد و پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و دەوڵەت لەسەر بنەمای یەکسانیی ماف و ئەرك دوور خستەوە.
لە روانگەی سەرۆك مەسعود بارزانی یەوە، فەلسەفەی هاووڵاتیبوونی دەستووری دەستکاری کرا و لۆژیکی پێکهاتە باڵادەستەکان شوێنی گرتووەتەوە، بە تایبەتی، لە رێگەی سەپاندنی ویستی گەورەترین پێکهاتەوە. ئەمەش وای کردووە، کە دابەشکردنی هەژموون و پاراستنی بەرژەوەندییە تەسکەکان ببنە بزوێنەری سەرەکیی پرۆسەی سیاسی، لە کاتێکدا بنەماکانی لێهاتوویی و سەروەریی یاسا لاواز و پەراوێز خراون.
لەسەر ئاستی دامەزراوەکانی دەوڵەت، قەیرانی قۆرخکردنی بڕیار دیاردەی دەوڵەتی قووڵ و بەکارهێنانی دامەزراوەکان بۆ مەبەستی سیاسی بەرجەستە دەکات. لە ئەنجامی ئەم دۆخە، بێلایەنیی دامەزراوە سیادی و ئاسایشییەکان لاواز بووە و بەرژەوەندیی ئەکتەرەکانی دەرەوەی دەوڵەت و هەژموونی گرووپە چەکدارەکان بەرەو پێش چووە. لەو بارودۆخەدا، دەزگاکانی کارگێڕی لە هەندێك حاڵەتدا بوون بە ئامرازێك بۆ خزمەتکردنی لایەنێکی دیاریکراو و پەراوێزخستنی لایەنەکانی تر، ئەمەش چەمکی دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و سامانی لە ناوەڕۆکی راستەقینەی خۆی دوورخستەوە.
جگە لەوەش، سیستەمی سیاسیی عێراق لە مێژووی خۆیدا نەیتوانیوە دامەزراوەیەکی جێگیر و کاریگەر بۆ ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات بنیاد بنێت. گۆڕانکارییە سیاسییەکان زۆرجار لە ژێر کاریگەریی هاوکێشەی هێز، ململانێی قەیراناوی و دەستێوەردانی دەرەکیدا روویان داوە. ئەم دۆخەش بووە مایەی سەرهەڵدانی دیاردەی نامۆبوونی سیاسی و لەدەستدانی متمانەی بەشێك لە جەماوەر بە کاریگەریی و سوودی شێوە و رواڵەتە دیموکراسییەکان.
لێرەدا، خوێندنەوەی سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ دووانەییی نێوان رواڵەتی دیموکراتی و راستییەکانی دەسەڵات، لە رێگەی چەمکەکانی "دەسەڵاتی رەق" و "شێوە و رواڵەتە دیموکراسییەکان" بەرجەستە دەبێت. لەم چوارچێوەیەدا، دەقی دەستووری و دامەزراوە پەرلەمانییەکان وەك بەشێك لە رواڵەتی دیموکراسی سیستەمەکە دەردەکەون، لە کاتێکدا بەپێی ئەم لێکدانەوەیە، دەسەڵاتی سیادیی کرداری لە رێگەی ناوەندەکانی هێزی نافەرمی و لە ژوورە داخراوەکانی کۆبوونەوەی کوتڵە سیاسییە دەست رۆیشتووەکانەوە پیادە دەکرێت، دوور لە چاودێریی کاریگەر و بەرپرسیارێتیی دامەزراوەیی و جەماوەری.
بەردەوامیی ئەم ئاڵۆزییە مەترسییە ستراتیژییەکان لەخۆ دەگرێت، کە دەتوانن کاریگەری لەسەر تەواوی کیانی دەوڵەتی عێراق دابنێن. لە سەرووی هەموویانەوە، قەیرانی داڕمانی شەرعییەت بەرجەستە دەبێت، چونکە کاتێك دەستووری ساڵی 2005 لە ئەنجامی رێککەوتنە سیاسییە لاوەکییەکان و بەرژەوەندییە تەسکەکان لە ناوەڕۆکی راستەقینەی خۆی بەتاڵ دەکرێتەوە، متمانە بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و بنەماکانی حوکمڕانیی دەستووری لاواز دەبێت و پرسی شەرعییەتی سیاسی و یاساییی دەوڵەت دەخرێتە ژێر پرسیارەوە.
لە لایەکی تریشەوە، چەق بەستنی ئابووری و پەیوەندییەکانی بە دەوڵەتی بەرخۆر و گەندەڵیی پێکهاتەییەوە، لە رێگەی ململانێ لەسەر داهاتی نەوت و قۆرخکردنی سەرچاوەکانی سامانەوە، رێگری لە گەشەی ئابووریی بەردەوام دەکەن و مەترسیی لاوازبوونی ژێرخانی ئابووری زیاد دەکەن، تەنانەت ئەگەر دەوڵەت داهاتی زۆری نەوتیشی هەبێت.
بەم شێوەیە، کێشەکە تەنیا لە کەمیی سەرچاوەکان نییە، بەڵکو لە شێوازی بەڕێوەبردن و دابەشکردن و بەکارهێنانیانە.
لە رووی کۆمەڵایەتییەوە، نەبوونی هاووڵاتیبوونی یەکسان و هەستکردن بە نادادپەروەری، کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان فراوانتر دەکات و دابەشبوون لەسەر بنەمای ناسنامە زیندوو دەکاتەوە. ئەم بارودۆخەش دەتوانێت ژینگەیەکی گونجاو بۆ سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و نوێبوونەوەی قەیرانە ئاسایشییەکان فەراهەم بکات.
لەسەر ئاستی لێکەوتە هەرێمی و دەستوورییەکان، سەرۆك مەسعود بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پاشگەزبوونەوە لە بەڵێنە فیدراڵییەکان و جێبەجێ نەکردنی پابەندییە دەستوورییەکان، بەردەوامیی عەقڵییەتی ناوەندگەرایی ڕەق نیشان دەدەن، عەقڵییەتێك کە لەگەڵ لۆژیکی یەکبوونی فیدراڵی و بەشداریی راستەقینەی پێکهاتەکان ناکۆکە.
ئەم ئاڵۆزییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کیانی دەستووریی هەرێمی کوردستان بە لۆژیکی هەڕەشە و هەژموون، لەبری لۆژیکی هاوبەشیی نیشتمانی، بە روونی دەردەکەوێت.
ئەم دۆخەش لە ڕوانگەی ئەم لێکدانەوەیەوە، بووەتە هۆی پێشێلکردنی بەردەوامی دەستوور، بە تایبەتی لە جێبەجێکردنی ماددە سەرەکی و یەکلاکەرەوەکانی، وەکوو ماددەی 140، بابەتە پەیوەندیدارەکان بە نەوت و گاز، و ماف و شایستە داراییە دەستوورییەکانی هەرێم.
ئەم عەقڵییەتە هەروەها بۆ بەکارهێنانی ئامرازە ئابوورییەکان وەکوو ئامرازیك بۆ فشار و بەکارهێنانی سزا درێژ بووەتەوە، لەوانەش بڕینی بودجە و مووچە، کە دەتوانێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژێرخانی ئابووری و دامەزراوەیی هەرێمی کوردستان دابنێت و بەربەست لەبەردەم بەردەوامیی ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستان دروست بکات.
سەرۆك مەسعود بارزانی لەم چوارچێوەیەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەوڵ بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی زۆرینەی ژمارەیی، کە لە بنەڕەتدا لەگەڵ رۆحی پەیمانی سیاسی و دەستووریی عێراقی دوای ساڵی 2003 ناکۆکە، مەترسییەکی راستەوخۆ بۆ شەرعییەتی سیستەمی فیدراڵی دروست دەکات، سیستەمێك کە لەسەر بنەمای داننان بە فرەیی، رێزگرتن لە مافەکان، رێزگرتن لە یەکتر و سازان بنیاد نراوە.
لە کۆتاییدا، ڕوانگەی سەرۆك مەسعود بارزانی دەرچەیەکی سیاسی و چوارچێوەیەکی شیکاری بۆ تێگەیشتن لە قەیرانی دەسەڵات و ئاڵۆزییەکانی حوکمڕانی لە عێراق پێشکەش دەکات. لەم روانگەیەوە، تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە پێویستی بە گواستنەوەیەکی بنەڕەتی هەیە لە لۆژیکی قۆرخکردنی دەسەڵات لەلایەن پێکهاتە و حیزبە دەست ڕۆیشتووەکانەوە، بەرەو سیستەمێکی دامەزراوەیی و دەستووری کە تێیدا دەسەڵات، سامان و بەرپرسیارێتی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێن. ئەم گواستنەوەیەش پێویستی بە پابەندبوون بە سێ بنەمای سەرەکی هەیە:
هاوبەشیی راستەقینە، هاوسەنگیی دامەزراوەیی و سازانی نیشتمانی.
هەرێمی کوردستان، بە پشتبەستن بە مافە دەستوورییەکانی و بەشدارییکردنی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق، دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ لە سەقامگیری و بونیادنانی عێراقێکی دیموکرات، فیدراڵ و فرە بگێڕێت.
بەڵام بەدیهێنانی ئەم ئامانجە پەیوەستە بە بوونی ئیرادەیەکی سیاسیی راستەقینە لای هەموو هاوبەشەکان، بۆ تێپەڕاندنی کێشە و ناکۆکییەکانی ڕابردوو، جێبەجێکردنی دەستوور و بنیادنانى دەوڵەتێك، کە لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا، یەکسانیی هاووڵاتیان و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکان دامەزرابێت.