بۆچی سووکایەتیی بە باوەڕی ئایینیی گەلەکەت دەکەیت؟

بۆچی سووکایەتیی بە باوەڕی ئایینیی گەلەکەت دەکەیت؟
بۆچی سووکایەتیی بە باوەڕی ئایینیی گەلەکەت دەکەیت؟

تۆ کە بڕیارت داوە دژی ئیسلام (یان هەر ئایینێکی تر) بیت و ڕەخنەی لێ بگریت، خۆت لەسەر ئەوە یەکلا کردۆتەوە، کە ئاخۆ دژی ئایینەکە و باوەڕی باوەڕدارەکانییت یان دژی مێژوو و ئەزموونی حوکمڕانی و کەلەپووری ئایینەکەیت؟ ڕەخنە لە جەوهەری ئایینەکە دەگریت یان لە ڕاڤە و و شرۆڤەی ڕاڤەکاران و موجتەهیدەکانی؟ 

بۆ نموونە، ئایا دروستە بەرمەبنای ڕقت لە عەرەب و بەناوی دژایەتییکردنی گوتاری توندڕۆی ئایینی و گرووپە ئیسلامییە تیرۆریستییەکان، سووکایەتیی بە باوەڕی موسڵمانانی گەلەکەت بکەیت؟ ئایا پێتوایە هەرچی موسڵمانی جیهان هەیە، هەمووی توندڕۆ و پەڕگیر و تیرۆریستە؟

بەهەرحاڵ، تۆ کە لەودیو ماسکی فشە کوردایەتی، سکۆلاری ساختە و بەناوی دژایەتیی عەرەب و توندڕۆیی و تیرۆرەوە سەنگەرت لە ئیسلام گرتووە، سەنگەرگرتنێک تا ئاستی ڕووشاندنی هەست و باوەڕی ئایینیی موسڵمانانی گەلەکەت و سووکایەتییکردن بە پیرۆزییە ئایینییەکەیان، خراپ نییە سەرنجێکی ئەم زانیاری و ئامارانە بدەیت، هەرنا بۆ ئەوەی خۆت لەسەر وەڵامی پرسیارەکانی پێشەوە یەکلایی بکەنەوە.

بەپێی دوا ئامار و خەمڵاندنی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە )ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەنتەری توێژینەوەی پیو Pew Research Center و دەزگاکانی دیکەی ئامار:(

* کۆی دانیشتووانی زەوی نزیکەی 8.1 بۆ 8.2 ملیار کەسە و لەو ڕێژەیەش، ژمارەی موسڵمانان نزیکەی 1.9 بۆ 2.0 ملیار کەسە. بەمەش ڕێژەی موسڵمانان لە جیهاندا نزیکەی %24.5 بۆ %25ی کۆی دانیشتووانی زەوی پێک دەهێنن.

* وەکووتر، ژمارەی عەرەب نزیکەی 450 بۆ 470 ملیۆن کەسە لە سەرانسەری جیهاندا، کە دەکاتە نزیکەی %5.5 بۆ %5.7 لە کۆی دانیشتووانی زەوی و لە کۆی موسڵمانانی جیهانیش ڕێژەکەیان نزیکەی 20% بۆ 22%ـە (واتە زۆربەی هەرە زۆری موسڵمانانی جیهان عەرەب نین).

ئینجا؛ هەموو عەرەبێک موسڵمان نییە. چونکە لەناو نەتەوەی عەرەبدا ئایینی دیکەی وەک (مەسیحی، دوورزی و هی تر) هەن. بەمەش ڕێژەی موسڵمانان لەناو خودی عەرەبدا نزیکەی %93 بۆ %94ە و ڕێژەی پەیڕەوانی ئایینەکانی تر (بە تایبەت مەسیحی)، نزیکەی 6% بۆ 7%.

جگە لەمانە، گەورەترین نەتەوە و گەلە موسڵمانەکان، ناعەرەبەکانن، کە بەشی هەرە زۆریان لە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا دەژین، لەوانە:

- گەلانی بەنگالی (بەنگلادیش و هیندستان)، 210 ملیۆن موسڵمان، نزیکەی 11%ی کۆی موسڵمانان.

- گەلانی ئیندۆنیزی (جاوا، سوندانی و هی تر)، 205 ملیۆن موسڵمان، نزیکەی 10.5%.

- پەنجابی و گەلانی پاکستان (پەشتون، سیندی)، 200 ملیۆن موسڵمان، نزیکەی 10%.

- هیندییە موسڵمانەکان (نەتەوە جیاوازەکان لە هیندستان)، 200 ملیۆن موسڵمان، نزیکەی 10%.

- تورک (تورکیا و ئاسیای ناوەڕاست)،80-90 ملیۆن موسڵمان، بە نزیکەیی 4.5%.

- فارس و گەلانی ئێران، 80 ملیۆن موسڵمان، کە دەکاتە نزیکەی 4%.

- کورد: 35 بۆ 40 ملیۆن موسڵمان، نزیکەی 2%.

ئینجا؛ بەپێی توێژینەوە ئەمنییەکان و ناوەندەکانی وەک CSIS، ژمارەی ئەندامان و لایەنگرانی چالاکی ڕەوتە توندڕۆ و تیرۆریستییەکان (ئەلقاعیدە، داعش و هاوشێوەکانیان) زۆر کەمترە لە 1%ی کۆی موسڵمانانی جیهان.

ڕوون و ڕاشکاوتر؛ بەپێی توێژینەوە و ئامارە نێودەوڵەتییەکان، لەسەر ئاستی تەواوی ژمارەی موسڵمانانی جیهاندا (کە نزیکەی 1.9 بۆ 2.0 ملیار کەسن)، بەراوردی ژمارە و ڕێژەی موسڵمانی ئاسایی و نەریتیی بەرامبەر ئەندام و لایەنگرانی حیزب و ڕێکخراوە ئیسلامییەکان (میانڕەو، توندڕەو و تیرۆریستی) بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

- موسڵمانانی ئاسایی و نەریتی (ناحیزبی)، 1.83 بۆ 1.93 ملیار کەسە، کە دەکاتە 96.5% بۆ 98%.

- حیزبە ئیسلامییە میانڕەوەکانی کێبڕکێکاری سیاسیی وەک حیزبە ئیسلامییە دانپێدانراوەکانی وڵاتانی (تورکیا، ئەندونیزیا، جەزائیر، تونس، عێراق، پاکستان و هی تر)، 30 بۆ 60 ملیۆن (دەنگدەر، لایەنگر و ئەندامی فەرمی)یان هەیە، کە دەکاتە 1.5% بۆ 3%.

- ڕێکخراوە توندڕەوە ناچەکدارەکان و هێزە پەڕگیرەکانی دەرەوەی پرۆسەی سیاسیی وەک (حیزبی تەحریر و ڕەوتە سەلەفییە پەڕگیرە بێچەکەکان)، 2 بۆ 5 ملیۆن کەسن، کە دەکاتە 0.1%بۆ 0.25%.

- بەپێی زانیاری و ئامارەکانی دەزگا ئەمنییە نێودەوڵەتییەکان، ژمارەی ئەندامانی گرووپە تیرۆریستی و چەکدارە جیهادییەکانی وەک (داعش، ئەلقاعیدە، شەباب، بۆکۆ حەرام و تاقمە جیهادییە چەکدارەکانی تر) 150,000 بۆ 350,000 کەس دەبن، کە دەکاتە 0.01% بۆ 0.02%.

هاوکاتی ئەمانە و بەپێی توێژینەوە و خەمڵاندنە دیمۆگرافی و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە (Pew Research Center)، ڕێژەی موسڵمانانی گەلی کورد نزیکەی 80% بۆ 85%ـە (لە هەندێک سەرچاوەی ناوچەییشدا تا 90-95% دەخەمڵێندرێت)، کە زۆربەی هەرە زۆریان سەر بە مەزهەبی سوننەن، لەگەڵ کەمینەیەکی دیاری شیعە مەزهەب. ئەمەو ڕێژەی پەیڕەوانی ئایین و ئایینزاکانی تر (ئێزدی، یارسان/کاکەیی، عەلەوی، زەردەشتی، مەسیحی) و ئاتاییستەکان (بێ ئایینەکان) لەناو کورددا نزیکەی %15 بۆ %20ـە.

ئەوەی پەیوەندیشی بە بەراوردی ڕێژەی موسڵمانی ئایینداری ئاسایی و نەریتی و ئەوانەی پابەندی و ئینتمایان بۆ ڕەوتە سیاسی و چەکدارییە ئیسلامییەکان لەناو کورددا هەیە، ئەوا لە کۆی دانیشتووانی کوردی موسڵمان لە سەرانسەری کوردستان و دیاسپۆرا، کە نزیکەی 35 بۆ 40 ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێن، دابەشبوونەکە بەم شێوەیەیە:

- موسڵمانانی ئاسایی (ناپەیوەندیدار بە حیزبە ئیسلامییەکان بە میانڕۆ و توندڕۆ)، نزیکەی 90% بۆ 95%ی کۆی موسڵمانانی کوردن. ئەم توێژە بە شێوەیەکی نەریتی و کۆمەڵایەتی پەیڕەوی لە ئایین و سرووتەکانی دەکەن، ئەمەو بەبێ ئەوەی ئەندام یان چالاکی ڕێکخراوەیی حیزبە ئیسلامییەکان بن، تەنانەت بەشێکی زۆریان لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بە حیزبە سێکۆلار یان نەتەوەییەکان دەدەن.

- ئەندام و لایەنگرانی حیزبە ئیسلامییەکانی وەک (یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەری، بزووتنەوەی ئیسلامی یان ڕەوتە ئیسلامییە ڕێگاپێدراوە سیاسییەکانی تر)، کە بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تر، کۆی دەنگ و ئەندامانیان نێوان 250,000 بۆ 400,000 کەسە، کە دەکاتە نزیکەی %3 بۆ %5.

- هەر بەپێی ئامارە ئەمنییەکان، ژمارەی چالاکوانانی چەکدار یان شانە نووستوو و نادیارەکانی ڕەوتە توندڕۆ و چەکدارییە سەلەفی/تیرۆریستییە ژێرزەمینییەکان (گرووپە پەڕگیر و کەرتکراوەکانی هاوشێوەی پاشماوەکانی ئەنسارولئیسلام، یان ئەوانەی پەیوەندییان بە داعش و گرووپە جیهادییەکانی ترەوە کردووە) زۆر کەمە و لە چەند سەد بۆ بڕێک هەزار کەس تێپەڕ ناکات، واتە ڕێژەی زۆر کەمتر لە %0.1 (سەدا سفر پۆینت یەک)ی کۆی موسڵمانانی کورد پێک دەهێنن.

بەکورتی:

- زیاتر لە 96%ی موسڵمانانی جیهان بە شێوەی نەریتی، ڕوحی، پەیڕەوی لە ئەرک  و سرووت و ڕێوڕەسمی ڕۆژانەی  ئایینییەکانیان دەکەن و بە هیچ جۆرێک ئەندام، لایەنگر یان بەشداربووی هیچ حیزب یان بزووتنەوەیەکی سیاسیی ئیسلامی نین.

- حیزبە میانڕەوەکان تەنیا لەو وڵاتانەدا هەن، کە پرۆسەی هەڵبژاردن یان کاری حیزبی تیایاندا ئازاد و کراوەیە؛ لەمەشدا ژمارە و ڕێژەی دەنگدەرانیان لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا زیاد یان کەم دەکەن و ڕێژەیەکی کەمی کۆی موسڵمانان پێک دەهێنن.

- گرووپە تیرۆریستییە دەستبەچەکەکان تەنانەت لە 0.02% کەمتریشن، واتە لە سەدا سفر پۆینت سفر دووی کۆی موسڵمانانی جیهان پێک دەهێنن.

ئێستا پرسیار ئەوەیە: 

تۆ کە سووکایەتی بە باوەڕی ئایینیی زۆرینەی گەلەکەت دەکەیت، دەتەوێت چی بڵێیت و بە نیازیت چی بچنیتەوە؟

دەتەوێت بڵێیت ئەمەم لەبەر ڕقی عەرەب و تورک و فارسی داگیرکەری کوردستانە، ئەی گەلانی دیکەی موسڵمان چی؟

دەتەوێت بەمە شکۆمەندیی کوردایەتی یان شانازیی سیکۆلاربوون بچنیتەوە؟ دەی لە دۆخێکی وادا کوردایەتییەکەت و سیکۆلاربوونەکەشت ساختە و نەخۆشن و لە جەوهەردا سووکایەتی بە خودی ئەم دووانەیش دەکەیت؟

نەکا هێشتا لە ئەشکەوتی تاریکی مێژوو بەجێمابیت و مەست و مەدهۆشی ئاوازی نەشازی ئەو قەوانە سواوە بیت، کە گوایە کورد بەهۆی موسڵمانبوونیەوە نەبووەتە دەوڵەت؟ ئێ خۆ لانیکەم بەدرێژای 100 ساڵی ڕابردوو، کورد قوربانیی بوون و ناسنامە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەیەتی، نەک ئایین و مەزهەبەکەی. ئاخر لە ڕابردوو و ئێستاش، داگیرکەرانی کوردستان لەسەر کوردبوون و دەستگرتنی بە کوردستانی نیشتمانیەوە، کوردیان چەوساندووەتەوە و دەچەوسێننەوە، نەک لەبەر ئەوەی لەسەر فڵانە ئایین یان فیسارە مەزهەبە؟

مەعقوولە تۆ خۆت لە (لۆک، سپینوزا، ڤۆڵتێر، کانت، میل، ڕۆڵس، تایلۆر، هابرماس…)و دەیان بیرمەند و فەیلەسووفی دیکە بە سکۆلارتر بزانیت و ئەم سووکایەتیکردنەت بە باوەڕی ئایینیی زۆرینەی بێوەی گەلەکەت، بە کوردایەتی، ئازادیخوازی و مرۆڤسالاری بە خەڵک و خوا بفرۆشیتەوە و پۆزی (تۆلێرانس!)یش لێ بدەیت؟