ئەردەڵان دۆسکی
نووسەر
ئاو و کارەبا لە بێ هیواییەوە بۆ گەڕانەوەی هیوا و متمانە
شەرعییەتی راستەقینە و مێژوویی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەرگیز بە ململانێی بەرتەسکی حزبی و وتاری بریقەداری پۆپۆلیستی و شەعبەوی پێناسە ناکرێت؛ بەڵکوو پێوەری جەوهەری و دروستی ئەم حکوومەتە لە توانای پارێزگاریکردنی گەلەکەیدایە لە بەرامبەر هێرش، پەلامار و پیلانگێڕییە بەردەوامەکان، هاوکات پاراستنی ئەو ئارامی و ئاسایش و سەقامگیرییەیە کە بەشێکی زۆری عێراق و ناوچەی پڕ لە ئاژاوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێی بێبەشن.
دژایەتیکردنی ئاشکرا و فرەڕەهەندی بەشێکی بەرچاو لە سەرکردە سیاسییەکانی بەغدا و ئەو بەرەیەی لە عێراقدا خۆیان بە ناوی جۆراوجۆر پێناسە دەکەن، ئەو راستییە حاشاهەڵنەگرە دەسەلمێنێت کە ئامانجی سەرەکیی ئەم پەلامارانە تەنیا کێشەی تەکنیکی یان کارگێڕی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم نییە، بەڵکوو مەبەستی بنەڕەتی لێدانە لە خودی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان؛ ئەو قەوارەیەی کە لە1991 ـەوە گەلی کوردستان تێیدا لە سایەی ئازادیدا و بە دوور لە کارەساتی جینۆساید، ئەنفال و کۆمەڵکوژی ژیان بەسەر دەبەن.
ئەم دژایەتیکردنە بە شێواز و کەرەستەی جیاواز و بە بەرنامەیەکی پلان بۆ داڕێژراو درێژەی پێدراوە. لە بڕینی بەشەبودجەی راستەقینەی هەرێمی کوردستان کە سەرەتا لە 17% دیاریکرابوو، پاشان کەمکرایەوە بۆ کەمتر لە 12% و دواتریش بەتەواوی بڕدراو لەئێستاشدا ئامادەی سەرژمێرییەكەی خۆشیان نین كە لەسەرووی لە 14% یە ، خۆ سەپاندنی گەمارۆی ناڕاستەوخۆی دارایی و ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت و بەکارهێنانی مووچە و قووتی خەڵک وەک کارتێکی سزادانی بەکۆمەڵ. هەموو ئەم فشارانە بۆ ئەوە بوون کە خەڵک بەتایبەت چین و توێژە مووچەخۆرەکان تووشی بێهیوایی بکەن و لەو رێگەیەوە هەرێم بەرەو داڕمان ببەن.
ئەوەی جێگای مەترسی و نیگەرانیی قووڵ بوو لەم هاوکێشەیەدا، لادانی هەندێک دەنگ و کەسایەتیی ناوخۆیی بوو لە هێڵە نیشتمانی و نەتەوەییەکان، کە بۆ دەستکەوتی کاتی بوونە بڵندگۆ و ئامرازی پروپاگەندەی نەیاران دژ بە مافەکانی خەڵکی کوردستان. پەیڕەوکردنی سیاسەتی جەنگی ئابووری، برسیکردن و خاپوورکردن بەرنامەیەکی نوێ نییە، بەڵکوو درێژکراوەی هەمان عەقڵییەتی شۆڤێنیی رژێمی بەعس و سەدام حوسێنە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا کە پەنایان بۆ زەوی سووتاو دەبردو گوندەكانیان وێران كرد.
ئەمڕۆش هەمان ستراتیژ بە بەرگێکی نوێوە لە بەغدا پیادە دەکرێت، کە تیایدا مافە دەستوورییەکان دەکرێنە قوربانیی عەقڵییەتی ئەوانەی هێشتا بڕوایان بە هاووڵاتیی پلە دوو هەیە .
جوانترین نموونەی ئەم جیاکارییەش لە پرسی بودجە، جیاوازیی مووچە، پلەبەندیی ئیداری و پشتگوێخستنی شایستە داراییەکانی کەسوکاری شەهیدان و کیمیاباران و زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا بە روونی دەبینرێت، کە پێچەوانەی سەرجەم بنەما دەستووری و مرۆییەکانە.
ئەم واقیعە سەختە ئەوە ناگەیەنێت کە لە ناوخۆی هەرێمدا کەموکوڕی و کێشەی ئیداری بوونی نییە؛ بەڵام حکوومەتی سەرکەوتوو و بەرپرسیار ئەو دەسەڵاتەیە کە لە پەنای دەستنیشانکردنی کێشە و قەیرانەکان، لە بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆی ڕاناکات و بە شێوازێکی زانستی و هاوچەرخ کار بۆ چارەسەری خێرا و ستراتیژی دەکات.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە کە نابێت خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و کەرتی ئابووری ببنە قوربانیی بیرکردنەوەی تەقلیدی، بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و ململانێی بەرتەسکی حزبی.
لە ناو هەموو ئاڵنگاری و قەیرانەکاندا، پرسی دابینکردنی بەردەوامی «ئاو و کارەبا» لە سەرووی هەموو پێداویستییەکانەوە دێتە کایەوە. ئەم دوو سێکتەرە دەماری سەرەکیی جووڵێنەری ئابووری و کۆڵەکەی ژیانی هاوچەرخن. ئاو و کارەبا تەنیا خزمەتگوزارییەکی سادە نین، بەڵکوو بنەمای گرێبەستی کۆمەڵایەتیی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتین.
هاووڵاتی ئەو کاتە هەست بە کەرامەت و بەهای هاووڵاتیبوونی خۆی دەکات کە لە گەرمای تاقەتپڕووکێنی هاوین و سەرمای تووندی زستاندا، ماڵەکەی بەردەوام رووناک بێت و ئاوی پێویست و پاکی بۆ دابین بکرێت.
ئەم پرسە بە وتاری سۆزداری و دروشمی کاتی چارەسەر ناکرێت، بەڵکوو پێویستی بە گواستنەوەی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو، چاکسازیی ڕیشەیی لە تۆڕەکانی دابەشکردن، بنبڕکردنی زیادەڕۆیی و ڕێگریکردن لە بەفیڕۆچوونی وزە هەیە.
هەنگاونان بەرەو بەرهەمهێنانی وزەی پاک لە ڕێگەی خۆر و باوە، شانبەشانی پرۆژە ستراتیژییەکانی وەک «پڕۆژەی رووناکی» رێگەچارەی ڕاستەقینەن بۆ رزگارکردنی شارەکان لە دووکەڵ و ژاوەژاوی مۆلیدە ئەهلییەکان. گەیاندنی بەردەوامی کارەبا، نەک تەنیا بازاڕ و کارگەکان دەخاتەوە گەڕ و تێچووی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی کەم دەکاتەوە، بەڵکوو متمانەی گشتی لە نێوان کۆمەڵگە و دەسەڵاتدا سەرلەنوێ پتەو دەکاتەوە. لە کەرتی ئاویشدا، هەنگاوەکانی حکوومەت لە دروستکردنی دەیان پۆند و بەنداوی ستراتیژی لە ناوچە جیاوازەکان، وەڵامێکی کردەیی بوون بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا.
سەرەڕای هەموو ئاستەنگە داراییەکان، داتاکان سەلمێنەری ئەوەن کە لەم دوو بوارەدا هەنگاوو كاری باش ئەنجام دراون، بەڵام سەرکەوتن و بەردەوامیی ئەم هەنگاوە ئاوەدانییانە، بەبێ سەقامگیریی سیاسیی ناوخۆیی و یەکڕیزیی نیشتمانی نایەنە دی. بۆشایی یاسایی و مانەوە لەبازنەی داخراوی ململانێ ناوخۆییەکاندا، گەورەترین هەڕەشەن ، چونکە ئەم بۆشاییانە لەم قۆناخە پڕ لە هەستیارەدا دەبنە دەروازەیەک بۆ نەیاران تاوەکوو لە پێگەی دەستووریی هەرێم بدەن.
کاراکردنەوەی خێرای پەرلەمانی کوردستان و پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت، ئەرک و ئەولەویەتێکی باڵای نیشتمانییە. پەرلەمان وەک چەتری نوێنەرایەتیکردنی گەل و دەزگای چاودێری و یاسادانان، و کابینەی نوێ وەک جێبەجێکاری بەرنامەی خزمەتگوزاری، نابێت بکرێنە قوربانیی پشکپشکێنەی حزبی و مەرامی تەسکی سیاسی؛ بەڵکوو دەبێت چارەنووسی قەوارەی هەرێم لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی کاتی دابنرێت.
لە کۆتاییدا لە غیابی ئاسایش و سەقامگیریدا، هیچ پرۆژەیەکی ئاو و کارەبا و هیچ دەستکەوتێکی ئابووری لە وێرانکاری پارێزراو نابێت، کەواتە چارەسەری راستەقینە لە هاوکێشەیەکی دوولایەنەدایە: پاراستنی سەنگەرەکانی پێشمەرگە و سەقامگیریی سیاسی لەلایەک، پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزارییەکانی ئاوو کارەبا، پەروەردە و تەندروستی بۆ هاووڵاتییان لەلایەکی تر. تەنیا لە ڕێگەی ئەم لێکتێگەیشتنە نیشتمانییە و کاراکردنی دامەزراوە شەرعییەکانەوە دەتوانین ئەم ئەزموونە لە گێژاوی قەیرانە ناوخۆیی و هەرێمییەکان بپەڕێنینەوە.