ئەپی پسوولەی خۆراک کارا کرایەوە
بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە، کە کارکردن بە بەرنامەی پسوولەی خۆراکی ئەلیکترۆنی دەستی پێکردووەتەوە و دەتوانن مامەڵەکانیانی پێ ڕاپەڕێنن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی رێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر لە ئاگادارییەکدا رایگەیاند "بەرنامەی پسوولەی خۆراکی ئەلیکترۆنی بۆ جێبەجێکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان کارا کرایەوە".
بەپێی راگەیەندراوەکە، هاووڵاتییان دەتوانن لەمەودوا بە شێوەیەکی ئاسایی و لە رێگەی بەرنامە ئەلیکترۆنییەکەوە، مامەڵەکانی پەیوەست بە پسوولەی خۆراک (فۆڕمی بەشەخۆراک) ئەنجام بدەن و رێکارە پێویستەکان تەواو بکەن.
هاوکات چوارشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزیری بازرگانی عێراق، ئەسیر داود غریری لە وتارێکدا لە میانی چالاکییەکانی "هەفتەی نیشتمانیی دەستپاکی" ئاماژەی بەوە دا، پرۆسەی پاکسازییەکە ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کردووە، بەجۆرێک کە چوار ملیۆن و 400 هەزار ناوی جیاواز دۆزراونەتەوە کە پێکهاتوون لە ناوی وەهمی، دووبارە و ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین، ڕوونیشیکردەوە، ئەم ناوانە ماوەی 25 ساڵە لەلایەن بریکارەکانی خۆراک، خێزانەکان، یان فەرمانبەرانەوە پەردەپۆش کراون و ئاگادارییان نەکردوونەتەوە.
وەزیری بازرگانی ئاماژەی بەوەش کردبوو "بەمزووانە گۆڕانکارییەکی ئەلیکترۆنی گەورە و خزمەتگوزاریی نوێ ڕادەگەیەنین کە پێشتر نەبوون، ئەمەش دەبێتە هۆی بنبڕکردنی گەندەڵی و نەهێشتنی رۆتین و دواخستنی مامەڵەکان."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، غریری دووپاتی کردەوە، وەزارەتی بازرگانی هەر بە تەنیا بەرپرسیار نییە لە دۆسیەی بەشەخۆراک، بەڵکو رۆڵی کارای هەبووە لە پاراستنی ئاسایشی خۆراک، کۆنترۆڵکردنی نرخ لە بازاڕەکان و ڕێگری لە دەستوەردانی قۆرخکاران.