سیپان شێروانی: راگرتنی پشکی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ هەرێمی کوردستان کاتی و نایاساییە

سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و لیژنەی نەوت و گاز بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو بڕیارەی لە لایەن کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراقەوە دەرچووە، بە گوتەی خۆیان راگرتنێکی کاتییە و هەمیشەیی نییە، جەختیشیکردەوە جارێکی دیکە دەست بە ناردنەوەی پشکەکان دەکرێتەوە.

دووشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2026، سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و لیژنەی نەوت و گاز بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم بڕیارە بەشێکە لەو رێکارانەی حکوومەتی فیدراڵی گرتوویەتییە بەر بۆ نەهێشتنی بەقاچاخبردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان، هاوکات رایگەیاند، بە قسە و زانیاریی خۆیان هیچ ناوچە و پارێزگایەکی دیکەی عێراق لە بەقاچاخبردن بێبەش نییە، بەڵام بڕیاری هاوشێوە بۆ هیچ ناوچەیەکی دیکە دەرنەچووە تەنیا هەرێمی کوردستان نەبێت. ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز گوتیشی: جیاکردنەوەی هەرێمی کوردستان و مامەڵەکردنی تایبەتی بەم شێوازە نایاساییە و رایگەیاند، نابێت ئەمە تێپەڕێنرێت و پێویستە بە زووترین کات دەست بە ناردنەوەی پشکەکان بۆ هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.

ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و گاز ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجی رێکارەکان دەستنیشانکردنی ئەو کۆمپانیا و کارگانەیە کە پابەندی یاسا نابن یان بەشێکن لە بەقاچاخبردن، بەڵام جەختی کردەوە بە سووتاندنی تەڕ و وشک بەیەکەوە رێگری لە بەقاچاخبردن ناکرێت. هاوکات سیپان شێروانی روونیکردەوە، بەردەوام لیژنەکانی بەدواداچوون و چاودێری لە بەغداوە - لەوانە لیژنەکانی وەزارەتی نەوت، وەزارەتی پیشەسازی و لیژنەی پەرلەمانی - بە شێوەی خولی، لە ناکاو و ماوە ماوە سەردانی ئەو کارگە و یەکانەیان کردووە کە پشکیان پێ دەدرێت و لە ژێر چاودێریی خۆیاندان، بۆیە لەو شوێنانەدا بەقاچاخبردن بوونی نییە.

سیپان شێروانی گوتیشی، بە هیچ شێوەیەک پشتیوانیی بەقاچاخبردن ناکەن لە لایەن هیچ کارگە و کۆمپانیایەکەوە و بە تەواوی پاڵپشتی لە رێکارەکانی نەهێشتنی بەقاچاخبردن دەکەن، هەروەها وەک حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پاڵپشتی لە هەنگاوەکانی نەهێشتنی بەقاچاخبردن دەکەن، بەڵام راگرتنی پشکی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ کۆمەڵێک کارگەی ئاسن، چیمەنتۆ و کارگەکانی دیکە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر جووڵەی بازرگانی و دابینکردنی ئەو ماددانە لە بازاڕدا دەبێت و زیان بە ئابووری دەگەیەنێت.

سەبارەت بە کاتی چارەسەرکردنی کێشەکە، سیپان شێروانی بە کوردستان24ی رایگەیاند، بڕیارە سبەی یان دووسبەی ناردنەوەی پشکی ئەو کۆمپانیایانە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هاوکات جەختی کردەوە پێویستە پەلە بکرێت و ئەوانیش وەک پەرلەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن و قبووڵیان نییە ئەو بڕیارە درێژە بکێشێت.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق دووپاتیکردەوە، پشتیوانی لە نەهێشتنی بەقاچاخبردن دەکەن لە هەر شوێنێکی عێراقدا بێت، گوتیشی دەبێت بە جدی رێگری لە بەقاچاخبردن بکرێت و هەموو کەسیش دەزانن بەقاچاخبردن لە کوێیە و کێن ئەوانەی گەورەترین بەقاچاخبردن لە عێراقدا دەکەن.