هەولێر.. شانۆگەریی "رێوی فێڵباز و مریشکی خۆشباوەڕ" نمایش دەکرێت
شانۆگەریی "رێوی فێڵباز و مریشکی خۆشباوەڕ"، بە نووسین و دەرهێنانی یوسف یوسفی، بە ئامانجی پێشکەشکردنی پەیامێکی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی بۆ منداڵان، لە هۆڵی چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر نمایش دەکرێت.
سێشەممە، 24ی تشرینی دووەمی 2026، یوسف یوسفی، نووسەر و دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "شانۆی منداڵان یەکێکە لە گرنگترین بوارەکانی هونەر، چونکە دەتوانێت لە رێگەی چیرۆک، جوڵە، گۆرانی و کۆمیدیاوە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر بیرکردنەوە و رەفتاری منداڵان دابنێت، بۆیە ئەم شانۆگەرییەم بەو دیدە نووسیوە و دەرهێنانم بۆ کردووە."
یوسفی سەبارەت بە پەیامی شانۆگەرییەکە گوتی، "ئەو شانۆگەرییەکە تەنیا کاتێکی خۆش بە منداڵان نابەخشێت، بەڵکو لە پشت چیرۆکە کۆمیدییەکەیدا پەیامێکی پەروەردەیی هەیە؛ ئەویش ئەوەیە نابێت مرۆڤ تەنیا بە قسەی جوان و بەڵێنی بێ بنەما متمانە بە کەسانی تر بکات، بەڵکو پێویستە کردار و راستگۆیییان بناسێت. هەروەها گرنگیی هاوکاری، ئاگاداری و فێربوون لە هەڵەکان لە پەیامە سەرەکییەکانی ئەم بەرهەمەن."
سەبارەت بە چیرۆکی نمایشەکە، یوسف یوسفی دەڵێت، "چیرۆکی شانۆگەرییەکە لە ناو کێڵگەیەکدا روودەدات، کە ژمارەیەک ئاژەڵی جیاواز تێیدا دەژین. رێوی، کارەکتەری سەرەکیی چیرۆکەکەیە، بە فێڵ و ساختەکاری هەوڵ دەدات متمانەی مریشک بەدەست بهێنێت و لە رێگەی ئەو متمانەیەوە بگاتە ئامانجە خراپەکەی. لە بەرامبەردا، مریشک بە دڵپاکی و خۆشباوەڕییەوە مامەڵە لەگەڵ رێوی دەکات، بەڵام ئەم خۆشباوەڕییە کێشە و مەترسی بۆ خۆی و خێزانەکەی دروست دەکات."
یوسف یوسفی ئەوەشی روونکردەوە، "لە پەرەسەندنی رووداوەکانی چیرۆکەکەدا، کەڵەشێر، سەگ و کەروێشکیش بەشداری دەکەن و هەر یەکەیان بە شێوەیەک کاریگەری لەسەر رەوتی رووداوەکان دادەنێت. لە کۆتاییدا، بەهۆی هاوکاری، وریایی و دڵسۆزییەوە، فێڵی رێوی ئاشکرا دەبێت و راستی سەرکەوتن بەسەر ساختەکارییەوە دەردەکەوێت."
ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بەوەش دا، "من هەوڵم داوە بە بەکارهێنانی دیالۆگی زیندوو، جوڵەی جەستەیی، کۆمیدیا و گۆرانی، ئەزموونێکی خۆش و سەرنجڕاکێش بۆ منداڵان دروست بکەم. هەروەها گرنگیم بە تایبەتمەندیی هەر کارەکتەرێک داوە، تاکو منداڵان لە رێگەی دەنگ، جوڵە، جلوبەرگ و رەفتارەوە جیاوازیی نێوان کەسایەتییەکان بناسن."
لە رووی بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی شانۆی منداڵانیشەوە، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە پێی وایە پێشکەشکردنی ئەم جۆرە بەرهەمانە لە چوارچێوەی وەرزە شانۆییەکان و چالاکییە هونەرییەکاندا، دەتوانێت هەلی زیاتر بۆ ئەکتەران و هونەرمەندان دروست بکات. هەروەها پێی وایە پشتیوانی و گرنگیدانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ لە بەردەوامی و پەرەپێدانی ئەم بوارەدا بگێڕێت.
شانۆگەریی "رێوی فێڵباز و مریشکی خۆشباوەڕ"، بەبەشداری هەر یەکە لە، یوسف یوسفی لە رۆڵی رێوی، سامڕاند دارا لە رۆڵی مریشک، ئاراس مەجید لە رۆڵی کەڵەشێر، رۆژگار قەهار لە رۆڵی سەگ و عەبدولباری عەوێز لە رۆڵی کەروێشک.
ئەو شانۆگەرییە، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 24ی تشرینی دووەمی 2026، لە هۆڵی چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر بەڕێوەبچێت و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.