خوێندنەوەیەکی تیۆریی و پۆستکۆلۆنیالانە بۆ پەکەکە و باڵەکانی

خوێندنەوەیەکی تیۆریی و پۆستکۆلۆنیالانە بۆ پەکەکە و باڵەکانی
خوێندنەوەیەکی تیۆریی و پۆستکۆلۆنیالانە بۆ پەکەکە و باڵەکانی

ئەم دەقە لەسەر بنەمایەکی ئەکادیمی و زانستییە. چوارچێوەی دەقەکە رەخنەیە لەژێر رۆشنایی تیۆرەکانی پۆستکۆلۆنیالیزم (Postcolonialism) و بە تایبەت ململانێی ناوەند-پەراوێز (Center-Periphery Theory). ئەمە وێڕای رەخنەی رۆژهەڵاتناسی و فۆکۆیی (Foucauldian Power-Knowledge) و رەخنەگرتنە لە چەپی ناوەخۆ و دووبارە داگیرکردنەوەش بە هۆی ئەو رێکخراوە چەپە لەبەرچاو دەگرێت. لە هەمان کات دەتوانم بڵێم هەم ئامانج و هەمیش میتۆدۆلۆژیای بەکارهاتوو ئەم دەقە بریتییە لە شیکاریی گوتار و کرداری پەکەکە لە بەراوردکردنی دروشمەکان لەگەڵ کرداری راستەقینە و بینراو و بەرجەستە، وێڕای شیکاریی پەیڕەو و سیستەمی ئەوان و هەڵسەنگاندنی لێکەوتە جیۆپۆلۆتیکییەکانی بزووتنەوە چەکدارییەکەیان لەسەر خاکی کوردستان.


دژیەکیی و پارادۆکسی گەورەی شۆڕش

لە دیدگای پۆستکۆلۆنیالیزمەوە، زوڵاڵە کە ئامانجی بنەڕەتیی گەلانی ژێردەست رزگاربوونە لە هەژموونی کۆلۆنیالی و کاریگەریی و سنوورە داتاشراوەکان و گەڕاندنەوەی سەروەری بۆ خەڵکی خۆجێیی و رەسەن. بەڵام کاتێک بزووتنەوەیەکی چەپی وەک پەکەکە و باڵە خۆجێییەکانی (وەک سیستەمی KCK و ئیدارە خۆسەرەکان) دەبنە فاکتەری سەرەکی بۆ چڕبوونەوەی هێرشی دەوڵەتە داگیرکەرەکان، دژیەکیی و پارادۆکسێکی مێژوویی سەرهەڵدەدات و تێبینی دەکرێت: بزووتنەوەیەک کە بانگەشەی دژایەتیکردنی کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم دەکات، لە رێگەی ستراتیژیی سەربازیی هەڵەوە، خاکی نیشتمان وەک قوربانییەکی ستراتیژی پێشکەش بە دەوڵەت-نەتەوە ناوەندییە داگیرکەرەکان دەکات. ئەوەش لە هەر چوار پارچە و زەقتریش لە باکوور، باشوور و رۆژئاوا دەبیندرێت، بە تایبەت لەم سەردەمە کە وتاری تورکیای بێ تیرۆر هاتووەتە کایەوە و سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکەش کە رێکخراوەکەشی هەڵوەشاندۆتەوە، داوای چەک دانان و ئاوێتەبوون لەگەڵ سوپا و رژێمە سەربازییەکانی تورکیا، سووریا و عێراق دەکات و ئەوەشیان جێبەجێ کردووە. لە کاتێکدا بزاوتێلی وەها ئەرێنی و بە دەستکەوت لەو ناوەندانەوە بەدی ناکرێت.

دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەژموون و مۆدێلی دەسەڵاتی کۆلۆنیالی

لە زانستی پۆستکۆلۆنیالیزمدا، یەکێک لە مەترسیدارترین دیاردەکانی دوای کۆلۆنیالیزم و داگیرکاریی ئەوەیە، کە هێزە شۆڕشگێڕەکان لە دوای تێوەگلانیان لە ململانێی درێژخایەن، خۆیان ببنە بەشێک لەو لۆژیکە ستەمکارەی کە دژی دەوەستانەوە. پەکەکە بە هێنانی شەڕ بۆ ناو قووڵایی خاکی کوردستان (چ لە شاخەکانی باکوور، قووڵایی باشوور و چ لە سەرتاپای رۆژئاوا)، بۆشاییەکی ئەمنی و سەربازی دروست کرد، کە دەوڵەتانی ناوەندی (تورکیا، عێراق و سووریا) بەدوایدا هاتن و سەرئەنجام جڵەوی خۆیان بەسەر ناوچەکاندا بەرفراوانتر کرد. واتا بەر لە پەکەکە هیچ نەبوبێت، ترسێکی تۆقێنەر لە دەوڵەت-نەتەوە ناوەندییەکان بەرامبەر بە شۆڕش و بزاوتی چەکداری کورد هەبوو، لە هەر سووچێکی کوردستان بێت، پەکەکە ئەوەی نەهێشت و چووە سەنگەری دوژمن، واتا هەم دوژمنی بزاوتی سەربەخۆییخوازی کورد و رزگاری، هەمیش دوژمنی خۆی، ئەوەش تەنیا بەهۆی جیاوازی بیرکردنەوەی سیاسیی و دەستەمۆبوونیان بە ئایدۆلۆجیای چەپی نەریتی بەسەرچوو و ئاوێتەبوون لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە کوردیان بەسەردا دابەش کراوە.

بیانوودانی پەکەکە بە داگیرکەر بۆ فراوانخوازیی زیاتر

فەراهەمکردنی بیانوو بۆ داگیرکەران، ئەم ستراتیژییە هەڵەیەی بزووتنەوەکە نەک هەر خاکی نیشتمان ناپارێزێت و نەیتوانی بپارێزێت، بەڵکو بێباکانە دەرگاکە بەڕووی داگیرکاریی هەمیشەیی، بنکەی سەربازیی بێگانە، و داگیرکاریی زەمینیدا کردەوە و واڵا کرد. ئەمە بە جۆرێک، خاک و جوگرافیای کوردستان دەبێتە دیارییەک بۆ بەهێزکردنی سەروەری و پێگەی جیۆپۆلۆتیکیی دەوڵەتە داگیرکەرە پۆستکۆلۆناڵییەکان (تورکیا، عێراق و سووریا) لەسەر حیسابی جەستە و خوێنی نەتەوەی کورد و قوربانیەکانی خۆشیان. کەواتا پەکەکە کە تۆ شۆڕشی برایەتی گەلانت پێ نەهاتە دی لەگەڵ نەتەوە براکانت، شۆڕش بۆ دەوەستێت؟ ئایا دەستکەوتی ئەو چەکدانان چین؟ هیچ دڵنیاییەک هەیە بە بێ هەموواری دەستوور و یاساکان پشت بە سەرکردایەتی یان بەڵێنی سەرۆکێک ببەسترێت، کە دەکرێت سبەینێ بگۆڕدرێت یان گیان لەدەست بدات.

سیاسەتی زەوی سووتاو و بە ناوەند کردنی خاکی کوردستان وەک گۆڕەپانی شەڕی بریکاریی

تیۆرییەکانی کۆلۆنیالیزمی نوێ (Neo-colonialism) جەخت لەوە دەکەنەوە کە ناوچە پەراوێزخراوەکان هەمیشە وەک "گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی زلهێزەکان و دەوڵەتە ناوەندییەکان" بەکاردەهێندرێن. لەم سۆنگەیەوە، رادەستکردنی جوگرافیای کوردستان بە تورکیا و عێراق و سووریا لە رێگەی ئاراستەکردنی هێرشەکانەوە، نیشانەی شکستە لە پاراستنی دیمۆگرافیا و ژینگەی ناوچەکە. بە دیوێکی دیکە، شکستی ئامانجی شۆڕشە مارکسیە لینینیە ئاپۆچیەکەیە، کە وەکو نووسەری بەناوبانگی ئەمریکی مایکل گەنتەر پێی وایە پەکەکە لە هەشتاکانی سەدەی بیستەمەوە 85% و بەسەرەوە کۆمەنیست و شوعی بوون. لەو کاتە نە رووسیا هاوکاریی دەکردن، نە ئەمریکا و کێشەشیان لەگەڵ تورکیا هەبوو. لەسەر قسەی مایکل گەنتەر، ئەمریکا لەو کات دەیویست هاوکاریان بکات، بەڵام کاتێک زانی ئەوانە هێزی لیبرال و پارێزگار و نەتەوەیی نین و مارکسی و لینینی و چەپی کۆمۆنیستی و سۆشیالیستی نەریتیین، هیچ هاوکاریی نەکردن. ئەو کات بەهۆی زاڵبوونی شوعیەتی باو و رۆڵی عەلەوییەکانیش، پەکەکە لە سووریا دوورگەکانی بەسەردا دانەدەخرا.

قوربانیدان بە جۆگرافیا لە پێناو بەرژەوەندیی پەکەکە خۆی

کاتێک شاخ، دۆڵ و گوندەکانی کوردستان دەبنە قوربانیی پێکدادانی بەردەوام لە نێوان پەکەکە و سوپای داگیرکەردا، چەکدار خاکی خۆی وەک "کارتێکی سووتاو" لە پێناو بەرژەوەندییە حیزبییەکان و سازشە ئیقلیمییەکاندا بەکاردەهێنێت. ئەمە تەواو پێچەوانەی ئامانجە پۆستکۆلۆنیالەکانە، زێدەتر هی چەپەکانە، کە دەبێت خاک و مرۆڤی خۆجێیی تێیدا سەروەر و پارێزراو بن و لە خەباتی دژی ناوەند و دەوڵەت-نەتەوە نەوەستن. هاوکات، پەکەکە لە باشووریش هەرێمی مەدیای دروستکردووە و پارتێکیشی، یان لقێکیشی وەکو براندە جیهانگەراکانی کەی ئێف سی و ماکدۆنالد بەناوی پارتی چارەسەر کردەوە؛ ئێستاش بەڕێز ئاپۆ لە زیندانەوە دەیەوێت چارەی باشووریش بکات و وەکو رۆژئاوا تەڤلی بەغدا ببین؛ ئەسیمیلە و هاوتەڤگەڕ و لێڤەگەڕ ببین. لەوەش سەیرتر، بۆ نموونە لە رۆژئاوا دژی هێزی رۆژ و لە باشووریش دان بە سەروەری هەرێم بەسەر خاکەکە نانێن و ئامادەنین ئەو هەرێمە مەدیایە یان شنگال رادەستی پێشمەرگە بکەنەوە، بەڵکو شنگالیان بە بەغدا بەخشی و بۆ قەندیلیش بازاڕەکە گەرمە، دیار نییە بە کێی دەبەخشن.

دژیەکیی وپارادۆکسی چەپگەرای پەکەکە؛ لە نیوان خەبات دژی کۆلۆنیالیزم و داگیرکاری دەوڵەت-نەتەوە یان دەسەڵاتی ناوەندی و ئاوئتە و تەڤلی بوونیان

یەکێک لە قووڵترین رەخنە پۆستکۆلۆنیالەکان لە بزووتنەوە چەپەکان ئەوەیە کە کاتێک هێزەکان دروشمی رزگاریی دژە-کۆلۆنیالیزم و داگیرکاریی بەکاردەهێنن بۆ تێکشکاندنی پێکهاتە کۆنەکان، لە هەمان کاتدا خۆیان سیستەمێکی کۆلۆنیالیی ناوەندیی نوێ (New Centralized Center) دروست دەکەن، کە پەراوێزەکان لە رووی سیاسییەوە کۆنتڕۆڵ دەکاتەوە و ئیرادەیان پووچەڵ دەکاتەوە. واتا پەکەکە خۆی وەکو رژێمێکی تاکگەرا و نالێبوردەی سیاسی لەسەر حیسابی پارت و لایەنی دیکە دەست بە سەر خاکی ئەوانی دیکەدا دەگرێت. وێڕای ئەوەشی باوەڕی بە دەوڵەت-نەتەوە نییە، لافی کوردایەتی لێدەدات.

دژایەتیکردنی قەوارەی کوردیی و کاراکردنی دروشمی "برایەتیی گەلان" بۆ بەتاڵکردنەوەی هەستی نەتەوایەتی

لەژێر پەردەی دروشمی رووپۆشکراوی "برایەتیی گەلان" و ئەنتگراسیۆن (چوونەپاڵ) و ئەسیمیلاسیۆن (ئاوێتەبوون)-ی نائاگایانەدا، پەکەکە و باڵەکانی هەمیشە لەمپەر بوون لەبەردەم هەر هێز و ستاتۆیەکی سەربەخۆی نەتەوەیی کورددا. نموونەی مێژوویی و هەڵوێستیان دژی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی رۆژ بۆ ناو کەسوکاریان و دواتریش رادەستکردنی رۆژئاوا بە ئاراستە عەرەبی و تەکفیرییەکان، لەکاتێکدا هەموو هەوڵێکیان بۆ لێدان و ناشرینکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی بەکارهێنا. ئەوان لەڕێگەی دروستکردنی کانتۆن لەسەر بنەمای لۆژیکی نا-نەتەوەیی، دژایەتیی ئاڵای کوردستان و قەوارەی سیاسیی هەرێم دەکەن؛ بە شێوازێکی مەترسیدار شنگال و ناوچەکانی دیکەیان لە جەستەی نەتەوەی کورد دابڕی و ناسنامەیان گۆڕین، تا لە کۆتاییدا لە کولتوور و زمانی زۆرینەی نەتەوە ژمارە زۆرترەکان، یان سەردەست، بتوێنەوە و ئەنتگراسیۆن بکەن.

وتاری پارچەپارچەکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و بەنەتەوەکردنی دەستکرد بۆ پێکهاتە کوردیی و کوردستانییەکان

یەکێک لە مەترسیدارترین و دژە-نەتەوەییترین سیاسەتەکانی پەکەکە و باڵەکانی، هەوڵدانە بۆ دابڕان و جیاکردنەوەی پێکهاتە رەسەنەکانی ناو جەستەی نەتەوەی کورد؛ وەک کوردی ئێزیدی، زازا، هەورامی و لوڕ، کە لەژێر ناوی فێڵبازانەی "گەلی جیاواز" و بە بیانووی فرەڕەنگی، دەیانخەنە دەرەوەی چوارچێوەی بایۆلۆجی، جوگرافیایی، مێژوویی، کەلەپووری و نەتەوەییی گەلی کورد. ئەم ستراتیژە هاوتا و هاوشێوەی سیاسەتی داگیرکەرانە بۆ شێواندن و پارچەپارچەکردنی دیمۆگرافیا و ناسنامەی رەسەنی کوردی، کە ئامانج لێی کاڵکردنەوەی هەستی نەتەوەیی و دروستکردنی کانتۆنی نامۆیە لەسەر حیسابی قووڵایی مێژوویی نەتەوەی کورد. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە لوڕستان تا مازەندەران و ئەزەربەیجان و ئەنادۆل و شام و زۆرینەی عێراق بە ترشەڵۆکی ناووکیی کوردن و زۆرینەشیان بە فەرهەنگ و شێوە و جەستە زاگرۆسی رەسەنن و نەورۆز کۆیان دەکاتەوە.

رەتکردنەوەی دەوڵەت-نەتەوە و پووچەڵکردنەوەی سەروەریی و ناسنامەی خەڵکی خۆجێیی

لایەنی چەپ بەگشتی و چەپی کوردی و پەکەکە بەتایبەتی، لەسەر بنەمای تێڕوانینی مارکسیستی و تێکشکاندنی چەمکی دەوڵەت-نەتەوە، چەندین گرێ و ناونیشانی سیاسیی سەیریان داتاشیووە کە لەگەڵ واقع ناگونجێن و دژی دۆخی کورد و مێژووی کوردستانن. ئەوان ئامانجی سەرەکییان بچووککردنەوەی خەباتی نەتەوەیی و بەجێهێشتنی مافی بڕیاردانە لە چارەنووسی سیاسی. ئەوان هەموو ڕەوتێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بە "جاش" ناودەبەن، لەکاتێکدا خۆیان لە رێگەی فەرماندەیی ناوەندگەرای ئایدۆلۆژییەوە ئیرادەی خەڵک سەرکوت دەکەن و خاک پێشکەش بە دەوڵەتە داگیرکەرەکان دەکەن؛ بە جۆرێک کە چەپ تەنانەت لە مێژووشدا سەلماندوویەتی کە دەوڵەتیان ناوێت و دژی دەوڵەت-نەتەوەی خۆجێیین، دەشبینین لە ساڵی 1991 ەوە تا ئێستا دژایەتیی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن.

بە کورتی، مانەوەی کورد بەهۆی سیاسەتە هەواڵگر-ئاساکانی پەکەکە لە بەردەم مەترسییەکی رژد دایە. بێگومان ئەمە لە روانگەی کەسانی دژە نەتەوە و تا ڕادەیەک زۆرینەی رەهای چەپەکان و تایبەتتر چەپە نۆستالژیکە نەریتیەکان، ئامانجێک بۆ خزمەتی برایەتی گەلان، کە وەکو لەسەروە باسم کردوو، دژی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانن، لە کاتێکدا دەگوترێت پێشوو پەکەکە باسی لە کوردستانی مەزن دەکرد، کەچی پارچەکانیشی کردنە پارچەی زیاتر.

ئەم شێوازە لە خەبات کە تێیدا دروشمی بەرز بۆ ئازادی بەرز دەکرێتەوە بەڵام لە پراکتیزەدا خاک دەدۆڕێنرێت و دەدرێتە دەست داگیرکەران، بۆشاییەکی گەورەی متمانەی لە ناو کۆمەڵگەی کورددا دروست کردووە، لە کاتێکدا بۆ زۆرێک لەوانەی لە پرسی نەتەوەیی پەکەکەیان بە فریادڕەس دەزانی، ئێستا دەبێت پاساو بۆ خزانە نێو سوپا و میلیشیاکانی ئەم و ئەو وڵاتدا بهێننەوە. لەم بارودۆخە شلۆقەدا، تاکە پردی پەڕینەوە لە گەورەترین تەنگەژەکان، پاراستنی ستاتۆ و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و تایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان و رۆڵەکەیەتی لە هەرێم، بە هەموو سەرنج و تێبینییەکەوە، چونکە رەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان تاکە زامنی راستەقینەن بۆ مانەوەی نەتەوەی کورد لەم ناوچە پڕ لە پیلانگێڕییەدا. هاوکات، دەبێت بزووتنەوە نادروستەکان و پەکەکە و لقەکانی سنووردار ببن تا نیشتمان زیاتر لەدەست نەچێت. هاوکات لەو کاتەی جەنگی ئێران و ئەمریکا بەکۆتا نەهاتووە، دەبێت کورد ئاگاداری دەستوەردان و رۆڵی پەکەکەش بن لە رۆژهەڵات لە رێگەی پەژاک، کە هەر لە ئێستاوە باس لە. چارەسەری دیموکراتیک و هاوتای رۆژئاوا و شنگال و باکوور دەکەن.

بە پشتبەستن بە شیکردنەوەی پۆستکۆلۆنیال و تێۆرییەکانی ناوەند -پەراوێز، روون دەبێتەوە کە پەکەکە و باڵەکانی، لەژێر پەردەی خەباتی چەپ و دژە-کۆلۆنیالدا، کەوتوونەتە ناو داوی دووبارە کۆلۆنیالیکردنەوە و داگیرکردنەوەی کوردستان و لاوازکردنی سەروەریی گەل. سیاسەتەکانیان نەک هەر خاکی کوردستانی لە بەردەم هەڕەشەی داگیرکاریی راستەوخۆدا بێپەنا هێشتووەتەوە، بەڵکو خاک و ناسنامەی نەتەوەییان کردووەتە قوربانیی ململانێی ناوەندە حیزبییەکان و دژایەتیکردنی قەوارەی کوردی؛ کە ئەمەش پێشێلکردنێکی ریشەییە بۆ بنەماکانی رزگاریی پۆستکۆلۆنیال و ئازادیی نیشتمانی نەتەوە داگیرکراوەو رەسەنە خۆجێیەکان.