کاتێک دەنگی خەڵک بەسەر خۆسەپانێكی كەمینەدا سەردەکەوێت

کاتێک دەنگی خەڵک بەسەر خۆسەپانێكی كەمینەدا سەردەکەوێت
کاتێک دەنگی خەڵک بەسەر خۆسەپانێكی كەمینەدا سەردەکەوێت

لە دوای راپەرین و لە مێژووی هاوچەرخی نەتەوەکەماندا، بەرزترین و پیرۆزترین سەنگەری پاراستنی مافی هاووڵاتیبوون، دەرکردنی یاساکان و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، دەزگا تەشریعییەکەی پەرلەمانی کوردستانە؛ ئەو قەوارەیەی کە بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهیدە و گەرەنتیی ئەوەیە جارێکی دیکە گەلی کورد تووشی جینۆساید و ئەنفال و کۆمەڵکوژی نەبێتەوە. 

لە ساڵی 1992دا کاتێک لەسەر دەستپێشخەریی سەرۆک مەسعود بارزانی یەکەمین ئەزموونی پەرلەمانی لەدایکبوو، وەرچەرخانێکی گەورەی مێژوویی بوو؛ قۆناخێکی نوێی مەدەنی و دیموکراسی دەستیپێکرد، کە تیایدا خەباتی رزگاریخوازیی لە شاخ و بەکارهێنانی چەکەوە گوازرایەوە بۆ دنیای پێشکەوتووی دامەزراوەیی و دیپلۆماسی. لە بنەمادا هۆڵی پەرلەمان شوێنی خستنەڕووی رەخنە و گلەیی و پێشنیاز و بۆچوونی جیاوازە بە شێوازێکی مەدەنی، دیالۆگی بەرپرسانە و عەقڵانی. بەڵام مەخابن زۆر کەس بە ناوی سیاسەتەوە و بە پاڵپشتیی دەستی دەرەکی، هەوڵیان دا ئەم پیرۆزییە بکەنە گۆڕەپانی ململانێی تەسکی حزبایەتی و  فیكەلێدان و  هاویشتنی دەبە و دروستکردنی شەڕە دەنووک، تا لەو رێگەیەوە پیلانی نەیارانی کوردستان بۆ لاوازکردنی ئەم قەوارەیە جێبەجێ بکەن. ئەوان لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەدا نەبوون کە نەتەوەکەمان لەم قۆناخە پڕ تەنگژەیەدا پێویستی پێیەتی. 

دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو؛ هەڵبژاردنێک کە هەموو پاساو و بیانووەکانی پێشووی تێدا هەڵوەشێنرایەوە، چونکە لەژێر چاودێریی راستەوخۆی کۆمیسیۆنی عێراق و چاودێرانی نێودەوڵەتیدا ئەنجامدرا. لەو وێستگەیەدا خەڵک بە دەنگەکانیان قەبارەی راستەقینەی هەموولایەکیان دیاریکرد و پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزی یەکەم شەرعییەتی گەورەی جەماوەری بەدەستهێنا. بەڵام وەک نەریتی هەمیشەیی ئەم ئەنجامە بە دڵی ناحەزانی ناوخۆ و دەرەوە نەبوو؛ بۆیە سیناریۆی نوێ دەستیپێکرد بۆ ئیفلیجکردنی پەرلەمان و رێگری لە پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ و کارا و خزمەتگوزار.

ئەم رەفتارەی لایەنە خۆسەپێنەکان پێچەوانەی سەرجەم تیۆری و فەلسەفە سیاسییەکانی دنیایە؛ چونکە لە دیموکراسیدا، دەنگی خەڵک دەبێتە بنەمای شەرعییەتی دەسەڵات، نەک ئامرازێک بۆ قوفڵکردنی دامەزراوەکان. ئەوان هەموو سنوورێکی ویژدانی و یاساییان بەزاند کاتێک نوێنەرەکانیان نەناردە ناو پەرلەمان؛ هاووڵاتی دەنگی بەوان نەدابوو تا زیاتر لە دوو ساڵ لە ماڵەوە دابنیشن و مووچەی پەرلەمانتاری وەربگرن و دەزگا نیشتمانییەکان پەکبخەن! هاووڵاتی ژیان و گوزەران و  ئارامی و پێشکەوتنی دەوێت، نەک شەڕەحیزبایەتی و تۆڵەسەندنەوە. 

پەکخستنی پەرلەمان لە راستیدا هەوڵێک بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم و بێڕێزیکردن بە خوێنی شەهیدانی كوردستان. لەبەرامبەر ئەم فکری خۆسەپاندن و پەنابردنە بەر تۆقاندن و گوشارەدا ، ئەوەی جێگەی شانازی بوو هەڵوێستی ئازایانەی ئەو پەرلەمانتارانە بوو کە سەرەڕای جیاوازیی حیزبی و فشاری قورسی سەرکردەکانیان، ویژدانی نەتەوەییان جووڵا و روویان لە هۆڵی پەرلەمان کرد. ئەوان بەرژەوەندیی باڵای خەڵکیان خستە پێش بڕیارە دیکتاتۆری و قۆرخکارییەکانی حیزبەکانیان. ئەم هەڵوێستە مێژووییە سەلماندی کە گیانی کوردایەتی و بەرپرسیارێتی لە سەرووی مەرامی حیزبەکانەوەیە، و ویژدانی زیندوو هەمیشە بەسەر سیاسەتی چەوتدا سەردەکەوێت.

کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان تەنیا بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان  گرنگ نییە، بەڵکو گرەنتییە بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێم لە بەغدا. لە غیابی پەرلەمانێکی کارادا، ناحەزان لە بەغدا بە ئاسانی یاسا و بودجەیان دژی هەرێم دەستکاری دەکرد و مافەکانیان پێشێل دەکرد. پیلانی ئەوانەی پەرلەمانیان پەکدەخست ئەوە بوو کە خەڵک بخەنە تەنگژەوە، تا دواتر لە ڕێگەی ماکینە ئیعلامییە ژەهراوییەکانیانەوە هێرش بکەنە سەر کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خۆیان لە بەرپرسیارێتی بدزنەوە. لە کاتێکدا هەمووان دەزانن هەر لاوازییەک لە دامەزراوە تەشریعی و یاساییەکانی هەرێمدا، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی دابەزینی کێشی دیپلۆماسی و دەستووریی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

ئەمڕۆ پەرلەمانتارانی کوردستان بە ئامادەبوونیان لە پەرلەمان، ئەو پەیامەیان گەیاند کە ڕێگە نادەن بۆشایی یاسایی بمێنێتەوە و ململانێی نەزۆک قەوارەی هەرێم لەناو ببات. سەلمێنرا کە پەرلەمان موڵکی هیچ تاقم و دەستەگەرییەکی دیاریکراو نییە، بەڵکو ماڵی گەورەی تەواوی گەلی کوردستانە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە. دیموکراسیەت لە فەلسەفەی حوکمڕانیدا تەنیا چوونە سەر سندووقی دەنگدان نییە، بەڵکو ڕێزگرتنە لە ئەنجامەکان و گۆڕینی ئەو دەنگانەیە بۆ حوکمڕانییەکی شەفاف، ئاوەدانی و خزمەتگوزاری بۆ ژیانی هاووڵاتییان.

لەم سۆنگەیەوە، هەوڵ و نەفەسی درێژی سەرۆک بارزانی جارێکی دیکە توانی قوفڵی چەقبەستوویی سیاسی بشکێنێت و دامەزراوە شەرعییەکەی خەڵک لە پیلانی ناحەزان و مەرامی کاتیی نەیاران دەربهێنێت. ئەم هەنگاوە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بوو بۆ هەموو ئەوانەی گرەویان لەسەر شکستی هەرێمی کوردستان دەکرد. پاراستنی پەرلەمان و  پاراستنی شکۆی ئازادی و ئەو شەرعییەتە باڵایەیە کە میللەتێک بە ڕەنج و قوربانیدان بەدەستیهێناوە، بۆیە پاراستن و بەهێزکردنی پەرلەمان و دامەزرانی حكومەتی خزمەتگوزاریی و پارێزەری خەڵكی ئەرکێکی باڵای نیشتمانییە و کەمتەرخەمی تێدا ناکرێت.