مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی دەکەونەوە کار و کاتی کارکردنیان دیاری کرا

قایمقامی سلێمانی بە وەکالەت رایدەگەیەنێت، لە کاتژمێر 4ـی ئێوارەی ئەمڕۆوە مۆلیدە ئەهلییەکانی شارەکە دەکەونەوە کار تا ئەو کاتەی دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە، هاوکات دڵنیایی دەدات کە هیچ کێشەیەکی کەمیی غازی ماڵان لە ئارادا نییە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 10ی تشرینی دووەمی 2026،  فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی بە وەکالەت، بە کوردستان24ـی راگەیاند: لەگەڵ جێگری پارێزگار و نوێنەری مۆلیدە ئەهلییەکان کۆبوونەتەوە و بڕیاریان داوە مۆلیدە ئەهلییەکان دەست بە کارکردن بکەنەوە تا ئەو کاتەی دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە.

قایمقامی سلێمانی راشیگەیاند، خشتەی کارکردنی مۆلیدەکان بەم شێوەیە دەبێت:

- لە کاتژمێر 4ـی ئێوارە بۆ 1ـی شەو.
- بەیانیان لە کاتژمێر 6 بۆ 8ـی بەیانی.
- رۆژانی هەینی لە کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ بۆ 1ـی پاشنیوەڕۆ.

ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی شەممە لەسەر بنەمای نرخی گاز و کاتژمێری کارکردنی مۆلیدە ئەهلییەکان، نرخی ئەمپێری مۆلیدە دیاری دەکرێت و پارە کۆدەکرێتەوە.

لەبارەی کێشەی غازی ماڵانیشەوە، فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی بە وەکالەت، بە کوردستان24ـی راگەیاند: هیچ کێشەیەکی کەمیی غاز نییە و هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی بریکارەکانی دابەشکردنی غازەوە بەبێ فۆرمی خۆراک غاز وەربگرن.