مێتا تەکنەلۆژیای ناسینەوەی تەمەنی هەرزەکاران لە ئینستاگرام فراوانتر دەکات

کۆمپانیای مێتا تەکنەلۆژیای خەمڵاندنی تەمەن لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە لە سەرانسەری جیهاندا لەسەر ئینستاگرام کارا دەکات، بۆ ئەوەی هەرزەکاران بناسێتەوە و بیانخاتە ژێر پاراستنی تایبەتەوە، ئەمەش دوای رێککەوتنێکی 18 ملیار دۆلاری دێت بۆ یەکلاکردنەوەی سکاڵا یاساییەکان لە ئەمریکا.

کۆمپانیای مێتا رایگەیاند، تەکنەلۆژیای خەمڵاندنی تەمەن لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە لە ئینستاگرام لە سەرانسەری جیهاندا فراوانتر دەکات، بە مەبەستی ناسینەوەی هەرزەکارانی زیاتر و خستنەژێر پاراستنی «هەژماری هەرزەکاران» (Teen Accounts)، ئەمەش لە کاتێکدایە رووبەڕووی چەندین سکاڵای یاسایی بووەتەوە کە تۆمەتباری دەکەن بە زیانگەیاندن بە هەرزەکاران.

کۆمپانیا زەبەلاحەکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێت، تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنێت بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی گومانیان لێدەکرێت هەرزەکار بن، تەنانەت ئەگەر رێکەوتی لەدایکبوونی کەسێکی پێگەیشتووشیان بەکارهێنابێت.

هەژماری هەرزەکاران بەکارهێنەران دەخاتە ناو ئەزموونێکی توندترەوە کە رێوشوێنی پاراستنی زیاتری تێدایە، وەک وەرگرتنی نامەی راستەوخۆ تەنیا لەو کەسانەی فۆڵۆیان کردوون یان پێشتر پەیوەندییان پێیانەوە هەبووە، شاردنەوەی کۆمێنتە زیانبەخشەکان، و دانانی هەژمارەکان بە شێوەی تایبەت (Private) بە شێوەیەکی بنەڕەتی.

ئامرازەکانی مێتا بۆ خەمڵاندنی تەمەن، ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنن بۆ شیکردنەوەی تەواوی پرۆفایلەکان و گەڕان بەدوای ئاماژەکاندا، وەک ئاهەنگەکانی لەدایکبوون یان باسکردنی قۆناخەکانی خوێندن. هەروەها مێتا بەدوای ئەم ئاماژانەدا دەگەڕێت لە پۆست، کۆمێنت، بایۆ، نووسینی سەر وێنەکان و بەشەکانی دیکەدا. کۆمپانیاکە سەرنج دەخاتە سەر ئاماژە بینراوەکانی ناو وێنە و ڤیدیۆکانیش، لەوانە باڵا یان پێکهاتەی ئێسکی کەسەکە.

مێتا ئاماژەی بەوەش کردووە، بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی ئەم تەکنەلۆژیایە لەسەر فەیسبووک، و پلانی هەیە لە کۆتایی ئەمساڵدا بە هەمان شێوە لەسەر ئاستی جیهان بۆ ئەپی سرێدز (Threads) بڵاوی بکاتەوە.

ئەم فراوانکردنە جیهانییە لە کاتێکدایە کە مێتا لە مانگی ئابدا گەیشتە رێککەوتنێک بە بەهای 18 ملیار دۆلار لەگەڵ نزیکەی هەموو ویلایەت و ناوچەکانی ئەمریکا، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی تۆمەتباری دەکەن بە زیانگەیاندن بە هەرزەکاران. وەک بەشێک لە رێککەوتنەکە، مێتا رەزامەندی نیشان داوە لەسەر باشترکردنی شێوازی ناسینەوەی هەرزەکاران و منداڵانی خوار تەمەن 13 ساڵ.

مێتا لە راگەیەندراوێکدا نووسیویەتی: «ئێمە بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆمان بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هەرزەکاران لە ئەزموونێکی گونجاودان لەگەڵ تەمەنیان لەسەر ئەپەکانمان. هەر بۆیە وەک بەشێک لە رێککەوتنمان لەگەڵ 52 داواکاری گشتی لە هەردوو پارتی ئەمریکا لە سەرانسەری ویلایەتەکان، ناوچەکان و واشنتن دی سی، وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیایەکی بەهێزتردا دەکەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پێشوەختە ئەو هەژمارانە بدۆزینەوە کە رەنگە هی منداڵانی خوار تەمەن 13 ساڵ بن. هەروەها ئەو تەکنەلۆژیایە بەهێزتر دەکەین کە بۆ ناسینەوەی هەژماری هەرزەکارانی نێوان 13 بۆ 17 ساڵ بەکاری دەهێنین، تا دڵنیا بینەوە لەوەی دەخرێنە ناو ئەزموونێکی تایبەت بە هەرزەکاران، تەنانەت ئەگەر رێکەوتی لەدایکبوونی کەسێکی پێگەیشتووشیان دابێت.»

مێتا راشیگەیاند، دایک و باوکان لە ئەمریکا لەمەودوا ڤیدیۆیەکی فێرکاری لەناو ئینستاگرام دەبینن کە شێوازی کارکردنی کۆمپانیاکە روون دەکاتەوە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی منداڵەکانیان لە ئەزموونێکی گونجاودان لەگەڵ تەمەنیان.