ئاسایشی ئاو: ستراتیژییەتێکی نیشتمانی بۆ پاراستنی سەروەری و ئابووریی کوردستان

ئاسایشی ئاو: ستراتیژییەتێکی نیشتمانی بۆ پاراستنی سەروەری و ئابووریی کوردستان
ئاسایشی ئاو: ستراتیژییەتێکی نیشتمانی بۆ پاراستنی سەروەری و ئابووریی کوردستان

​لە سەردەمێکدا کە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمبوونەوەی بەرچاوی سەرچاوە ئاوییەکان بوونەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتان، سیاسەتی حەکیمانە ئەوەیە کە پێش گەیشتنی مەترسییە کوشندەکان، ژێرخانی پێویست بۆ پاراستنی سامانە سروشتییەکان بونیاد بنرێت. لەم سۆنگەیەوە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تێڕوانینێکی ستراتیژی و دوورمەودا، کەرتی ئاوی کردە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی کارنامەکەی؛ چونکە ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە کە ڕۆژێک دێت ئاو دەبێتە گرانبەهاترین سەرمایەی ستراتیژی و بنەمای سەرەکیی هەموو پێداویستییەکانی ژیان و مانەوە.

​ شۆڕشێکی بێدەنگ لە بونیادنانی ژێرخانی ئاودا

​تەواوکردنی 8 بەنداوی ستراتیژی وەک (گۆمەسپان، دێوانە، خنس، ئاقووبان، چەمرگە، چەقچەق، توڕەجار و شەوگێڕ)، هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامیی کارکردن لە 16 بەنداوی تری قەبارە جیاواز و دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی زیاتر لە 100 پۆند لە سەرتاسەری هەرێمدا، تەنیا پرۆژەی ئەندازیاری نین، بەڵکو وەبەرهێنانێکی ستراتیژین کە توانای گلدانەوەی سەدان ملیۆن مەتر سێجا ئاوی باران و لافاویان هەیە. ئەم ژمارە و ئامارانە دەریدەخەن کە حکومەت لە ماوەی کارکردنیدا توانیویەتی تۆڕێکی بەهێزی ئاوی لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا بونیاد بنێت کە ڕەهەندی فرەلایەنیان هەیە .

​لە رووی ئابووری و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات: -

ئەم بەنداو و پۆندانە دەبنە بزوێنەرێکی بەهێز بۆ بووژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ، بەکارخستنی هەزاران دۆنم زەویی بێکار و مسۆگەرکردنی ئاسایشی خۆراک، بەمەش هەرێمی کوردستان لە بەکاربەرەوە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو بەرهەمهێنان و هەناردەکردن هەنگاو دەنێت. هاوکات، دیمەنە سروشتییەکانی دەوروبەری ئەم بەنداوانە ژینگەیەکی لەبارن بۆ راکێشانی سەرمایەگوزاریی ناوخۆیی و بیانی لە کەرتی گەشتیاریدا.

​بووژاندنەوەی سامانی ماسی و رەخساندنی هەلی کار:-

 گلدانەوەی ئەم بڕە زۆرەی ئاو، دەرفەتێکی زێڕین بۆ پەرەپێدانی سامانی ماسی و پرۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی دەڕەخسێنێت. ئەمەش راستەوخۆ دەرگای کار و داهات بە رووی هەزاران گەنج و دەرچووی زانکۆکاندا دەکاتەوە، چ لە بواری کشتوکاڵ و ماسیگری بێت یان لە پرۆژە گەشتیاری و خزمەتگوزارییەکانی دەوروبەری بەنداوەکان.

​پاراستنی ژینگە و ڕێگریکردن لە وشکەساڵی: -

گلدانەوەی ئاوی باران و لافاوەکان لەم بەنداوانەدا، قەڵغانێکی بەهێزە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی و بەبیابانبوون. جگە لەوەی مەترسیی لافاو لەسەر شار و گوندەکان کەمدەکاتەوە، دەبێتە هۆی بووژاندنەوەی ئاوی ژێرزەوی، سەوزکردنی ژینگە و پاراستنی هاوسەنگیی سروشتی کوردستان.

 ​لایەنە جیۆپۆلەتیکییەکان بەربەستێک لە بەردەم سیاسەتی (چەکی ئاو)

​سەرەڕای گرنگی و بایەخی بێوێنەی ئەم هەنگاوە ناوخۆییانە، پێویستە چاو لەو راستییە جیۆپۆلەتیکییە حاشاهەڵنەگرەش نەپۆشین کە هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی هەستیاردا هەڵکەوتووە و لە ڕووی سەرچاوەکانی ئاوەوە دەکەوێتە ژێر فشارێکی گەورەی دەرەکییەوە. لە کاتێکدا وڵاتانی دراوسێ لە ناوچەکەدا (وەک تورکیا بە پڕۆژەی زەبەلاحی گاپ - GAP و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دروستکردنی دەیان بەنداوی ستراتیژی لەسەر سەرچاوە هاوبەشەکان و گۆڕینی ئاراستەی ڕووبارەکان) هەنگاوی گورچکبڕیان ناوە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و کەمکردنەوەی پشکە ئاوییەکانی هەرێم و عێراق بە مەبەستی بەکارهێنانی ئاو وەک کارتی فشاری سیاسی، پڕۆژەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک وەڵامێکی زیرەکانە و قەڵغانێکی ناوخۆیی کار دەکەن.

​هەرچەندە ئەم بەنداو و پۆندانە لە بنەڕەتدا ناتوانن هەڕەشە دەرەکییە گەورەکان بە تەواوی هەڵبوەشێننەوە چونکە سەرچاوەی سەرەکیی ڕووبارەکان دەکەونە دەرەوەی سنوورەکان، بەڵام بە مسۆگەرکردن و گلدانەوەی بەشێک لە ئاوی ناوخۆ، باران و لافاوەکان، مەترسییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکەنەوە. ئەم هەنگاوە دەرخەری ئەو راستییەیە کە حکوومەت ئامادە نییە تەسلیمی قەیرانی دروستکراوی دەرەکی ببێت و پێشوەختە بەرگری لە کێڵگە و ئاودێریی خۆی دەکات.

​لە کۆتاییدا سیاسەتی ئاو لە هەرێمی کوردستان پەیامێکی روون و مێژووییە بۆ ناوخۆ و دەرەوە، کە حکوومەت بڕیاری داوە سەروەریی ئابووری، ژینگەیی و سیاسیی خۆی بپارێزێت. ئەم بەنداوانە سەرمایەیەکی نەمری نیشتمانین کە نەک هەر ئەمڕۆی کوردستان لە پیلان و قەیرانەکان دەپارێزن، بەڵکو پایەکانی ئابوورییەکی سەربەخۆ و ئایندەیەکی گەش بۆ نەوەکانی داهاتووی کوردستان مسۆگەر دەکەن.