خەدیجە ئەسکەندەر
نووسەر
جورف سەخر؛ گۆڕینی جێگای گروپی چەکدار یان سەپاندنی هەژموون و دەسەڵاتی دەوڵەت؟
لەڕاستیدا چوونی هێزە ئەمنییەکان بۆ ناوچەی جورف سەخر، لەڕووی شکڵییەوە وەک هەنگاوێکی گرنگ و جێگەی سەرنجی چاودێران و شرۆڤەکارانی سیاسی لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، بەڵام کاتێک بە وردی لە سروشتی ئەو جووڵەیە و دۆخی مەیدانی و سیاسیی ناوچەکە ورد دەبینەوە لەسەر ئەرزی واقع ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە بە هیچ شێوەیەک ئەم هەنگاوە بەمانای چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەی چەک و کۆنتڕۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان نایەت، بەڵکو زیاتر لە گۆڕینی جێگای گرووپێکی چەکدار دەچێت بە گرووپێکی تر، یان رێکخستنەوە و کەمێک دەستکاریکردنی هەمان هاوکێشەی پێشووە.
تا ئێستا ئەوەی لەلایەن عەلی زەیدی و حکوومەتەکەیەوە سەبارەت بە دۆسیەی گرووپە چەکدارەکان و سەپاندنی هەژموونی دەوڵەت خراوەتەڕوو، لە ئاستی گوتار و لێدوانی سیاسیدا ماوەتەوە و لە رووی کردەییەوە هیچ هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە و بەرچاوی بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردەی چەکداریی دەرەوەی دەوڵەت نەناوە، ئەگەر چوونی هێزە ئەمنییەکان بۆ جورف سەخر تەنیا ببێتە هۆی ئەوەی لە شوێنی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی، هێزەکانی حەشدی شەعبی جێگیر بکرێن یان ناوچەکە بە شێوازێکی تر رادەستی هەمان بازنەی هەژموونی گروپێکی چەکدار بکرێتەوە، ئەوا هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی روو نادات.
ئەوە ڕوونە کە بەشێکی زۆری پێکهاتەکانی حەشدی شەعبی لە گرووپە میلیشیاییەکانی نزیک لە ئێران پێکدێن و لە واقیعدا درێژکراوە و درێژە پێدەری بەرژەوەندی و نفووزی ئێرانن لە عێراقدا. لەبەر ئەوە، لە رووی سیاسی و ستراتیژییەوە، جیاوازییەکی جەوهەری لەنێوان ئەو گرووپانە و کەتائیبی حزبوڵڵادا بەدی ناکرێت.
کەواتە لێرەوە پرسیارێکی جەوهەری دروست دەبێت: ئایا جموجۆڵ و چوونە ناوەوەی هێزە ئەمنییەکان بۆ جورف سەخر، تەنیا مانۆڕێکی سیاسیی عەلی زەیدییە بۆ ئەوەی وێنەی سەرۆکوەزیرانێکی بەهێز و خاوەن بڕیار پیشان بدات، یان بەڕاستی ئیرادەیەکی جدی لە پشتە بۆ ئەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت و کۆتایی بە دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان بهێنێت؟ جیاوازیی نێوانیان زۆرە. ئەگەر ئامانج تەنیا گۆڕینی شوێن و جێگای هێز و میلیشیاکان بێت، ئەوا دۆخەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر مەبەست سەپاندنی یاسا و دەسەڵات و شکۆی دەوڵەت بێت، پێویستە ئەم هەنگاوە لە جورف سەخر نەوەستێت و ببێتە سەرەتای پرۆسەیەکی گشتگیر و راستەقینە بۆ کۆکردنەوەی هەموو چەکەکان لەژێر چەتری دەوڵەتدا. لەگەڵ ئەوەشدا، من گەشبین نیم بەوەی زەیدی بتوانێت سیاسەتێکی جیاوازتر لە کابینەکانی پێشوو جێبەجێ بکات.
پێموایە ئەوەی لە جورف سەخر روویدا، زیاتر لە ڕێککەوتن و هاوئاهەنگییەکی پێشوەختە لەنێوان زەیدی و ئیسماعیل قائانی و هێزە شیعەکان دەچێت، تا ئەوەی هەڵمەتێکی سەربازی و ئەمنیی سەربەخۆ و یەکلاکەرەوە بێت. شێوازی چوونە ناو هێزە ئەمنییەکان بۆ ناوچەکە و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکە، ئەوەندە روونە کە زیاتر لە نمایشێکی سیاسی دەچێت، لە رێگەی ئەم نمایشەوە، پێدەچێت زەیدی چەند ئامانجێکی دیاریکراو بپێکێت؛
یەکەمیان ئەوەیە وێنەی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر گرووپە چەکدارەکاندا نیشان بدات، لە کاتێکدا هیچ چەکداماڵینێکی راستەقینە لە ئارادا نییە.
دووەمیان، دەیەوێت لەبەردەم ئەمریکا و رای گشتیدا وەک سەرۆکوەزیرانێکی بەهێز و خاوەن توانا بۆ رووبەڕووبوونەوەی میلیشیاکان دەربکەوێت.
سێیەمیش، هەوڵ دەدات ئەوە بە کەسایەتییەکانی وەک تۆم باراک و ئیدارەی ترەمپ بگەیەنێت کە خەریکی سنووردارکردنی نفووزی ئێران و گرووپە چەکدارەکانە، هەرچەندە تا ئێستا هەنگاوەکان زیاتر لە چوارچێوەی فریودانی سیاسیدا خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت.
لە هەمان کاتدا، هێزە شیعەکانیش لە رێگەی ئەم نمایشەوە دەیانەوێت ئەو وێنەیە دروست بکەن کە پرۆسەی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لەسەر گرووپە چەکدارەکان لە خۆیانەوە دەستی پێکردووە و دەکرێت لە ناوچەکانی تریش بەردەوام بێت.