شەرعییەتی جەماوەری

شەرعییەتی جەماوەری
شەرعییەتی جەماوەری

لە 103 ساڵەی دامەزراندنی بە ناو دەوڵەتی عێراقەوە ئەم دەوڵەتە بنەماكانی دەوڵەت و مافەكانی كوردی تێدا جێبەجێ نەكراوە، هەرچەندە لە دروستبوونی عێراق وەك وڵاتی عەرەب و كورد پێناسە كراوە و دوای رووخانی رژێمی بەعسیش لە دەستووری ساڵی 2005دا قەوارەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ماددەی 140 جێگیر کراون، بەڵام تا ئێستاش دامەزراوەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن لە عێراقدا نەبوونەتە خاوەن بنەمایەکی دامەزراوەیی تۆکمە. 

بە درێژایی ئەو مێژووە نەتەوە و ئایین و ئایینزاکان بەتایبەتی گەلی کورد و كوردستانییەكان، چەندین جار رووبەڕووی کۆمەڵکوژی و جینۆساید بوونەتەوە، هەر بۆیە ئەو پرسیارە لێرەدا گرنگە وەڵام بدرێتەوە ئەوەیە؛ کەی دەوڵەتی عێراق دەستبەرداری مامەڵەکردن لەگەڵ هاووڵاتیانی  كورد وەک پلە دوو و هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەكەی بەبیانوو پاساوی نابەجێ دەدات. 

عەقڵیەتی دژ بە كورد لەلایەن گروپێكی قەومی وەكو میراتی قۆناخ لە دوای قۆناخ ماوەتەوەو تا دێت توندتر دەبێت ئەوەی گۆڕاوە تەنیا شێوازەكەیەتی، ئەوەتا لە بەغدا بۆ خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی مافە دەستووری و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان پەنا بۆ بیانووی جۆراوجۆر دەبرێت، لە بری ئەوەی ماددەی 140 دەستووری و زیاتر لە 50 دەقی دیكەی دەستووری جێبەجێ بكرێت، گەمارۆ و گوشاری ئابووری دەخەنە سەر خەڵکی کوردستان و کار بۆ نانەوەی دووبەرەکی لە نێوان هێزە سیاسییە کوردستانییەکاندا دەکەن. 

گەلی کورد لە راپەڕینی ساڵی 1991دا بە خوێنی شەهیدان قەوارەیەکی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیی دامەزراوە،  بەڵام لەو ماوەیەدا  لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و بەرانبەر کوردان و كوردستانییەكان تەعریب و جینۆساید و سڕینەوەی ناسنامە بەردەوامی هەبووە، لێرە  بوونی قەوارەیەکی نیمچە دەوڵەت و باوەڕپێکراو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، سەرەڕای هەوراز و نشێو و رەخنە و قەیرانەكان، بووەتە مایەی ئومێد و کۆکەرەوەی هاونیشتمانییان. 

راستە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا ئەم پەیوەندییانە لە چوارچێوەی ناکۆکییەکی بەردەوامدا لەسەر چۆنیەتیی لێکدانەوەی دەستوور، سنووری دەسەڵاتە فیدڕاڵی و ناوەندییەکان و دۆسیەکانی بودجە و نەوتدا بێ چارەسەركردن ماونەتەوە، کە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی بیروباوەڕی جیاواز لە نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام تاكە پەناگەو هێز بۆ میللەتی كورد قەوارەی هەرێم و حكوومەتەكەیەتی. 

بۆیە كاتی ئەوە هاتووە ددان بەو هەقیقەتەدا بنێین و نەیارانی كورد بزانن؛  ئەوەی بڕیار لەسەر چارەنووسی هەرێم و مافی كوردستانییان لەنێوان لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراق دەدات، میللەتە نەوەكو كەسان و حزبە سیاسییەكان و وڵاتانی هەرێمی، راستە هەرێمی کوردستان بە کۆمەڵێک پەیوەندیی دیپلۆماسی و بڕیاری نێودەوڵەتی و هاوکێشەی هەرێمایەتییەوە بەستراوەتەوە، بەڵام بنەمای سەرەکیی مانەوە و هێز لەو گوتەیەی سەرۆك بارزانی یەوە سەرچاوەی گرتووە: "ئەگەر خەڵك لە پشتمان بێت ئێمە هەین و ئەگەر خەڵك نەبێت ئێمە فەوتاوین". ئەم دەربڕینە لە رووی سیاسییەوە گوزارشت لە چەمکی شەرعییەتی جەماوەری دەکات؛ واتە بەهێزی و بەردەوامیی هەر قەوارە و دەسەڵاتێکی سیاسی، لە بنەڕەتدا بەندە بە پاڵپشتی و متمانەی هاووڵاتیانەوە کە خاوەنی قوربانیدان و خوێنی شەهیداننن بۆیە  حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستووری هەمیشەیی عێراق، پەرلەمانی کوردستان و مەحافیلە نێودەوڵەتییەکانەوە تەنیا دەسەڵاتی وەرنەگرتووە، بەڵکو هێزی ڕاستەقینەی لە گەلەوە سەرچاوەی وەرگرتووە.  

پاراستنی دەستکەوتەکان تەنیا بە کاری دامەزراوەیی ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە هەوڵی هەموو لایەک و  پشتیوانیی خەڵک و یەکڕیزیی ناوخۆیی هەیە تا ناکۆکییە حزبییەکان زیان بە ئارامی و دامەزراوە شەرعییەکان نەگەیەنن.

لەم روانگەیەوە هۆکاری خۆڕاگریی خەڵک و پاڵپشتییان بۆ دامەزراوە فەرمییەکان لەوەدایە کە گەلی کورد نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ رابردوو و دووبارەبوونەوەی کارەساتەکانی کوشتن و قاتوقڕی و داگیرکاری و تەعریب و ئەنفال و بێسەروشوێنکردنی رۆڵەكانمان، بەڵکو لە خەڵك و لە رێگەی سەرکردایەتییەکەوە متمانەی وەرگرتووە  کە رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بووەتەوە، بەرەنگاری شەڕی داعش و هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان و ململانێ سیاسییەکان بووەتەوە. 

ئەمە سەرەڕای ئاستەنگە سروشتی و دروستکراوەکانی وەک پەتای کۆرۆنا و بڕینی بودجە و مووچە و  ڕاگرتنی هەناردەی نەوت و ، بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و ناکۆکییە حزبییەکان و دەستێوەردانە دەرەکییەکان، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا کاروانی ئاوەدانی رانەگیراوە هەر لە  کارکردن لەسەر (فرەچەشنکردنی ئابووری، چاکسازیی دارایی، بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، لامەرکەزییەتی کارگێڕی، ریفۆرمی ئەمنی و جێبەجێکردنی دەیان پڕۆژەی بەنداو و پۆند، رێگاوبان، ئاو، تونێل، قوتابخانە و نەخۆشخانەو چارەسەركردنی كێشەكانی كارەبا و سوتەمەنی كە هۆكارەكەی لەناوەندەوە دروستكراوە)، هەموو ئەمانە كارێكی هەروا ئاسان نەبووە، بەڵكو ئەرکێکی قورسە لەناو  قەیرانەکاندا كە حكوومەتی هەرێم بەهەمووی جەنگی ئابووری و گەمارۆی ئابوورییەوە توانا داراییەكانی سنووردارە. 

بێگومان هەموو ئەو قەیرانانە باری سەر شانی هاووڵاتیانیان قورس کردووە و زیانیان بە بژێویان گەیاندووە، هاوكات سەقفی داواکاری و خواستی خەڵکیش بۆ خزمەتگوزارییەکان لەوە زیاترە کە تا ئێستا جێبەجێ کراوە؛ بەڵام هەوڵەكانی چارەسەركردنی هەموو كێشەو گرفتەكان راستییەكی دیكە دەردەخات كە نەیارانی كورد نەیانتوانیوە بەهۆی دروستكردنی ئەو كێشەو قەیرانانە متمانەی نێوان خەڵک و حکوومەت لاواز بکەن و دۆخەکە بەرەو ئەوە ببەن هێزی هاوپەیمانان، بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پشتیوانیی خۆیان بۆ هەرێم کەم بکەنەوە. 

هاووڵاتیان خوازیاری هەرێم و حکوومەتێکی بەهێزن کە بتوانێت بەسەر قەیرانەکاندا زاڵ بێت و ئارامی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و دادپەروەری مسۆگەر بکات؛ هەر لەم پێناوەشدا لەم قۆناخە هەستیارەدا پێویستە ناکۆکییە حزبی و ناتەباییەکان بەلاوە بنرێن، هەموو لایەک کار بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکان بکەن و رێگە نەدرێت کەسانی نەیار بخزێنە ناو ریزی ئەو کەسە دڵسۆزانەی کە نەتەوەو خاك و نیشتمانەكەیان خۆش دەوێت و خاوەنی رەخنەی بونیاتنەرن و كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەدەن.