فەرهاد ئەترووشی: هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور دامەزراوە

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەخت دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور بوونی هەیە و دەبێت بڕیار و رێکارەکانی حکوومەتی فیدراڵ لەبارەی دۆسیەکانی نەوت و دەروازە سنوورییەکان، بە پشتبەستن بە دەستوور و رێککەوتنە سیاسییەکان، لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا فەرهاد ئەمین ئەترووشی جەختی کردووەتەوە، "هەرێمی کوردستانی عێراق بەپێی دەستوور بوونی هەیە و ئەو بڕیارانەی لە لایەن حکوومەتی فیدراڵەوە دەردەچن، هەروەها رێکارە کارگێڕی و هونەرییەکانی پەیوەست بە هەردوو دۆسیەی نەوت و دەروازە سنوورییەکان لە هەرێم، پێویستە لە رێگەی دانوستان و گفتوگۆوە و بە پشتبەستن بە دەستوور و رێککەوتنە سیاسییەکان چارەسەر بکرێن."

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، هەماهەنگی و هاوکاریی هاوبەش و گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەکان لە نێوان بەغدا و هەولێر بەردەوامن، پێشکەوتنیش لە رێڕەوی گفتوگۆکان و کاری لیژنە هونەرییەکاندا هەیە.

فەرهاد ئەترووشی گوتیشی، "گەلی کوردستان مافی دەستووریی هەیە و گفتوگۆ رێگەی گونجاو و مسۆگەرە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم."