د. یادگار ئیسماعیل
نووسەر
ناڕەوایی و نایاسایی و نادەستوورییبوونی داواکاری و بڕیارەکانی عەلی زەیدی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان
لەسەروبەندی سیناریۆی جڵەوکردنی زنجیرەیەک بڕیار و داواکاریی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی عێراق، عەلی فالح زەیدی، سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان، دۆسیەی نەوت و کێڵگە نەوتییەکان، داهاتەکان و ناوچە جێناکۆکەکان، گرژییەکی نوێی خستووەتەوە نێوان هەولێر و بەغدا. لە کاتێکدا لایەنی بەغدا هەوڵ دەدات ئەم هەنگاوانە وەک رێوشوێنی کارگێڕی و دارایی وێنا بکات، خوێندنەوەیەکی وردی دەستووری عێراق (2005) لەگەڵ بنەماکانی فیدراڵیزم و تیۆرییەکانی دەوڵەت پیشانی دەدات کە ئەم بڕیار و داواکارییانە بە ڕەوا و دەستووری دانانێن. هاوکات دەرخەری جۆرێک لە خواستی ناوەندگەرایی و دژە-فیدراڵیزم و لەخۆباییبوونیشی لێ بخوێندرێتەوە.
یەکەم: پێشێلکردنی دەسەڵاتە هاوبەشەکان (ماددەی 114)، بە تایبەت
یەکێک لە دیارترین خاڵەکانی بڕیار و داواکارییەکان، هەوڵدانە بۆ وەرگرتنەوەی دەروازە سنوورییەکان و گۆڕینی شێوازی بەڕێوەبردنی دەروازە و گومرگەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەی تاکلایەنە.
بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددەی 114ی دەستووری عێراق، بەڕێوەبردنی گومرگەکان "دەسەڵاتێکی هاوبەشە" لە نێوان دەسەڵاتی فیدراڵی و دەسەڵاتی هەرێمدا. کاتێک دەستوور بابەتێک بە هاوبەش دیاری دەکات، بەغدا ناتوانێت بە بڕیارێکی تاکلایەنە و بە زەبری هێز یان فەرمانی جێبەجێکردن، سەرجەم دەروازەکان لە هەرێم وەربگرێتەوە، چونکە دەستوور هاوبەشیی سەپاندووە نەک قۆرخکاریی و ماسولکە دەرپەڕاندن، کە دەکرێت کاردانەوە و دەرئەنجامی یەکجار نەرێنی بەدوای خۆیدا بهێنێت.
دووەم: دژایەتیکردنی دەسەڵاتە دەستوورییە تایبەتەکانی هەرێم (ماددەکانی 117 و 121)
دەستووری عێراق چوارچێوەیەکی پارێزراوی بۆ دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان-ی فیدراڵی داڕشتووە و ناکرێت بە بڕیاری ناوەند پێشێل بکرێن:
- دانپێدانان بە دەسەڵاتەکانی هەرێم (ماددەی 117): دەستوور بە روونی دانی ناوە بە هەرێمی کوردستان و هەموو ئەو دەسەڵاتانەی پێش ساڵی 2005 هەیبووە (وەک بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان) داناوە. هەر هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوە یان بەرتەسکردنەوەی ئەو دەسەڵاتانە، پێچەوانەی رۆح و دەقی ئەم ماددە دەستوریەیە و پێشێلی دەکات.
- دەسەڵاتی کارگێڕی و ئەمنیی هەرێم (ماددەی 121 - بڕگەی 5): حکوومەتی هەرێم بەرپرسە لە هەموو پێداویستییە کارگێڕییەکانی هەرێم و رێکخستنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و پاسەوانی سنوور. سەپاندنی هێزی فیدراڵی بەسەر دەروازەکانی ناو هەرێم بەبێ رەزامەندیی هەرێم، پێشێلکردنی سەروەریی کارگێڕیی هەرێمە.
- هەموارکردنەوەی جێبەجێکردنی یاساکان (ماددەی 121 - بڕگەی 2): هەرێم مافی هەموارکردنەوەی جێبەجێکردنی یاسا فیدراڵییەکانی هەیە لە ناو هەرێمدا ئەگەر ناکۆک بن لەگەڵ دەسەڵاتە هاوبەش یان تایبەتەکانی هەرێم.
سێیەم: بنەمای باڵادەستیی یاسای هەرێم (ماددەی 115)
ماددەی 115 یەکێکە لە ماددە یەکلاکەرەوەکانی دەستوور بۆ ڕێگری لە ناوەندگەرایی؛ ئەم ماددەیە جەخت دەکاتەوە کە هەر دەسەڵاتێک لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکوومەتی فیدراڵیدا (ماددەی 110) نەنووسرابێت، دەبێتە دەسەڵاتی هەرێم. هەروەها لە کاتی بوونی ناکۆکی لە دەسەڵاتە هاوبەشەکاندا، پێشینە و باڵادەستی بۆ یاسای هەرێمە، نەک بۆ بڕیار و فەرمانی جێبەجێکردنی حکوومەتی فیدراڵی.
چوارەم: دۆسیەی نەوت، جێبەجێکردنی ماددەی 140 و هاوبەشی لە ناوچە جێناکۆکەکان (ماددەکانی 112 و 140)
لە دۆسیەی وزە و ناوچە جێناکۆکەکانیشدا، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، بڕیارە تاکلایەنەکان لەگەڵ دەستوور یەک ناگرنەوە، بۆ نمونە:
- بەڕێوەبردنی هاوبەشی نەوت (ماددەی 112): دەستوور دەڵێت حکوومەتی فیدراڵی "بە هاوبەشی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم" نەوت و گاز بەڕێوەدەبات، نەک بە فەرمانی تاکلایەنەی وەزارەتی نەوت.
- جێبەجێکردنی ماددەی 140 و هاوبەشی لە ناوچە جێناکۆکەکان: بەپێی ماددەی 140، چارەنووسی ناوچە جێناکۆکەکان (وەک کەرکووک و ناوچەکانی دیکە) دەبێت لە رێگەی ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و ریفراندۆمەوە یەکلایی بکرێتەوە. تا ئەو کاتەی ماددەکە جێبەجێ دەکرێت، ناکرێت بەغدا بە شێوەیەکی تاکلایەنە ئەو ناوچانە و کێڵگە نەوتییەکانیان بەڕێوەببات، بەڵکو دەبێت ئەو ناوچە جێناکۆکانەی کە ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی بەغدادان و لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن، بە هاوبەشی لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەببرێن.
پێنجەم: نەبوونی یاسا فیدراڵییە بنەڕەتییەکان
زۆربەی ئەم داواکاری و بڕیارانە پشتیان بە بڕیاری تاکلایەنەی جێبەجێکردن (Executive Orders) بەستووە، لە کاتێکدا دەستوور مەرجی داناوە کە پێشتر دەبێت یاسای نەوت و گاز و یاسای دابەشکردنی داهاتە فیدراڵییەکان لە پەرلەمانەوە بە تەوافوق دەربچن، نەک بە فەرمانی سەرۆکوەزیران بسەپێنرێت. لە کاتێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان - یش لە جێبەجێکردنی چەندین ماددە و بڕگەکانیان لە لایەن بەغداوە بێبەش کراوە، ئەوەش دوو فاقیەکی مەزنی بەغدا لەبەرامبەر هەرێم لە ناوەڕاستی کێشەکانی ئەم سەردەمە نیشان دەدات.
شەشەم: دەبێت لە تەک ئەمانەشدا، بە چاوێکی ڕەخنە و تیۆرییەوە لە خواستی ناوەندگەرایی بەغدا بڕوانین. لە ڕووی تیۆریی دەوڵەت و فیدراڵیزمەوە، هەوڵەکانی بەغدا بۆ قۆرخکردنی دەسەڵات و گەڕانەوە بۆ مەرکەزیەت، ناوەندگەرایی، لە رێگەی بڕیاری جێبەجێکردن و جڵەوکردنی دەروازە و سامانەکان، رووبەڕووی رەخنەی رژد دەکەینەوە. لەوانە:
- تیۆری دەوڵەتی رێنتیەر/کرێچی (Rentier State Theory) و جڵەوی ناوەندی: لە دەوڵەتە رێنتییەکاندا کە داهاتیان زۆربەی پشت بە نەوت و داهاتی ناوەندی دەبەستێت، دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە ناوەند مەیلی زیاتری بۆ جڵەوکردنی سەرچاوە دارایی و سنوورییەکان هەیە وەک ئامرازێک بۆ پەراوێزخستنی هەرێم و هەژموونە ناوچەییەکان، نەک بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و هاوبەشیی راستەقینە. ئەم مۆدێلە مەرکەزییە کاتێک دەسەپێنرێت، هاوسەنگیی نێوان ناوەند و هەرێم تێکدەدات و بڕوا بە تەوافوق و شەراکەتی دەستووری لاواز دەکات.
- تیۆری فیدراڵیزمی هاوبەش و فرەیی (Cooperative & Multinational Federalism): فیدراڵیزمی سەرکەوتوو لە وڵاتانی فرەپێکهاتە و فرەنەتەوەدا لەسەر بنەمای دابەشکردنی راستەقینەی دەسەڵات (Power-Sharing)، رێزگرتن لە فرەیی و پاراستنی سەربەخۆیی کارگێڕی و یاسایی یەکە فیدراڵییەکان بونیاد دەنرێت، نەک بە لاوازکرنیان. سەپاندنی بڕیاری تاکلایەنە لە دەرەوەی میکانیزمی هاوبەش و تەوافوق، لەگەڵ بنەماکانی فیدراڵیزمدا یەک ناگرێتەوە و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی ناوەندگەرایی پێش 2003 زیندوو دەکاتەوە، لە کاتێکدا دەستووری عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەرقەرارکردنی سەقامگیریی بەردەوام، فیدراڵیزم و هاوبەشیی هەڵبژاردووە نەک مەرکەزیەت و تاکەویی.
دەرەنجام: ناوەندگەرایی یان مەرکەزییەت وەک هەڕەشە بۆ سەر بنەماکانی دەوڵەت و سەقامگیریی عێراق لەو قۆناخە دەبینم کە هاوکێشەکان و کێشەکان و لایەنەکان تێکەڵ دەکات. ئەگەر بەغدا لە رێگەی بەشێک لە میلیشیاکان و خواستی دەرەکی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان نەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی باڵادەستی یاسایی و فیدراڵییە بۆ ئەو راسپاردە یان بەناو بڕیارانەی زەیدی. ئینجا، لە کۆتاییدا، گەڕانەوە بۆ مەرکەزییەت لە رێگەی بڕیاری تاکلایەنەی جێبەجێکردن و هەوڵدان بۆ سەپاندنی هەژموونی ناوەند بەسەر دەسەڵاتە هاوبەش و هەرێمییەکاندا، نەک تەنیا پێشێلکردنی روونی دەقی دەستووری عێراقە، بەڵکو لە رووی تیۆری و کردارییەوە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر مانەوەی سیستەمی فیدراڵی و سەقامگیریی گشتی. لە وڵاتێکی فرەپێکهاتە و فرەنەتەوەی وەک عێراقدا، مەرکەزییەت لە بری ئەوەی دەوڵەتێکی بەهێز و یەکگرتوو دروست بکات، متمانەی نێوان پێکهاتەکان دەشکێنێت، ناکۆکییە سیاسی و کارگێڕییەکان قووڵتر دەکاتەوە و رێگە بۆ سەرهەڵدانەوەی قەیرانی قووڵتر خۆش دەکات.
ئەوەشمان لەیاد بێت، سەقامگیریی بەردەوام و دەوڵەتداریی سەرکەوتوو لە عێراق بە مەرکەزییەت و قۆرخکاری نایەتە دی، بەڵکو بە پابەندبوونی راستەقینە بە فیدراڵیزم، هاوبەشی لە بڕیار و داهات، جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکان (لەوانەش ماددەی 140 و بەڕێوەبردنی هاوبەش) و رێزگرتن لە دەسەڵاتە هەرێمییەکان دێتە دی؛ چونکە لە سیستەمی فیدراڵیدا، هێزی ناوەند لە رێککەوتن و هاوسەنگییەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە سەپاندن و تاکڕەوییەوە لەژێر ناوی چاکسازی و جڵەو دەوڵەت، کە زیاتر وڵاتەکە لە رێگەی تێکەڵکردنی دۆسیە و دیموگرافیای کێشەکان بە ئاقاری جیاکاریی و ناوەندگەرایی و رق و قینە ئاراستە دەکاتەوە.