گەشتی پێکەوە حوکمڕانیمان شیعەی عەرەبی باش پێ ناساندین

گەشتی پێکەوە حوکمڕانیمان شیعەی عەرەبی باش پێ ناساندین
گەشتی پێکەوە حوکمڕانیمان شیعەی عەرەبی باش پێ ناساندین

دەسەڵاتی عەرەبی شیعەی عێراق، کە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سەرۆکوەزیرانەکەیدا بەرجەستە ئەبێ، هەر لە سەردەمی کابینەکانی مالکیەوە سیاسەتیان بەرامبەر بە کورد بە ئاراستەی ئاڵۆزکردن و گرژیدا بردووە، تا لە 2017 دا گرژیەکەیان گەیاندە داگیرکردنەوەی کەرکووک و خانەقین و ناوچەکانی تری دابڕێندراو لە هەرێم و پەلهاوێشتن بۆ دەستدرێژی کردنە سەر هەرێم. لەو سەردەمیشەوە تا ئەم ساتەوەختە سیاسەتگەلی ستراتیژی فرە رەهەندی بە ئاراستەی بەکارتۆنیکردن و پوکاندنەوەی قەوارەی هەرێم بەخەستی پەیڕەوکردووە.
 
کورد، هەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە (1921) لە دەرەنجامی ئەزموونی کەڵەکەبوودا متمانەی مکوم یان جێگیری بەوە نەبووە کە عەرەب لە بانگەشەی برایەتی لەگەڵ کورددا راستگۆبێ، بەڵام وەک گریمانەیەکی لەرزۆک دەستی پێوەگرتووە و هەموو شکستخواردنێکی بەناو برایەتیەکەی بەوە پاساوداوە، کە ئەوە دەسەڵاتی تەنیا تایفەیەکی ئایدۆلۆژی و میلیتاری عێراقە برایەتی لەگەڵ کورد ناکات و تاوانە گەورەکانی ئەنفال و کیمیاباران و هیتریش نموونەی دوژمنایەتیکردنی کوردبووە نەک برایەتی. 

بەوپێیە پتر لەهەشتا ساڵ (1921 - 2003) کورد وای مەزەندە ئەکرد، کە لە فەرمانڕەوایی تایفە عەرەبە زۆرینەکەی تردا برایەتیەکە مانا و رەهەندە ئەرێنیەکانی برایەتیەکە پراکتیزە ئەکرێ، بە تایبەت، کە هەشتا ساڵ لە چەوساندنەوە و نەهامەتیەکاندا بەڕێژەی جیاجیا هاوبەش بووین، هەر بۆیەش لە رۆژگاری شەڕی عێراق - ئێران و شەڕی یەکەمی کەنداو و تا رووخانی رژێمی بەعس بە هەردوو دۆخی پڕۆتۆکۆلمەندی و جەنتلمەنیەوە برایەتیەکە لە هاوپشتی و هاوپەیمانەتی و جارناجار لە هاوسەنگەریشدا بەرجەستەبووە. پەندێکی کوردی هەیە ئەڵێ هاوڕێیەتی لە پێکەوە گەشتکردندا تاقی ئەکرێتەوە، بۆیە ئێمەی کوردیش لە باشووردا، کە بەڕێژەی جیاواز لە سوننە و شیعە پێکدێین، پێمان وابوو کە دەسەڵاتی شیعەی عەرەب دەسەڵاتی برایانە ئەبێ، کەچی بەداخەوە لە گەشتی حوکمڕانی پێکەوەمان لە عێراقی دوای سەددام دا، بەکردەوە بۆمان دەرکەوت، کە ئێمە (بەخۆشمەوە ) لەوبارەوە ئەگەر ساویلکەش نەبووبین ئەوا هەڵە بووین. 

ئێستا لەهەموو وەختێک زۆرتر دروستی ئەو وتەیەکان بۆ ساخ ئەبێتەوە، کە لە ناو ئەزمووندارانی کورددا بڵاو بوو و ئەیانووت (عەرەب هەر عەرەبە) لێکدانەوەی ئەو وتەیە بەومانایەیە، کە عەرەب خۆی بەشایستەی برایەتی لەگەڵ کورد نازانێ، یاخۆ بە دەربڕینی تر کورد بەشایستەی ئەوە نازانێ عەرەب برایەتی لەگەڵ بکا.

نەوەنوێکانی کورد، بەوانەشەوە کە هێشتا تۆلازو کیژۆڵەن، ئێستا لەوە ئەگەن کە برایەتی ئاماژەپێدراوی کورد و عەرەب (کورد و هەموو ئەوانی تر) لە دۆخی بێ سەروەری و بێ دەوڵەتی کورددا ساویلکەیی و هەڵە و دروشمی شاعیرانەی  نەوەکانی پێش خۆیانە و هیچی تر نییە.

لە کۆتاییدا ئەبێ هاوکارییەکی فەرمانڕوایانی بەغدا بکەم و ئەو راستیەیان پێ بڵێم،  کە بەرژەوەندیان لەوەدا نییە کورد تا ئەو ئەندازەیەی ئێستا سەخڵەت و بەدگومان بکەن بە ئەندازەیەک، کە لە بەراوردکاری ناچاری دۆست و دوژمندا بە خورتی و بێ دوودڵی بچنەوە سەر وتەکەی (عەرەب هەر عەرەبە).