کێشەکان لە نێوان هەولێر و بەغدا بە دەستوور چارەسەر دەبێ

کێشەکان لە نێوان هەولێر و بەغدا بە دەستوور چارەسەر دەبێ
کێشەکان لە نێوان هەولێر و بەغدا بە دەستوور چارەسەر دەبێ

بە پێی دەستووری عێراقی ماددەی یەک، عێراق کۆمارێکی فیدراڵی پەرلەمانییە کوردستانیش بە پێی ماددەی 117 هەرێمێکێ فیدراڵییە.

ئەگەر نیازپاکی هەبێت دادپەروەری هەبێت کێشەکان لەبەر رۆشنایی دەستوور و سیستەمی فیدراڵی چارەسەر دەبن.
ماددەی 110 دەستووری عێراق، دەسەڵاتی حەسری حکوومەتی ئیتیحادی دیاریی کردووە نەوت و غازی تیانییە، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە دەستوور کۆمەڵێک دەسەڵاتی پێدراوە لە ماددەکانی 112 ، 115 ، 121 ،126بڕگەی 4، 141.
لە ماددەی 114دەسەڵاتە هاوبەشەکانی هەرێم و بەغدایە، دەکرێ رێککەوتنی لەسەر بکرێ بەڵام تەنیا بە گفتوگۆی لایەنە سیاسی و سەرکردە سیاسیەکان نابێت بەڵکو پێویستە داوای راوێژ لە خەڵکانی پسپۆڕ بکەن لە بواری یاسا ، دەستوور، نەوت، وزە و کارگێڕی.

یەکەم: سووف لە پسپۆڕانی کوردستان و عێراق وەربگرن. دووەم: باشتر وایە سوود لە پسپۆڕانی ئەوروپی و ئەمریکی وەربگرن بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی خاوەن سیستەمی فیدراڵین، سێیەم: دەکرێ داوا لە UN بکرێت بۆ راوێژکاری نێوەندگیری.

ئەو کێشانە بە کۆبوونەوەیەک و رۆژ و دوان چارەسەر نابن چونکە 25 ساڵە چارەسەریان بۆ نەدۆزراوەتەوە کاتی زۆری دەوێ. دادگای فیدراڵی عێراقی پەلەی کرد لە ماوەی 24 سەعات بڕیارەکانی حکوومەتی ئیتیحادی پەسەند کرد کە سەرپێچی دەستووری زۆر تێدایە هەر ئەو دادگا فیدراڵییە بۆ بڕیاردان لەسەر هەندێ بابەت وەکو لەسەر یاسای شەریکاتی نەوت 248 رۆژی خایاند ، دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگا 730 رۆژی خایاند، یاسای هەڵبژاردنەکان لە عێراق 133 رۆژی خایاندووە ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیکەوە لە ماددەی 115ـدا هاتووە هەر بابەتێک ببێتە جێگای ناکۆکی نێوان حکوومەتی ئیتیحادی و هەرێم و پارێزگاکان ئەوا یەکلای کردنەوە بۆ بڕیاری هەرێم و پارێزگاکان ئەبێت نەک بۆ حکوومەتی ئیتیحادی هەروەها لە ماددەی 121 بڕگەی دووەم دەسەڵاتی هەرێم مافی هەموارکردنی بڕیارەکانی حکوومەتی ئیتیحادی هەیە ئەگەر لە ماددەی 110 حەسری نەبێ.

دەبووایە مەحکەمەی ئیتیحادی رەچاوی ئەو خاڵانەی بکردایە و بە پەلە بڕیاری نەدایە.

ئێستاش ئەنجامدانی کۆبوونەوەی حیواری نیشتیمانی کارێکی باشە هەنگاوێکە بەرەو پێشەوە، بەڵام نابێت بە پەلە بڕیار لەسەر کێشەکان بدرێت ئەبێت کاتی پێویستی پێ بدرێت دەستوور و سیستەمی فیدراڵی ببێتە بنەمای بڕیاردان دوور لە مەرکەزییەت و تاکڕەوی.