بەرژەوەندیی کورد لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانەوەیە

هەنگاوە مێژووییەکەی سلێمانی و پەیامی یەکڕیزی

کۆبوونەوەی باڵای پارتی و یەکێتی لە سلێمانی 26/11/2026
کۆبوونەوەی باڵای پارتی و یەکێتی لە سلێمانی 26/11/2026

​لە مێژووی هاوچەرخی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستاندا، هەمیشە لە قۆناخە هەستیار و پڕ لە ئاڵنگارییەکاندا، پێویستیی یەکڕیزیی نێوماڵی کورد بووەتە زەروورەتێکی حاشاهەڵنەگر. سەردانی شاندی باڵای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ شاری سلێمانی و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وێستگەیەکی نوێ و پەیامێکی روون و بەهێزە بۆ ناوخۆ و دەرەوە، کە بەرژەوەندیی باڵای گەلی کوردستان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکانەوەیە.

​ئەم هەنگاوە سیاسییە گرنگە، کە بە سەرۆکایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و ئامادەبوونی بەڕێز مەسرور بارزانی و شاندی یاوەریان بەڕێوەچوو، ئەو پێشوازییە گەرمەکەی لەلایەن بەڕێزان بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە، نیشانەی هەستکردنە بە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی. 

ئەم سەردانە تەنیا دیدارێکی ئاسایی پرۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکو هەڵگری پەیامێکی ستراتیژیی قووڵە، ئەویش ئەوەیە کە لە کاتی هەستکردن بە مەترسی و گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە و عێراق، پێویستە هەموو ناکۆکی و کێشە لاوەکییەکان وەلابنرێن و بەرژەوەندیی نیشتمانی بکرێتە سەرمەشقی هەموو هەموو هەنگاوەکان.

​لە ماوەی رابردوودا، گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و لێدوانە نەشیاو و نابەرپرسانەکانی هەندێک لایەن و گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەو راستییەیان جارێکی دیکە سەلماندەوە کە هەرێمی کوردستان تەنیا بە یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستی دەتوانێت، بەرگری لە قەوارە دەستوورییەکەی و مافە رەواکانی گەلەکەی بکات. هیچ هێز و لایەنێکی دەرەکی ناتوانێت زیان بە پێگەی کورد بگەیەنێت، ئەگەر نێوماڵی کورد یەکگرتوو و تەبا بێت.

​لە دیدگا و فەلسەفەی سیاسەتکردنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، حزب هەمیشە ئامرازێک بووە بۆ خزمەتکردنی کورد و کوردستان، نەک ئامانج. هەر کاتێک بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان خواستی ئەوەی هەبووبێت کە دەستپێشخەری بکرێت و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدرێتەوە، پارتی بێ دوودڵی ئەو هەنگاوەی ناوە. هاتنی شاندی باڵای پارتی بۆ سلێمانی، بەرجەستەکردنی کرداریی ئەو دروشمەیە کە دەڵێت: (بەرژەوەندیی کورد لە سەرووی بەرژەوەندیی حزبەوەیە).

​ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان بە ئومێدێکی زۆرەوە لەم کۆبوونەوانە دەڕوانن. یەکخستنی گوتاری سیاسیی کورد لە بەغدا و ناوخۆی هەرێم، وەلانانی بەرژەوەندییە تەسکەکان و کارکردنی پێکەوەیی لە پێناو بەهێزکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان، تاکە رێگای سەرکەوتن و دەربازبوونە لە قەیرانەکان.

​مێژووی نزیکمان شاهیدی ئەو راستییەیە کە هەر کاتێک کورد یەکڕیز بووبێت، دەستکەوتی مەزنی بەدەستهێناوە؛ هەر کاتێکیش پەرتەوازە بووبێت، زیانی بەرکەوتووە. لە رابردوودا کاتێک هێزە کوردستانییەکان یەکڕیز بوون و (بەرەی کوردستانی)یان پێکهێنا، توانییان لە ئەنجامی ئەو یەکگرتووییەدا قەوارەیەکی سیاسیی سەربەخۆ دابمەزرێنن کە هەرێمی کوردستانە و بەشێک لە خاکی کوردستان بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە. 

هەر بەو یەکڕیزییەش بوو کە لە دوای ساڵی 2003 توانییان سیستەمی فیدراڵی لە دەستووری عێراقدا بچەسپێنن و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان مسۆگەر بکەن. بۆیە ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆی سلێمانی دەکرێت ببێتە سەرەتای دووبارەبوونەوەی ئەو مێژووە پرشنگدارە و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بۆ نەوەکانی داهاتوو.