د. یادگار ئیسماعیل
نووسەر
تاوەکو دوای بیستی کانوونی دووەم و لاوازبوونی دەسەڵاتەکانی ترەمپ کورد چۆن مامەڵە بکات؟
خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنێکی زانستی بۆ فشارەکانی بەغدا و خراپ-قۆستنەوەی پاڵپشتی ئیدارەی ترەمپ
لە هاوکێشەی دەستووریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، رۆژی بیستی کانوونی دووەم لە ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتیدا تەنیا رێکەوتێکی سادەی رۆژژمێری ساڵانە نییە، بەڵکو هێڵی جیاکەرەوەی نێوان دوو قۆناخی تەواو جیاوازە لە هێز و توانای حوکمڕانیدا. لە دوای هەڵبژاردنە نیوەی خولەکانی تشرینی دووەمی 2026 و گەیشتنی دیموکراتەکان بە زۆرینەی هەردوو ئەنجوومەنی کۆنگرێس، دۆناڵد ترەمپ لە سەرەتای ساڵی نوێدا پێ دەنێتە ناو نیوەی دووەمی دوایین خولی سەرۆکایەتیی خۆیەوە، کە تێیدا چیتر سەرۆکێکی خاوەن دەستکەوتی خێرا و پشتیوانیی پەرلەمانی نابێت، بەڵکو لەناو حکومەتێکی دابەشبوودا رووبەڕووی کۆتوبەندە دەستوورییەکان دەبێتەوە.
لە رووی تیۆری دەستووریی ئەمریکاوە، گەورەترین و خێراترین گۆڕانکاری لە ئاستی دەسەڵاتی یاسادانان و سیاسەتی ناوخۆدا روودەدات. کاتێک کۆنگرێسی نوێ بە زۆرینەی دیموکراتەکان دەستبەکار دەبێت، سەرۆک توانای تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسا ستراتیژییەکانی لە بوارەکانی باج، بودجەی فیدراڵی، چاکسازیی یاسایی و پڕۆژە ئابوورییە ناوخۆییەکاندا لەدەست دەدات. هەر بڕیارێکی پەیوەست بە خەرجیی گشتی ناچار دەبێت بە فلتەری دانوستان و سازش لەگەڵ دیموکراتەکاندا تێپەڕێت. هاوکات ئەنجوومەنی پیران جڵەوی رەهای بەسەر پەسندکردنی دادوەرە فیدراڵییەکان و پۆستە باڵاکانی حکومەتدا دەبێت، ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دەسەڵاتی بانگهێشتکردنی بەرپرسان و کردنەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە و چاودێریی چڕ بەسەر کۆشکی سپیدا بەدەست دەهێنێت. بەم شێوەیە، دەسەڵاتی ناوخۆیی سەرۆک لە هێزێکی یاسادانەری کاراوە بچووک دەبێتەوە بۆ بەکارهێنانی ڤیتۆ دژی پڕۆژەکانی کۆنگرێس و دەرکردنی فەرمانی سەرۆکایەتی یان جێبەجێکردن، کە ئەوانیش بەردەوام لە ژێر مەترسیی هەڵوەشاندنەوە لەلایەن دادگاکان و رێگریی دارایی کۆنگرێسدا دەبن.
لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا وێنەکە بە تەواوی جیاوازە، بەڵام ئەویش بە بێ سنوور نامێنێتەوە. بەپێی دەستووری ئەمریکا، سەرۆک وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و رێبەری سەرەکیی دیپلۆماسی، تەنانەت لە بەرامبەر کۆنگرێسێکی دژبەریشدا دەسەڵاتێکی فراوانی لە دەرەوە هەیە؛ دەتوانێت فەرمانی سەربازی بدات، دانوستانە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوە ببات، هاوپەیمانییەکان ئاراستە بکات و لە رێگەی یاسا کارپێکراوەکانەوە سزای ئابووری و باجی گومرگی بسەپێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم دەسەڵاتە دەرەکییە بەو شێوەیەش نابێت؛ کۆنگرێس کلیلەکانی بودجە و هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی بەدەستەوەیە و دەتوانێت پارەدارکردنی هەر پلانێکی دەرەکی رابگرێت، پەیماننامە فەرمییەکانیش پێویستیان بە رەزامەندیی دوو لەسەر سێی ئەنجوومەنی پیرانە، جگە لەوەی لیژنەکانی کۆنگرێس دەتوانن لە رێگەی دانیشتنە گشتییەکان و دواخستنی پەسندکردنی باڵیۆزەکانەوە گوشاری سیاسیی بەردەوام دروست بکەن.
ئەگەر بە راشکاوی بپرسرێت ئایا ترەمپ لە دوای ئەم گۆڕانکارییە هەمان دەسەڵاتی ئێستای دەمێنێت، وەڵامە زانستی و دەستوورییەکە بە روونی نەخێرە. راستە لە رووی فەرمییەوە هەمان دەسەڵاتە دەستوورییەکانی سەرۆکایەتی دەمێننەوە، بەڵام قورسایی و بارستایی سیاسی و توانای سەپاندنی خێرای بڕیارەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبنەوە. لە تیۆری سیاسەتی ئەمریکیدا، کاتێک سەرۆکێک لە نیوەی دووەمی دوایین خولی خۆیدایە و بەپێی دەستوور ناتوانێت جارێکی دیکە خۆی بپاڵێوێتەوە، لەگەڵ کۆنگرێسێکی نەیاردا دەکەوێتە ئەو دۆخەی بە قۆناخی مراویی شەل یان پەککەوتە و بدابڕاو، لێیم دەک، دەناسرێت. لەم قۆناخەدا هەم کارەکتەرە ناوخۆییەکان و هەم وڵاتانی جیهان دەزانن کاتژمێری ئیدارەکە بەرەو کۆتایی دەڕوات، بۆیە ترس و ملکەچیی رابردوو بۆ خواستە خێراکانی کۆشکی سپی کاڵ دەبێتەوە و زۆربەی لایەنەکان چاویان دەبڕنە هاوکێشەکانی داهاتوو.
لێرەوەیە کە پەیوەندیی راستەوخۆی ئەم هاوکێشە ئەمریکییە بە دۆخی کوردەوە دەردەکەوێت. لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان لە نێوان گوشارە توندەکانی بەغدا لەسەر نەوت و سنوورەکان و گۆڕانکارییە خێراکانی واشنتندا گەمارۆ دراوە، گەورەترین هەڵە ئەوەیە کە لە ژێر فشاری کورتخایەندا بڕیاری یەکلاکەرەوە بدرێت یان سازشی گەورە بۆ بەغدا بکرێت، بە تابەت لەم کاتەدا کە زۆربەی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئیدارەی ترەمپ لە دەستی تۆم بەڕاک نێردە دایە، دووریش نییە لە ژێر کاریگەری کەسایەتی بازرگانەکان و تەنانەت کەسێکی وەکو سەرۆکی تورکیا، رەجەب تەییب ئەردۆغانیش دابێت.
ئەوەشمان لە یاد نەچێت کە هەم ترەمپ ناوەندخوازە و سەرسامی کەسایەتی وەکو سەدامیش بووە، هەمیش تۆم بەڕاک ملیاردێرێکی کەرتی خانووبەرە و هاوڕێی دێرینی دۆناڵد ترەمپە کە لە رووی رەچەڵەکەوە ئەمریکییەکی بە رەگەز لوبنانیی سەر بە کۆمەڵگەی مەسیحیی مارۆنییە و باپیرانی لە شاری زەحلەی لوبنانەوە کۆچیان کردووە و خۆشی رابردوو-هۆگریی هەیە و بە عوسمانی-نوێ ناودەبرێت. ئەم پاشخانە و چەندین دەیە کارکردن لە بواری وەبەرهێناندا تۆڕێکی فراوانی پەیوەندیی بۆ بەڕاک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست کردووە، بە تایبەتی لەگەڵ سەرکردە و سندووقە سەروەرییەکانی وڵاتانی کەنداو. بەهێزترین پەیوەندییە مێژووییەکانی بەڕاک لەگەڵ ئیمارات، سعوودیە و قەتەر بووە. لە قەتەر پەیوەندییە بەهێز و بەڵگەدارەکانی تۆماس بەڕاک دابەش دەبن بەسەر دوو ئاستی دیپلۆماسی و بازرگانیی گەورەدا لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسی و بەرپرسانی سندووقی سەروەریی ئەو وڵاتەش هەیە. بەڕاک پەیوەندی یەکجار تۆکمەی لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمانی دووەم، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر هەیە و لە رووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا پەیوەندییەکی نزیک و کۆبوونەوەی بەردەوامی لەگەڵدا هەیە لە دەوحە، و بەڕاک بە ئاشکرا پەسنی رۆڵی نێوەندگیریی قەتەری کردووە لە دۆسیەکانی سووریا، عێراق و ئاگربەستە ناوچەییەکاندا. لە قۆناخی ئێستاشدا وەک دیپلۆماتکار، بەڕاک لە ئەنقەرە پەیوەندییەکی کارای لەگەڵ حکومەتەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا هەیە و تورکیا وەک ناوەندێکی سەرەکی بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەکانی ناوچەکە بەکاردەهێنێت. هاوکات لە چوارچێوەی ئەرکەکەیدا وەک نێردەی تایبەت، کەناڵی راستەوخۆی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووەتەوە و تەنانەت رۆڵی لە نزیککردنەوەی بەغدا و دیمەشق و تاوتوێکردنی پڕۆژە ئابووری و هێڵە نەوتییەکاندا هەبووە، هەرچەندە لێدوانەکانی لەبارەی پەیماننامەی سایکس پیکۆ و وەسفکردنی ناوچەکە بە کۆمەڵە خێڵ و گوندێک بە روانگەیەکی رۆژهەڵاتناسانە و کەمکردنەوەی پێگەی دەوڵەت و مۆدێلی فیدراڵی لە قەڵەم دراوە و دەرهاویشتەی هەمان خواست و هەڵوێستی ئەون لەسەر ناوچەکە.
پەیوەست بە دۆناڵد ترەمپ و دەسەڵاتەکانیەوە، کاتێک دەسەڵاتی سەرۆکێکی ئەمریکی بەرەو سنوورداربوون و پێکدادانی ناوخۆیی دەڕوات، کات خۆی دەبێتە بەهێزترین چەک بە دەستی لایەنە لاوازترەکانەوە. لەم دۆخەدا کورد پێویستە بە شێوەیەکی ژیرانە هەمان یاریی تاکتیکی و پشوودرێژیی پەیڕەو بکات؛ بە زمانێکی سادەتر هونەری کاتکوشتن بەرجەستە بکات، مانەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ، خۆلادان لە ژاوەژاو و هەڵویستی زۆر توند و زۆر نەرمیش. لەمەش گرنگتر ئەوەیە کورد پەلە لە بڕیاری کۆتایی و چارەنووسساز نەکات، هاوکات خۆی لە کەوتنە ژیر باری داواکاریەکانی بەغدا بە پێچەوانەی دەستوور بە دوور بگرێت و کاتی پێویست لە بەرژەوەندی خۆی هاوتەریب لەگەڵ دەستپێکی سەردەمی لاوازیی ترەمپ-دا بەکار بهێنێت.
مانای یاریکردن بە کات لێرەدا خۆبەدەستەوەدان نییە، بەڵکو بەڕێوەبردنی قەیرانە لە رێگەی دانوستانی درێژخایەن و بەردەوامەوە؛ لە هەندێک بڕگەی لاوەکیدا نەرمی بنوێنیت و هەندێک شت ببەخشیت، لە بەرامبەریشدا دەستکەوت و دڵنیایی و گەرەنتی وەربگریتەوە، بە وردی و بە قۆناخ، بێ ئەوەی هیچ کاتێک دەستبەرداری کارتە جەوهەری و دەستوورییەکانی خۆت ببیت. کورد دەبێت گفتوگۆکان لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا بکات پێویست بکات و بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی بخاتە ناو پرۆسەیەکی درێژی تەکنیکی و یاساییەوە، تا ئەو کاتەی گۆڕانکارییەکانی دوای بیستی کانوونی دووەم لە واشنتن دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرقاڵبوونی کۆشکی سپی بە شەڕی ناوخۆیی کۆنگرێس و لاوازبوونی هەژموونی دەرەکی، دەرگایەکی نوێ بۆ هاوسەنگیی هێزلە نێوان هەولێر و بەغدا دەکاتەوە. بەهۆی مامەڵەی ناپاسەندی تۆم بەڕاکیش لە دۆسیەی دەرەوە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هیچ گومان هەڵناگرێت هەم ئیدارەی ترەمپ بەگشتی و هەمیش خودی تۆم بەڕاک دەکەونە ناو ستێری جاوتیبڕین و رەخنە و لێپرسینەوە لە کۆنگرێس. لە سیاسەتدا ئەوانەی دەزانن چۆن کات بکڕن و بە نەرمی هێرشەکان پەرت بکەن، هەمیشە دوای گەردەلوولەکان بەهێزتر دەردەکەونەوە. کەواتا، هێمنیی، پشوودرێژیی، وردیی و لێزانیی دەستە و کۆمەڵەیەکی دانوستانکاری ورد و ئەکادیمی و مێژوویی و شارەزا لە مێژووی مامەڵە یاسایی و دەستووریی و سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پسپۆر لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد و هەرێمی کوردستان لەو چوارچێوەیەدا.
لە کۆی ئەم هاوکێشەیەدا، هەرێمی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی هەستیاری خوێندنەوەی کات و هاوسەنگیی هێزدایە، کە تێیدا تەنیا هێمنی، پشوودرێژی و بوونی تیمێکی دانوستانکاری ورد و ئەکادیمی و شارەزا لە مێژووی یاسایی و دەستووریی نێوان هەولێر و بەغدا دەتوانێت قەوارەی دەستووری و مافەکانی گەلی کورد بپارێزێت. ئەو دەرفەتەی بەغدا ئێستا لە پاڵپشتیی ئیدارەی ترەمپ و روانگە ناوەندخوازەکانی تۆم بەراکدا دەیبینێت کاتییە و بەندە بە دوایین مانگەکانی دەسەڵاتی رەهای کۆشکی سپییەوە؛ چونکە لە دوای بیستی کانوونی دووەمەوە، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کۆنگرێسی نوێ و هەڵکشانی لێپرسینەوە لە دۆسیەکانی دەرەوەدا، مەودای مانۆڕی تاکلایەنە لە واشنتن تەسک دەبێتەوە. بۆیە براوەی راستەقینە لەم ململانێیەدا ئەو لایەنە نییە کە لە ژێر فشاری کورتخایەندا بڕیاری پەلە یان سازشی دەستووری بەدەستەوە دەدات، بەڵکو ئەوەیە کە بە هێمنی مێزی گفتوگۆ بەدەستەوە دەگرێت، دۆسیەکان دەخاتە ناو رێڕەوی درێژی یاسایی و تەکنیکییەوە و دەزانێت لە وردەکاریدا کەی نەرمی بنوێنێت و لە بنەما سەرەکییەکاندا پێداگر بێت. کاتێکیش واشنتن دەچێتە ناو قۆناخی دابەشبوونی دەسەڵات و لاوازبوونی گوشارە دەرەکییەکانی، هەرێمی کوردستان بە دیپلۆماسییەکی ژیرانە و پشوودرێژ دەتوانێت نەک هەر گەردەلوولەکە تێپەڕێنێت، بەڵکو هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی مافە دەستوورییەکانی خۆیدا دابڕێژێتەوە.