د. ئاگرین عەبدوڵڵا عەزیز
نووسەر
حکوومەتى عێراق چى لە هەرێمى کوردستان دەوێت
ئەم هەڵویستەى دوایى سەرۆکوەزیرانى عێراق، ئەو گفتووگۆیەى هێنایەوە یادم کاتێک بۆ کارێکى فەرمى حکوومەت سەردانى بەغدام کرد (ئەو کات عەلى زەیدى تازە کابینەکەى پێکهێنابوو)، لەگەڵ یەکێک لە کارمەندانى نوێنەرایەتى حکوومەتى هەرێم و ئایا ئەم سەرۆکوەزیرانە لەڕووى هەڵوێستیەوە چۆن دەبنیرێت بەرامبەر هەرێمى کوردستان؟ من پێشى کەوتم و گووتم: سەرەتاکانى باش دیارە، بەڵام ئەو زوو وەڵامى دامەوە و گووتى هێشتا زووە بۆ بڕیاردان لەسەرى، لەبەر ئەوەى هەموو ئەوانى پێشووتر سەرەتا باش بوون و پاشان گۆران! زیاتر لەسەرى رۆیشت گووتى با جارێ لانى کەم شەش مانگیک تێپەرێت ئینجا دەتوانین هەڵیبسەنگێنین. هەرواش دەرچوو هەڵوێستى ئەم چەند رۆژەى رابردووى سەرۆکوەزیرانى عێراق بەرامبەر هەرێمى کوردستان سیماى دوژمنکارىی پێوەدیارە و وەک درێژەپێدەرى سیاسەتەکانى سەرۆکوەزیرانى پێشووتر دێتەبەرچاو، بەڵکوو وەک ئەڵقەیەک لە زنجیرەیەک سیاسەتى دارێژراو خۆى دەنوێنێت.
لە راستیدا بڕیارەکانى زەیدى دژى مەسەلەى رەواى کوردستانە، نەک هەرێمى کوردستان، ئەوتا هەر بە پێى دەستوورى عێراقى کەخۆى پشتى پێبەستووە... بانێکەو دووهەوا، سەبارەت کێڵگە نەوتیەکان دەڵێت بەپێى ماددەى 111 دەستور موڵکى هەموو عێراقە وا شرۆڤە دەکرێت کە دەبێت لەدەست ناوەند بێت، بەڵام خۆى لەوە نەبان کردووە کە ماددەى 112ى هەمان دەستوور دەڵیت پێویستە کێڵگەکان بە هاوبەشى لەگەڵ هەرێمى کوردستان بەڕێوەببرێن.
هەروەها دەڵیت بەپێى ماددەى 110 دەروازە سنورییەکان سیادیە بەڵام دیسان خۆى لە ماددەى 114 لاداوە کە گوزارشت دەکات و دەلێت دەبێت بەهاوبەشى لەگەڵ دەستەڵاتى هەرێمى کوردستاندا بەڕێوەببرێن، ئەوە هەر باسى ماددەى 140 ناکەم کە دەیان ساڵە حکوومەتە یەک لە دواى یەکەکانى فیدراڵى عێراق نایەن بەلایدا و جێبەجێى ناکەن لەبەر ئەوەى لەبەرژەوەندى کوردە. جێگاى خۆیەتى ئەوەش بڵین کە دادگاى ئیتیحادى وادەبینرێت کە لایەندارانە هەموو ماددەکان لەبەرژەوەندى بڕیارەکان و ئاراستەکان بۆ دژایەتى هەرێمى کوردستان شیدەکاتەوە و دەڵیت بڕیارەکانمان جێگیرە و پابەندە بۆ هەموو لایەک کە ئەمەش خۆى دیسان زوڵمێکى روونە بەرامبەر مەسەلەى کورستان.
گرنگە ئەوەش بلێم کە ئێستا وێردى سەر زمانى دەستەڵاتدارانى عێراق دەستورە، کە هەموو ماددەکانى لەبەرژەوەندى ئەو هزرەى خۆیان شرۆڤە دەکەن کە لەخوارەوە ئاماژەى پێدەدەین، وەک بڵێى وشەى قورئانى پیرۆزە، ئەى ئەگەر رۆژێک هات و هەر خۆیان لەپەرلەمانى عێراق گۆڕانکاریان بەسەردا کرد و بەزۆرینەى دەنگ هەموویان بە شێوازێک دانا کە لە دژى هەرێمى کوردستان بێت کە ئەمەش هەر زۆر رێى تێدەچێت ئەو کات چی دەبێت؟
کەواتە ئێستا روونە کە ئەمەى دەکرێت رەنگە لە کابینەیەکى ترى حکوومەتى فیدڕاڵى هەنگاوى دوژمنکارانەترى بەدوادابێت، ئێستا روونبوەوە بۆ خەڵکى کوردستان کە زۆربەى سەرکردە سیاسیەکانى عێراقى پاش سەدام هزرێکى دەمارگیرى و پاوانخوازى و داگیراکاریان بۆ کوردستان هەیە و بە قۆناخ و هەریەکەیان بەشێکى جێبەجێ دەکەن. ئەوى جێگاى سەرسوڕمانە کە هەر سەرکردە سیاسیەکانیان نا، بەڵکوو بەشێک لە رۆشنبیر و خوێنەوارانى شەقامى عێراقیش گەرچى بەشەرمەوە کەڵبەیان دەردەخەن هەنگاو و بڕیارەکانى زەیدى بە گەڕانەوەى سەروەرى عێراق دادەنێن، وەک ئەوەى دروستکردنى هەرێمى کوردستان کە زادەى خەبات و خوێنڕشتى گەلى کوردستان و بەخشینى هەزاران شەهیدە بۆ گەیشتن بە مافى سیاسی ڕەواى خۆمان پیشڵیکارى و نەهێشتنى سەروەرى عێراق بێت، بۆیە هەزارجار بەداخەوە دەڵێم ئەگەر ئەوە بیرکردنەوەیان بێت کەواتە داهاتوویەکى پڕکێشە چاوەرى خەڵک و هەرێمى کوردستان دەکات.
پێویست بوو سەرکردە سیاسیەکان و رۆشنبیرانى عێراق بەرەو چەسپاندنى گیانى برایەتى و لێکتێگەیشتن و پێکەوژیان و ڕێزگرتن لە نەتەوەى جیاواز بچوونایە نەک گلۆربوونەوە بۆ زۆنگاوى بیرى داگیرکارى و پێشیلکردنى مافى خەڵکى کوردستان. کۆتا قسەم ئەوە یە کە ئەگەر دەستەڵاتدارانى عێراق دەیانەوێت کوردستان لەناوبەرن کە خەوێکە نە بۆ کەس هاتووەتەدی و نە بۆ کەسیش دێتەدى، ئەوا دەستوور هەبێت و هەرچیەک بێت یان بیگۆڕن هەر هەوڵى خۆیان دەدەن، باشتر وایە بگەڕێنەوە بۆ حیکمەتى سیاسی عەقڵ و پەردەیەک لە رژێمەکانى پێشوو و شۆڕشەکانى کوردستان دادڕن، دەبێت بزانن کە کوردستان سەرۆک مەسعود بارزانى و پێشمەرگەى هەیە بەرگرى لێ بکات.