عەبادى: جیهان شكستى هێناوه

سەرۆك وەزیرانى عێراق رەخنەى لە "شكستى" كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى گرت

K24 – ھەولێر

 

سەرۆك وەزیرانى عێراق رەخنەى لە "شكستى" كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى گرت سەبارەت بە "پەكخستنى تواناى پێشڕەوى داعش" و رایگەیاند، "لەو باوەڕەدام جیهان بە تەواوى شكستیهێناوە".

رۆژى سێشه‌ممه‌ (2-6-2015)، "حه‌يده‌ر عه‌بادى"، سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، له‌ كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانيدا، گوتى: "قسە زۆرە و لەسەر زەویش كردەوە كەمە"، هەر بۆیە "جیهان بە تەواوى شكستیهێناوە".

گوتيشى: "زۆرینەى جیهادییەكان لە وڵاتانى كەنداو، میسر، سووریا، توركیا و وڵاتانى ئەوروپاوە پەیوەستى ریزەكانى داعش دەبن".

وڵاتانى هاوپەیمانێتى دژ بە داعش، ئەمڕۆ لە پاریس كۆدەبنەوە بۆ ئەوەى ستراتیژێكى نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش دابڕێژن و هەمووان پێوەى پابەند بن.

پێش ئەنجامدانى كۆبوونەوەكە، عەبادى لە وەزارەتى دەرەوەى فەرەنسا بوو، لەوێ كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەى بە ئامادەبوونى 20 وەزیر و نوێنەرى ژمارەیەك رێكخراوى نێودەوڵەتى ئەنجامدا و رەخنەى لە كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى گرت و ئەوانەى بە "كەمتەرخەم" لە هەمبەر لەناوبردنى داعش تۆمەتبار كرد.

لە سەرەتاى درووستبوونى هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتى دژ بە داعش و لە ماوەى نزیكەى یەك ساڵى رابردوودا، هاوپەیمانان چوار هەزار گورزى ئاسمانییان كردووەتە سەر چەكدارانى داعش لە عێراق و سووریا.

سەبارەت بە هاوكاریكردنى عێراق، عەبادى گوتى: "قسەى زۆر دەكرێت، بەڵام لە زەمینەى واقیعدا كارى كەم دەكرێن".

سەبارەت بە پێكهاتەى نەژادیى چەكدارانى داعش، عەبادى ئاشكرای كرد، %60ى چەكدارەكان بیانین و تەنیا %40یان عێراقیین و ئەمەشى بە "كێشەیەكى نێودەوڵەتى" وەسف كرد.