ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا جەخت لە بەردەوامیی پرۆسەی ئاشتی دەکاتەوە
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان بەڕێوە چوو و لە راگەیەنراوی کۆتاییدا هەڵوێستی ئەنقەرە لەبارەی پرۆسەی ئاشتی، هەماهەنگی لەگەڵ عێراق و سووریا و دوایین پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان خرایە ڕوو.
پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا (MGK) کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێوە چوو، ڕاگەیەنراوێک بڵاو کرایەوە.
بەگوێرەی ئەو راگەیەنراوەی لە هەژماری فەرمیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا زانیاری پێشکەش بە ئەنجوومەنەکە کراوە دەربارەی ئەو چالاکییانەی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بە پێداگری و سەرکەوتووییەوە دژی هەموو جۆرە هەڕەشە و مەترسییەک بۆ سەر یەکڕیزیی نیشتمانی و مانەوەی دەوڵەت ئەنجام دەدرێن.
پرۆسەی ئاشتی و بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە:"هەڵسەنگاندن بۆ ئەو پێشکەوتنە بەرجەستانە و دۆخی ئێستا کراوە کە لە کارەکانی
پەیوەست بە پرۆسەی ئاشتی و ئامانجی ناوچە بەدەست هاتوون، و جەخت کراوەتەوە کە ئەو چالاکییە فرەڕەهەندانەی لە چوارچێوەی یاسای بەهێزکردنی هاوپشتیی نیشتمانی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتیدا ئەنجام دەدرێن، بە پێداگرییەوە بەردەوام دەبن."
ئاماژە بەوەش کراوە: "تاوتوێی ئەو قۆناخە کراوە کە لە بەرەنگاربوونەوەی بێسازشی گرووپەکانی تاوانی رێکخراودا پێی گەیشتوون، و دووپات کراوەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک رێگە بەو پێکهاتانە نادرێت کە بە ئامانجگرتنی ئارامی، خۆشگوزەرانی و سەلامەتیی گیان و ماڵی هاووڵاتییان، هەوڵی تێکدانی سیستەمی گشتی دەدەن."