ژمارەیەك مامۆستای كەركووك راژەكانیان دەگوازنەوە سەر بەغدا

K24  - كەركووك: 

بە پێی زانیارییەكانی كوردستان24 ماوەیەكە ژمارەیەك مامۆستای كورد، كە لەسەرمیلاكی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی ھەرێمی کوردستان دامەزراون، راژەكانیان دەگوازنەوە بۆ سەر سەرمیلاكی حکومەتی ناوەند.

ئەحمەد كەركووكی، بەرپرسی لیژنەی داكۆكیكردن لە مامۆستایانی ھەرێمی کوردستان و ناوچە دابراوەكان، لە سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، بە كوردستان 24ی راگەیاند: " گواستنەوەی راژە لە لایەن ھەندێك مامۆستا بۆسەرمیلاكی حكومەتی بەغدا، ھۆكارەكەی ئەوەیە كە ئەوانەی لەسەر میلاكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دامەزراون، بڕوانامەكانیان (تعدیل) راست نەكراوەتەوە، لە لایەكی دیكە ھیچ ئیمتیازاتێك نایانگرێتەوە"

مامۆستا ئەحمەد كەركووكی زیاتر گوتی: "پێویستە حكومەتی ھەرێمی كوردستان كار بكات بۆ جێبەجێ كردنی مادەی 140، بۆئەوەی چیتر خەڵكی كەركووك بە تایبەتی كوردانی ئەو شارە كوردستانییە، بێبەش نەبن لەو ئیمتیازانەی كە ھاووڵاتییانی شارەكانی دیكە لێی سوودمەندن".

لە ساڵی 2003ـوە چەندین مامۆستای كورد لە پارێزگای كەركووك لەسەرمیلاكی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی ھەرێمی کوردستان دامەزراون، بەڵام تا ئێستا گرفتی راستكردنەوەی بڕوانامەیان ھەیە، لە لایەكی دیكەش لە شارەكەدا بێبەشكراون لە ھەموو ئەو ئیمتیازاتانەی لە حكومەتی بەغداوە دەدرێت بە مامۆستاكانی دیكەی ناوچەكە.