چنار سەعد عەبدوڵڵا داواى رێككه‌وتنێكى نوێ ده‌كات

دەبێت پلان دابڕژرێت بۆ رێككەوتنێكی دیكە.

K24 – هه‌ولێر:

لە میانی بەشداری كردنی لە بەرنامەی "باسی رۆژ"ى كوردستان 24دا، چنار سەعد عەبدوڵڵا ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە بارەی كاڵبوونەوەی رێكەوتننامەی نێوان پارتی و یەكێتی و ئەگەری رێككەوتنێكی نوێ لە نێوانیاندا رایگەیاند، ھەردوو لایەنی سیاسی بە پلەی یەك گەیشتنەوە ئەو بڕوایەی، پاراستنی ئەو رێككەوتنە ئەركی ھەموو لایەكە نەك ھەر دەبێت بپارێزرێت، بەڵكو دەبێت پلان دابڕژرێت بۆ رێككەوتنێكی دیكە.

گوتيشى: "ئەگەرچی زۆرجار قسە لەسەر ئەوە دەكرێت، رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی وەك خۆی جێبەجێ ناكرێت، راستە رەنگە وەك پێشتر و سەدا سەد جێبەجێ نەكراوە، بەڵام بە بۆچوونی من تا ئێستا رێككەوتنەكە ھەر ماوە، لە دۆخێكی وەك ئەمڕۆ، كە كوردستان پێیدا تێدەپەڕێ و گرژی سیاسی لە ناوخۆشمان زۆر تەشەنەی سەند، جارێكیدیكە ھەردوو لایەنی سیاسی بە پلەی یەك گەیشتنەوە ئەو بڕوایەی، پاراستنی ئەو رێككەوتنە ئەركی ھەموو لایەكە نەك ھەر دەبێ بپارێزرێت، بەڵكو دەبێت پلان دابڕژرێت بۆ رێكەوتنێكی دیكە".

روونيشيكرده‌وه‌، رەنگە ئەو رێككەوتنە ھاوشێوەی رێككەوتنی پێشووتر نەبێت، چونكە رێككەوتننامەی پێشتر لە قۆناغێك بووە پێویست بووە بۆ ئەوكات ئێستا قۆناغێكی دیكە لە ئارادایە.

چنار سه‌عد عه‌بدوڵڵا ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، "رەنگە ساردییەك ھەبووبێت لە نێوان هه‌ردوولايه‌ندا، لە ھەندێك قۆناغ رێككه‌وتنه‌كه‌ كاڵ بووبێتەوە، بەڵام رێككەوتنەكە كۆتایی پێ نەھاتووە".

ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كرد، "رەنگە ھەندێك لایەنی سیاسی ھەزمكردنی ئەو قسەیان لا ئاسان نەبێت، بەڵام راستیيەك ھەیە، رەوشی سیاسی، ئیداری، ئابووری و تەنانەت دۆخی دیبلۆماسی ھەرێمی كوردستان بەستراوەتە بەو پەیوەندییەی لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دا ھەیە. ھۆكارەكەشی ئەوەیە دوو لایەنە سیاسییەكه‌ پەیوەندییەكی مێژوويى دوور و درێژیان ھەیە لە ئیدارەدان و كاركردن پێكەوە".