سوودانی: کۆنترۆڵکردنی چەک داواکاریی رۆژئاوا نییە، بەڵکو شایستەیەکی نیشتمانییە

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان

سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، جەختی کردەوە کە کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا شایستەیەکی نیشتمانییە کە عێراق پێویستی پێیەتی نەک داواکارییەکی رۆژئاوایی، هاوکات داوای گفتوگۆ و هێورکردنەوەی کرد بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییە سیاسییەکان.

شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆڕێکدا، گوتی: بونیاتنانی دەوڵەت بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و دەکەوێتە سەر شانی گەل و هێزە سیاسییەکان.

ئەوەشی خستە روو، ئەزموونەکانی ئەم دواییەی هەڵبژاردن لە هەندێک وڵاتدا توانای گەلانیان سەلماند بۆ گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکان لە رێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە؛ هاوکات جەختی لە پێویستیی ئەوە کردەوە کە دەستەبژێرە سیاسییەکان کار بکەن بۆ بەهێزکردنی هۆشیاری لە بارەی گرنگیی بونیاتنانی دەوڵەت و دامەزراوەکانی، بە جۆرێک کە ئاستێکی کارکردن مسۆگەر بکات وەڵامدەرەوەی خواست و خولیاکانی هاووڵاتییان بێت.

سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان ئاماژەی بەوەش دا، هێزە سیاسییەکان گفتوگۆیان لەسەر سەرجەم ئاستەنگەکان کردووە و دەنگیان بە رێککەوتنی سیاسی و کارنامەی حکوومەت داوە، کە ئەمەش گوزارشت لە بڕیارێکی سیاسی و پەرلەمانی دەکات.

هەروەها سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا یەکێکە لە دیارترین تەوەرەکانی کارنامەی حکوومەت و، ئەمە داواکارییەکی رۆژئاوایی نییە بەو ئەندازەیەی کە شایستەیەکی نیشتمانییە و دەوڵەتی عێراق پێویستی پێیەتی.

پرسی کۆنترۆڵکردنی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت لە عێراقدا، یەکێکە لە هەستیارترین دۆسیە ئەمنی و سیاسییەکانی وڵات کە راستەوخۆ پەیوەستە بە سەروەریی نیشتمانی و جێبەجێکردنی دەستوورەوە؛ هەروەها دوای کۆتاییهاتنی ئەرکە سەربازییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی 2026، ئەم دۆسیەیە پێی ناوەتە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە و بووەتە تاقیکردنەوەیەکی راستەقینە بۆ دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق.

بەغدا رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2026ـی وەک دەستپێکی قۆناخێکی کرداری راگەیاند و، رێکەوتی 30ـی حوزەیرانی 2027ـی وەک دوا مۆڵەت دیاری کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی چەکی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت و رێکخستنەوەی سەرجەم گرووپە چەکدارەکان.