لە ناوچە شاخاوییەكانی کوردستان بەفر دەبارێت
ئەو شەپۆلەی بارانبارین و بەفربارینەی کە پێشبینی دەکرا هەرێمی کوردستان بگرێتەوە دەستیپێکرد
K24
بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی لە ھەرێمی كوردستان رایگەیاند ئەو شەپۆلەی بارانبارین و بەفربارینەی کە پێشبینی دەکرا هەرێمی کوردستان بگرێتەوە دەستیپێکرد و بەفر ناوچە شاخاوییەكان دەگرێتەوە.
فازل ئیبراھیم، بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی بە (كوردستان24)ی راشیگەیاند: "وەك پێشتر پێشبینیی ئەو شەپۆلەی باران و بەفربارینمان كردبوو، ئەمڕۆ بارانبارین لە زۆربەی ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان دەستیپێكرد".
فازل ئیبراھیم گوتیشی: "لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ باران زیاتر دەبارێت و پێشبینیی دەكرێ تاوەکوو شەو بەفر لە ناوچە شاخاوییەكان ببارێت، ئەم شەپۆلە تا رۆژی دووشەممە لە پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆك بەردەوام دەبێ و تا بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە كاریگەریی لەسەر سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵبەبجەش دەبێت".
بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی ھەرێمی كوردستان: "بەگشتیی ئەم شەپۆلەی بارانبارین زیاتر كاریگەریی لەسەر سلێمانی و گەرمیان دەبێت".