فەرماندەی گشتیی پۆلیسی کەرکووك دەستنیشانکرا
پێشتر نۆ جار بە تەقینەوە و بۆمب کراوەتە ئامانج
K24 – كهركووك:
عەمید خەتاب عومەر، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئامادە لە کەرکووك رایگەیاند کە ئەمڕۆ دووشەممە، بە فەرمیی پۆستی فەرماندەی گشتیی پۆلیسی پارێزگای کەرکووکی پێسپێردرا، لە بڕی لیوا جەمال تاهیر، فەرماندەی پێشووی پۆلیسی کەرکووك.
عەمید خەتاب بە ماڵپەڕی (کوردستان 24)ی راشگەیاند کە: ئەو هێشتا لە ئۆفیسی فەرماندەی پۆلیسی کەرکووك دەستبەکارنەبووە، بەڵام بڕیارە ئەمڕۆ ئەو هەنگاوە بنێ و بە فەرمیی وەک فەرماندەی گشتیی پۆلیسی کەرکووك دەستبەکار بێ، چونکە بە فەرمیی ئەو پۆستەی پێسپێردراوە".
عەمید خەتاب گوتیشی: "بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەم پۆستەم پێسپێردرا و دەستبەكاردەبم، ھەوڵدەدەم زیاتر خزمەتی خەڵكی كەركووك بكەم و ئارامیی و ئاسایشی بپارێزین".
لە بارەی بەرزكردنەوەی پلە سەربازییەكەیەوە، عەمید خەتاب گوتی: "تا ئێستا پلەی سەربازیم بەرزنەكراوەتەوە، چونكە چەند مانگێك ماوە بۆ ئەوەی لە كاتی یاسایی خۆیدا پلەكەم بەرز بكرێتەوە".
عەمید خەتاب عومەر لە ساڵی 2003وە پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی ئامادەی کەرکووکی وەرگرتووە و تا ئێستا نۆ جار لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە لە کەرکووک بە تەقینەوەی خۆکوژیی و بۆمبی چێندراو کراوەتە ئامانج و چەند جارێک برینداربووە.
هاوکات لەگەڵ دەستنیشانکردنی فەرماندەی گشتیی پۆلیسی کەرکووک، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاری گواستنەوەی لیوا تۆرهان عەبدولرەحمان، جێگری فەرماندەی گشتیی پۆلیسی کەرکووکی دەرکرد، بۆ دیوانی وەزارەتەکە.