سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی: پێویستە وڵاتان خەرجییەکانیان کەم بکەنەوە

سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی بانگەوازێکی بەپەلەی بۆ وڵاتان دەرکرد تا خەرجییەکانی حکوومەت، کورتهێنان و ئاستی قەرزەکانیان کەمبکەنەوە. سندووقەکە هۆشداری دا، هەر دواکەوتنێک لەم بوارەدا چارەسەرکردنی ئەو پرسە لە ساڵانی داهاتوودا دژوارتر دەکات.

چوارشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، رۆدریگۆ ڤاڵدێز، سەرۆکی بەشی کاروباری دارایی لە سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "بەرزبوونەوەی داهاتی بۆندە سیادییەکان گوشارە داراییەکان زیاد دەکات، لە کاتێکدا قەرزی گشتی ئامادەیە بگاتە 100%ـی بەرهەمی ناوخۆیی، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، ئەمەش بۆشاییەکی کەمتری بۆ وڵاتان هێشتووەتەوە تا دوا بکەون".

رۆدریگۆ ڤاڵدێز روونیکردەوە، بابەتەکە ئێستا بەپەلەیە، چونکە بارودۆخەکە گۆڕاوە. لەو چوارچێوەیەدا ئاماژەی بە گوشارەکانی هەڵاوسان، ئاستی بەرزی قەرزی جیهانی و بەرزبوونەوەی خەرجییە سیادییەکان کرد.

سەبارەت بە ئاڵەنگاریی بەردەم وڵاتانی خاوەن ئابووریی پێشکەوتوو روونیکردەوە، ئەو وڵاتانە خاوەنی ئاستی بەرزی قەرزن و پێویستە پاڵپشتی سیاسی بۆ پلانە کردەییەکان دروست بکەن بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی تێچووی قەرزکردن لە کورتخایەندا و سنووردارکردنی کاریگەرییە زنجیرەییەکان لەسەر بەشەکانی دیکەی جیهان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رۆدریگۆ ڤاڵدێز گوتی: "هەرچەندە وڵاتان زیاتر چاوەڕێ بکەن، دەستکارییەکان ئازاربەخشتر دەبن". هاوکات روونیکردەوە، دواخستنی دەستکارییەکان دەبێتە هۆی زیادبوونی لاوازیی دارایی و بەرتەسککردنەوەی بژاردەکانی بەردەم داڕێژەرانی سیاسەت.

سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی رایگەیاند، بارودۆخی دارایی بۆ زۆرێک لە بازاڕە تازەپێگەیشتووەکان و ئابوورییە گەشەسەندووەکان هێشتا گونجاوە، بەڵام رەنگە ئەوە بەردەوام نەبێت. هەروەها رایگەیاند، "وڵاتانی خاوەن داهاتی کەم، کە پێشتریش رووبەڕووی سنووردارکردنی زیاتری دارایی دەرەکی بوونەتەوە، پێویستە سیستەمە باجییەکانیان بەهێز بکەن و توانای خەرجکردنیان باشتر بکەن".

سەبارەت بە دۆسیەی وزە، رۆدریگۆ ڤاڵدێز گوتی، بەشێکی زۆر لە وڵاتان رێگە دەدەن بە گواستنەوەی بەرزبوونەوەی نرخی وزە بۆ سەر بەکاربەرەکانیان، بەڵام زۆرێک لەوان هێشتا پشت بە رێوشوێنی بەرفراوان و تێچووی زۆر دەبەستن بۆ پاراستنی دانیشتووان لە کاریگەرییەکانی ئەو بەرزبوونەوانە.

ڤاڵدێز لە کۆتاییدا گوتی: "مەزەندەمان وایە تێچووی دارایی گشتی ئەم رێوشوێنانە دەگاتە نزیکەی 0.5%ـی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی". ڤاڵدێز روونیکردەوە، بەردەوامبوونی ئەم رێوشوێنانە دەبێتە هۆی ئەوەی نرخەکان لەسەر ئاستی جیهان زیاتر بەرز ببنەوە.