زێبارى: مووسڵ به‌ بێ پێشمه‌رگه‌ رزگار ناكرێت

وه‌زيرى دارايى عێراق ده‌ڵێت: سوپا پێويستى به‌ پێشمه‌رگه‌يه‌.

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زيرى دارايى عێراق، هۆشيار زێبارى رايگه‌ياند، سوپاى عێراق پێويستى به‌ پشتيوانى و هاوكارى هێزى پێشمه‌رگه‌يه‌ له‌ پرۆسه‌ى رزگاركردنى شارى مووسڵ.

پێشبينيشى كرد، پرۆسه‌ى رزگاركردنى مووسڵ پرۆسه‌يه‌كى "زۆر زه‌حمه‌ت ده‌بێت".

دواى رزگاركردنى شارى روومادى، حكومه‌تى عێراق رايگه‌ياندووه‌، ئامانجى دواترييان رزگاركردنى شارى مووسڵ ده‌بێت.

سه‌باره‌ت به‌و پرۆسه‌يه‌، هۆشيار زێبارى گوتى: "مووسڵ پێويستى به‌ پلانى ورد و ئاماده‌كارى و پابه‌ندبوونى هه‌موو لايه‌نه‌كان هه‌يه‌ به‌و پلانه‌وه‌".

له‌ باره‌ى پێشمه‌رگه‌وه‌، زێبارى گوتى: "پێشمه‌رگه‌ هێزێكى سه‌ره‌كييه‌ و مووسڵ به‌ بێ به‌شدارى پێشمه‌رگه‌ رزگارناكرێته‌وه‌".

هه‌روه‌ها روونيكرده‌وه‌، پرۆسه‌ى رزگاركردنى مووسڵ زۆر ئه‌سته‌مه‌.

له‌ ماوه‌ى هه‌ژده‌ مانگى رابردوودا، پرۆسه‌ى رزگاركردنى روومادى به‌ يه‌كه‌م سه‌ركه‌وتنى له‌و جۆره‌ى سوپاى عێراق هه‌ژمار ده‌كرێت، كه‌ به‌ ده‌ستى هێنابێت.

له‌و باره‌يه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، حه‌يده‌ر عه‌بادى سه‌ردانى روومادى كرد و رايگه‌ياند، ساڵى داهاتوو كۆتايى داعشه‌ و سوپا سه‌رجه‌م ناوچه‌كان رزگارده‌كاته‌وه‌.

مووسڵ له‌ 10ى حوزه‌يران/ يۆنيۆى 2014، له‌ لايه‌ن چه‌كدارانى داعشه‌وه‌ داگيركرا.