"هەندێکیان پەیوەندیان بە هێرشەکانی پاریسەوە هەبوو"
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا: چەند سەرکردەیەکی دیاری داعشمان کوشت
K24:
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند هێزەکانی هاوپەیمانان بە رێگەی چەند هێرشێکی ئاسمانیی چەند سەرکردەیەکی داعشیان لە سووریا و عێراق کوشت و هەندێک لەو سەرکردانە پەیوەندیان بە هێرشەکانی پاریسەوە هەیە.
کۆلۆنێڵ ستیڤ وارن، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، راشیگەیاند: "عەبدولقادر حەکیم یەکێکە لەو سەرکدانەی داعش کە لەو هێرشانە کوژراون و پەیوەندی بە ئەنجامدەرانی هێرشەکانی پاریسەوە هەبوو".
ستیڤ وارن گوتیشی: "ئێمە لە پاڵ ئۆپەراسیۆنەکانمان سەری مارەکە بە ئامانج دەکەین بە رێگەی راودونانی سەرکردەکانی رێکخراوەکە و کوشتنیان".
گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش ئاشکراشی کرد کە: "لە مانگی رابردوو 10 سەرکدەی داعشیان بە رێگەی هێرشی ئاسمانیی کوشتووە و یەکێک لە کوژراوەکان شەرەف ئەلموئەدنە کە لە 24 مانگی رابردوو کوژرا".
کۆلۆنێڵ ستیڤ وارن ئاماژەشی کرد کە: "ئەلموئەدن ئەندامی رێکخراوی (داعش) بوو لە سووریا و پەیوەندیی بە عەبدولحەمید ئەباعودە هەبوو کە سەرپەرشتیاری شانەکەی هێرشەکانی پاریسەوە هەبوو و سەرقاڵی داڕشتنی پلانی دیکە بوو بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوا".
مانگی رابردوو چەند چەکدار و خۆکوژێک چەند هێرشێکیان لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا ئەنجامداو بوونە هۆی کوژرانی نزیکەی 130 کەس و برینداربوونی نزیکەی 300 کەسی دیکە. دواتر داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە راگەیاند.
|
Click here to Reply or Forward |