سەلیم جبووریی: پێشمەرگە رۆڵی كاریگەر لە شەری دژی داعش دەگێڕێ

سەرۆكی ئەنجوومەنی نەینەوا: ھەوڵی جدی نەدراوە بۆ رزگاركردنی نەینەوا

K24- ھەولێر:

کۆبوونەوەی راوێژكاری دووەمی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی نەینەوا و سەڵاحەدین و ئەنبار لە ھەولێر دەستیپێكرد.

سەلیم جبووریی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارە لە گوتارێكیدا تیشكی خستەسەر بارودۆخی عێراق و رایگەیاند: "سوپاسی سەركردە و گەلی كوردستان دەكەین، ھیوا دەخوازین هێمنیی و ئارامیی باڵ بەسەر ھەرێمی كوردستاندا بكێشێت".

لەبارەی رزگاركردنی چەندین ناوچە لە دەست داعش و رۆڵی پێشمەرگە جبووریی گوتی: "پێشمەرگە ھاوشانی ھێزەكانی عێراق رۆڵی كاریگەر دەگێڕێت لە شەڕی دژی داعش، پێویستمان بە ھاوكاریی زیاترە بۆ لە ناوبردنی داعش، ھەروەھا دەستپێكردنی پڕۆسەی رزگاركردن نزیك بووەتەوە و خەڵكی نەینەواش ئامادەن ھاوكاریی ھێزەكانمان بكەن".

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "دەمانەوێ لەو كۆبوونەوەدا چارەسەرێك بۆ كێشەكان بدۆزینەوە، دڵنیابن ھەموو جیاوازییەكان لە رابردوودا بوونە ھۆی ئەو شكستانەی كە تووشمان بوون، ئێستا كاتی ئەوەیە ھەموو ناكۆكییەكان وەلا بنێین، ئەوەی ئێستا دەتوانرێ تێیدا سەركەوتووبین ھۆز و خێڵە چەکدارەکان لە ژێر چەترێك كۆبكەینەوە، دەبێ چەك لە ھەموو ئەو ھێزانەی لە دەرەوەی ھێزە فەرمییەکانی عێراقن وەبگێرێتەوە".

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "داوا لە ھەموو فراکسیۆنە سیاسییەكان دەكەم زیاتر لە یەكتر نزیك بینەوە و پرۆژەیەكی نیشتمانیی بخەینەڕوو بۆ دەربازبوون لەو باروودۆخە، لێتان ناشارمەوە زۆربەی عێراقییەكان بەرپرسانی عێراق تۆمەتبار دەكەن، بە مانەوەی ئەو كێشانە دەبێ ئەو گومان و نیشانەی پرسیار كە لای ھاوڵاتیان ھەیە لەسەر سەركردە و بەرپرسان بڕەوێنینەوە، پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی ھەموو ئەو شوێنانە بدرێت كە لە بندەستی داعشدان، چونكە ئەوان لە لایەن داعشەوە زوڵمیان لێ دەكرێت".

ھەر لەو دیدارەدا بەشار كیكی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە وتەكەیدا بە ناوی خەڵكی نەینەوا سوپاسی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و ھەموو خەڵكی كوردستانی كرد بۆ "لە ئامێزگرتنی ئاوارەكانی شارەكانی عێراق".

بەشار كیكی گوتیشی: "تا ئێستا ھەوڵی جدی نەدراوە بۆ رزگاركردنەوەی پارێزگای نەینەوا، گلەییەكانمان رووبەڕووی حكوومەتی عێراق دەكەینەوە کە تا ئێستا بە دەنگ داواكانمان نەھاتووە، دەبێ ھەموو ھەوڵەكان كۆبكرێنەوە بۆ رزگاركردنی مووسڵ".