عه‌بادى: هيچ به‌ڵگه‌يه‌ك نييه‌ توركيا رووبه‌ڕووى داعش ببێته‌وه‌

رایگەیاند ھەتا ئێستا ئەوان ھیچ بەڵگەیەكیان لەبەردەست نییە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت توركیا رووبەڕووی رێكخراوی داعش بووه‌تەوە.

K24 – داڤۆس:

حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، رایگەیاند ھەتا ئێستا ئەوان ھیچ بەڵگەیەكیان لەبەردەست نییە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت توركیا رووبەڕووی رێكخراوی داعش بووه‌تەوە.

لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی سی ئێن بی سی ئەمریكی، عەبادی رەخنەی توند لە توركیا دەگرێت و دەڵێ ئەوان بەڵگەیان ھەیە كە پیشانیدەدات لەرابردوودا ھەندێ لەبەرپرسانی توركیا پەیوەندیان لەگەڵ داعش ھەبووە، و ئەو رێكخراوەش تەنیا لەرێگای توركیاوە نەوتی بەقاچاخ فرۆشتووە و پێویستە ئەم كارە رابگیرێت.

ھەروەھا عەبادی باس لەوە دەكات كە توركیا دەیەوێت جارێكی دیكە بگەڕێتەوە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەكان و بەغداش دژی ئەوەیە و پێویستیش ناكات توركیا بەشداری لە ئۆپراسیۆنی رزگاركردنەوەی مووسڵ بكات.

پاشان سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئاشكرای كرد ئەوان دەیانەوێت پەیوەندییەكی بەھێزیان لەگەڵ ئەنقەرە ھەبێت، بەڵام ئۆپراسیۆنەكانی توركیا بۆ نێو خاكی عێراق دژی پەكەكە و ھاتنی ھێزی توركیا بۆ ناوچەكانی نزیك مووسڵ، رێگربوون لە دروستكردنی ئەو پەیوەندییە بەھێزە.