ئه‌مه‌ریكا: له‌ كاریگه‌ریی قەیرانی ئابووری كوردستان تێده‌گه‌ین

پێویسته‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی هاوكاری هه‌رێم بكه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی له‌ كاریگه‌ریی قەیرانی ئابووری ودابینكردنی پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان تێده‌گات.

ستیوارت جۆنز ‌ باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 24ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2016، له‌گه‌ڵ شاندێكدا سه‌ردانی مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانی كرد.

له‌ دیدارێكدا باس له‌ قه‌یرانی ئابووری ئێستای هه‌رێمی كوردستان كرا و جەختیش لەوە كرایەوە، كە پێویستە هاوپه‌یمانی جیهانی لە تێپەڕاندنی ئه‌و قەیران و كێشانه‌دا یارمەتیی هه‌رێمی كوردستان بدات. 

هەر لەم دیداره‌دا ڕۆشنایی خرایە سەر سەردانی ئه‌م دواییه‌ی شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ واشنتۆن و ئەنجامی ئەو سەردانە بە سوودبەخش وەسفكرا.

هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكرنی موسڵكرا و مه‌سرور بارزانی له‌مباره‌یه‌وه‌ گوتی: "پێویسته پێش ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ میكانیزمێكی كارا بۆ پێكه‌وه‌ كاركردنی هێزه‌كان له‌ پێكهاته‌كانی ئه‌و شاره‌ بدۆزرێته‌وه"‌.

لە دیداره‌كه‌دا، دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی بارودۆخی جه‌نگی دژ به‌ تیرۆریستان لە پارێزگاكانی نەینەوا و ئەنبار و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لە شنگال و كاریگەریی ئەو سەركەوتنانە لەسەر شەڕه‌كه‌ تاوتوكرا.

 راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان  دووپاتی له‌ بایەخی تێكشكاندنی سه‌ربازییانه‌ی داعش و ئازادكردنی موسڵ كرد، كه‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنی به‌سه‌ر ئاینده‌ی شه‌ڕه‌كه‌وه‌ ده‌بێت، و گووتیشی پێویسته میكانیزمێكی كارا بۆ پێكه‌وه‌ كاركردنی هێزه‌كان بدۆزرێته‌وه‌، كه‌ نه‌بێته‌ هۆی دروستبوونی حه‌ساسیه‌ت له‌ نێوان پێكهاته‌كانی ئه‌و شاره‌دا.