فەیسبووك 25 ھەزار دۆلار وەك دیاری دەدات بە گەنجێكی كورد
"لێكۆڵینەوەم لەسەر ئەو ھەڵەیە كرد"

K24 - دھۆك:
گەنجێكی كوردی باشووری كوردستان ھەڵەیەكی ماڵپەڕی فەیسبوكى ئاشكرا كرد، لە بەرامبەردا كۆمپانیای فەیسبوك 25 ھەزار دۆلاری بەخشیە ئهو گەنجە كوردە.
عومەر محەممەد ئەو گەنجە كوردەی ھەڵەیەكی فەیسبوكی ئاشكرا كرد لە پێگەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك نووسیویەتی: "لە ماڵپەڕی فەیسبوكدا زۆر پڕۆگرامی مەترسیدار ھەن كە ھەڵەیان ھەیە، یەكێك لەوانە، پڕۆگرامێك ھەیە كاتێك كەسێك نامە بۆ ھاوڕێیەكی بنێرێت دەتوانێت پاسۆردەكەی ئاشكرا بكات و بە ئاسانی بچێتە ناو ئەكاونتەكەی".
ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە: "لێكۆڵینەوەم لەسەر ئەو ھەڵەیە كرد، كە چۆن ھەڵەیەكی وا ھەبێت بە ئاسانی بتوانرێت پاسۆردی كەسێكی دیكە ئاشكرا بكرێت، بەڵگەكانم بە وێنە و نووسین بۆ كۆمپانیای فەیسبوك نارد، ئەوانیش سوپاسیان كردم و 25ھەزار دۆلاریان وەك دیاری پێبەخشیم".
عومەر ئاشكرای كردووە، لە نامەكەیدا ناوی كوردستانی لەگەڵ ناوی خۆی نووسیوە بۆ ئەوەی ناوی كوردستان بچێتە كۆمپانیایەكی گەورەی وەك فەیسبووك، ئەو كۆمپانیایەش ناوی كوردستانی لەگەڵ ناوی گەنجە كوردەكە بڵاوكردوەتەوە".
عومەر محەممەد، دانیشتووی پارێزگای دھۆكە لە باشووری كوردستان، خوێندكاری بەشی ئەندازیاری كۆمپیوتەرە لە زانكۆی دھۆك.