لە یادی پەنجا ساڵەی نیشتەجێبوونیاندا، ناشڤیل رێز لە کۆمەڵگەی کوردی دەگرێت
لە یادی پەنجا ساڵەی گەیشتنی یەکەمین کاروانی خێزانە کوردەکان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەنجوومەنی شار و نووسینگەی سەرۆکی شارەوانیی ناشڤیل لە ویلایەتی تێنەسی، بە پێشکەشکردنی دوو بەڵگەنامەی فەرمیی رێزلێنان پێشوازییان لە نیو سەدە خزمەت، ئاوەدانکردنەوە و خۆڕاگریی کۆمەڵگەی کوردی لە شارەکەدا کرد.
بەگوێرەی بەڵگەنامە فەرمییەکان، 1ـی ئایاری 1976 یەکەم گرووپی پەنابەرانی کورد گەیشتنە ئەمریکا و لە ناشڤیل نیشتەجێ بوون. ئێستاشدا ئەو شارە وەک گەورەترین مەڵبەندی کۆمەڵگەی کوردی لە تەواوی ئەمریکادا دەناسرێت و زیاتر لە 20 هەزار کوردی تێدا دەژین، لە سێکتەرەکانی بازرگانی، پەروەردە، تەندروستی و خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا بوونەتە بەشێکی کاریگەر و سەرەکی لە پێکهاتەی شارەکە.
لە بەڵگەنامەکانی رێزلێنانەکەدا، وێڕای بەرزنرخاندنی رۆڵی کورد لە پێشخستنی شارەکە، رێز لە ئازایەتی و قوربانیدانی نەوەی یەکەم گیرا کە توانییان هاوشانی بونیاتنانی داهاتوویەکی نوێ، زمان، کولتوور و دابونەریتی رەسەنی کوردی بۆ نەوەکانی دوای خۆیان بپارێزن. هاوکات ستایشی خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگەی کوردستان کرا کە وەک هێزێکی هاوبەش لە پاڵ سوپای ئەمریکادا رووبەڕووی تیرۆر بوونەوە و ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند.
مایک کۆرتێسی، ئەندامی ئەنجوومەنی شاری ناشڤیل لە بارەی ئەم رێزلێنانەوە گوتی: شانازییە بۆ من کە توانیم بەڵگەنامەی رێزلێنان پێشکەش بکەم بۆ یادکردنەوەی 50 ساڵەی کۆمەڵگەی کوردی لێرە لە ناشڤیل، ئەمەش ئەو کارە بوو کە ئەنجامماندا بە پێشکەشکردنی بەڵگەنامەیەک لە ئەنجوومەنی شار و یەکێکی دیکەش لە نووسینگەی سەرۆکی شارەوانی.
زولفەت سوارا، ئەندامی ئەنجوومەنی شاری ناشڤیل رایگەیاند: کاتێک دەبینین کۆمەڵگەی کوردی چ بەشدارییەکی، لە پێشخستنی ناشڤیل کردووە، ئەمە زۆر مانابەخشە، 50 ساڵ ماوەیەکی درێژە، بۆیە زۆر سوپاسگوزارم کە ناشڤیل رێز لە کۆمەڵگەی کوردی و سەرجەم خزمەتەکانی دەگرێت، و بە هیوای 50 ساڵی دیکەی پڕ لە سەرکەوتنین.
حیکمەت بامەڕنی، یەکێک لە کوردە دێرینەکانی دانیشتووی ئەمریکا، رایگەیاند، من لە ساڵی 1976 هاتوومەتە ئەمریکا و 50 ساڵە لێرە دەژیم، سوپاسی هەموو رەوەندی کوردی دەکەم، خەڵکەکەمان هەمیشە کوردپەروەرن، خزمەتی وڵاتەکەیان دەکەن و خۆشەویستییەکی بێپایانیان بۆ گەلەکەیان هەیە.