پاسداران: دەتوانین لەھەر كات و شوێنێكدا بنكەكانی دوژمنانمان بكەینە ئامانج

جێگری فەرماندەیی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، دەتوانین لەھەر كات و شوێنێكدا بنكەكانی دوژمنانمان بكەینە ئامانج و لەناویان به‌رین.

K24 – تاران:

جێگری فەرماندەیی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، دەتوانین لەھەر كات و شوێنێكدا بنكەكانی دوژمنانمان بكەینە ئامانج و لەناویان به‌رین.

هه‌روه‌ها دەستبەسەركردنی ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی هێزی دەریایی ئەمریكا لە كەنداو بە دەستكەوتێكی گەورە و پەیامێك بۆ سەلماندنی ھێز و توانای سەربازیی وڵاتەكەی دەزانێت.

به‌رامبه‌ر به‌و چالاكییه‌ی هێزه‌كانی سوپای پاسداران له‌ كه‌نداو، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران ستایشی رۆڵی ئەندامانی سپای پاسدارانی كرد.

دەستگیركردنی دە سه‌ربازى ئەمریكی لە كەشتییەكی سەربازییدا لە ئاوى كەنداو لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە و دواتر ئازادكردنیان، دوای زیاتر لە دە رۆژ، بوەتەوە باسی گەرمی میدیاكانی ئێران.

عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێرانیش، چاوی بە ئەو ئەندامانەی سوپای پاسداران كەوت كە چەكدارانی ھێزی دەریایی ئەمریكیان دەستبەسەر كردبوو و بە ھەنگاوێكی گونجاو و گرنگی ناوبرد.

عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، له‌و باره‌يه‌وه‌ گوتى: كارەكەتان زۆر باش و سەرەنجڕاكێش بوو، ھەوڵەكانتان رێك لە كاتی خۆیدا و زۆر بەجێ بوو. رووداوێك كە ئەوانی راكێشی ئاوەكانی ئێران كرد بەوشێوەیە خۆیان رادەستی ئێوەكرد. ئەم رووداوە كاری خودا بوو لەكاتێكی زۆرباشدا ئەو كارە ئەنجامدرا.

ئەگەرچی رۆژی دواتر ئەو چەكدارە ئەمریكیانە لە لایەن ئێرانەوە ئازادكران، بەرپرسانی ئێران ئەوە بە دەستكەوتێكی گەورە و وەڵامێك بۆ ئەمریكا دوژمنی دێرینەیان دەزانن.

حوسێن سەلامی جێگری فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی  ئێرانیش ئەو ھەنگاوە بە ئاماژەیەك بۆ دەرخستنی توانا سەربازییەكانی وڵاتەكەی و پەیامێكی سیاسی بۆ لایەنی بەرانبەری دەزانێت.

 حوسێن سەلامی جێگری فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران گوتى: ئەمریكییەكان دەبێت رێز لە روانگە و خواستە سیاسییەكانی ئێمە بگرن، ئێمە دەتوانین و دەمانتوانی ھەموو بنكەكانی دوژمن ھاوكات لەھەرشوێن و لەھەركات لەناوببەین. ھیچ ویرانێك لە ناوچەكەدا نییە كە بە بێ بەشداری ئێران چارەسەر بكرێت.

پەیوەندییەكانی ئەمریكا و ئێران كە چاوەڕێدەكرا دوای رێككەوتنی ناوەكی ئێران و وڵاتانی 5+1 و جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتننامەیە، ئاراستەیەكی كەمێك نەرمتر وەربگرن، بەڵام زوومی لێدوان و كاردانەوەكانی بەرپرسانی ئێران، لە رەھەندی دوژمنایەتییەكی دێرینەوە ئەمریكا دەكەنە ئامانج و پێدەچێت ئاگری ئەم ناكۆكییە بەمزووانە خۆش نەبێت.