یەكگرتووی ئیسلامی: ھۆكارە ناوخۆییەكان ھۆكاری سەرەكی قەیرانی دارایین

"پڕۆژەیەكی نوێ بۆ چاكسازی دەخەینەڕوو"

K24 - ھەولێر:

فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ھۆكارە ناوخۆییەكان ھۆكاری سەرەكین بۆ قەیرانی دارایی ھەرێمی كوردستان.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەبوبەكر ھەڵه‌دنی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان راو بۆچوونی فراكسیۆنەكەیانی بۆ چارەسەری كێشە و قەیرانەكانی ھەرێمی كوردستان خستەڕوو و رایگەیاند: "لەگەڵ بڕینی بەشە بودجەی ھەرێم لە لایەن شۆڤێنیەكانی عەرەب لە بەغدا و شەڕی تیرۆرستان و دابەزینی نرخی نەوت و بوونی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەكان، ھۆكارە ناوخۆییەكان ھۆكاری سەرەكی قەیرانی دارایین لە ھەرێمی كوردستان".

گوتیشی: "پێمانوایە ھێشتا تروسكاییەك ماوە بۆ ئێمە و خەڵكی كوردستان گەر ئیرادەیەكی جدی چاكسازی ھەبێت و بەرژەوەندی گشتی زاڵبێت بەسەر بەرژەوەندییە تایبەتیيەكاندا، ھەروەھا ئەگەر سوود لە ھەڵەكانی رابردوو وەربگرین، ئەگەر ویستی چاكسازی ھەبێت ھێشتا توانا مادی و مرۆییەكانی گەلەكەمان بایی ئەوەندە ماوە، كە ئەو قەیرانانە تێپەڕێنین".

راشیگەیاند: "پڕۆژەیەكی نوێ بۆ چاكسازی دەخەینەڕوو، بە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە دەتواندرێت سەدان ملیار دینار بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی حكوومەت، دەتواندرێت مووچەی مانگانە فەرمانبەران لە كاتی خۆی دابەش بكرێت".