"شه‌فه‌ق" به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه داده‌خرێت
له دوو رۆژی داهاتوودا داده‌خرێت
K24 - به‌غدا:
ده‌زگای "شه‌فه‌ق"، كه ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندنی كورده فه‌یلییه‌كانه له به‌غدا، به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی له‌سه‌ره.
عه‌لی حوسێن فه‌یلی، له لێدوانێكی تایبه‌تیشدا بۆ كوردستان24 گوتی: "له دوو رۆژی داهاتوودا به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه داده‌خرێت".
هه‌روه‌ها گوتی: "شه‌فه‌ق تاكه ده‌زگای كوردی بوو، كه به ئاراسته‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی له‌به‌غدا به‌رگری له مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد ده‌كرد".
راشیگه‌یاند، تاكه ده‌زگای راگه‌یاندنی كوردانی فه‌یلییه، كه به هاوكاری و پاڵپشتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زرا.
عه‌لی فه‌یلی هه‌روه‌ها گوتی: "حكوومه‌تی به‌غدا به‌رده‌وام دژایه‌تی ئه‌و ده‌زگایه‌ی كردووه و هه‌وڵیداوه دایبخات، ئێستا كه به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه داده‌خرێت، به دڵنیاییه‌وه دڵخۆش ده‌بێت".
عه‌لی حوسێن فه‌یلی، به‌رپرسی ئه‌و ده‌زگایه له نامه‌یه‌كدا، كه ئاراسته‌ی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی كردووه ده‌ڵێت: "شه‌فه‌ق تاكه ده‌زگای میدیایی كوردانی فه‌یلییه، له‌وه‌ته‌ی له‌دایكبوونییه‌وه به پاڵپشتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چووه".
له‌و نامه‌یه‌ی كه له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی فه‌رمی ده‌زگای شه‌فه‌ق بڵاوكراوه‌ته‌وه، هاتووه: "گه‌یشتوونه‌ته دوایین لووتكه‌ی سه‌ختی و نامانه‌وێت هیچ كێشه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ خۆمان ببه‌ینه رۆژێكی دیكه و ماوه‌ی دوو ساڵه له‌لایه‌ن ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه هیچ وه‌ڵامێكمان نه‌دراوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش بووه‌ته جێگای سه‌رسامیمان، ئایا ئێمه مایه‌ی پشتگوێ خستنین؟".
به‌رپرسی ده‌زگای "شه‌فه‌ق" له درێژه‌ی نامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی گه‌له‌كه‌مان، چاومان له دوو خۆره، یه‌كێكیان له كوردستانه و ئه‌وی دیكه‌ش له هه‌ر كوێیه‌ك بین له‌ناو دڵماندایه".
له به‌شێكی دیكه‌ی نامه‌كه‌دا هاتووه: "ئه‌مڕۆ سه‌رله‌نوێ و جارێكی دیكه له ده‌رگای ئێوه ده‌ده‌ین، كه به‌ڕووی ملیۆنان ئاواره و بێ ماڵ و حاڵ كراوه‌ته‌وه به جیاوازی ئایینه‌كان، نامانه‌وێ له به‌رامبه‌ر بێتوانایی له درێژه‌دان به پرۆژه‌ی شه‌فه‌ق پاساو بهێنینه‌وه، به‌ڵكو ئێمه هه‌ست به‌و گرنگیدانه‌ی ئێوه ده‌كه‌ین له به‌رامبه‌ر كێشه‌ی كوردانی فه‌یلی".
عه‌لی حوسێن فه‌یلی، له كۆتایی نامه‌كه‌یدا، نووسیویه‌تی: "ده‌مه‌وێ به‌وه كۆتایی به نامه‌كه بهێنم، كاتێك ده‌زگای شه‌فه‌ق دامه‌زرا، پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی ئه‌و ده‌زگایه هی خۆمانه و كوردانی فه‌یلیش گوتیان منداڵێكی دیكه‌مان سه‌ر له‌نوێ له‌دایكبوو، لێره‌دا ده‌پرسم له به‌رامبه‌ر داخستنی چۆن وه‌ڵام بده‌ینه‌وه؟ له راستیدا خۆم هیچ وه‌ڵامێكم پێ نییه".