قوتابیانی کورد لە کەرکووک دژی قەدەخکردنی زمانی کوردی گردبوونەوە

ژمارەیەک قوتابیی کورد لە پەیمانگای تەکنیکی کەرکووک، دژی بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی عێراق بۆ قەدەخەکردنی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە تاقیکردنەوەکاندا ناڕەزایی دەردەبڕن و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێکارە دەکەن.

بەشێک لەو قوتابییانە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، لە بەردەم پەیمانگاکەیان گردبوونەوە و بە هێمن دەلۆ ۆەیامنێری کوردستان24یان راگەیاند، بڕیارەکە پێچەوانەی دەستووری عێراقە و بووەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگێکی گەورە بۆ قوتابیانی کورد، بەجۆرێک چارەنووسی سەدان قوتابی خستووەتە مەترسییەوە.

قوتابییەکی کچ بە ناڕەزاییەوە گوتی "ناتوانین بە زمانی عەرەبی تاقیکردنەوەکان بکەین، چونکە دوازدە ساڵی خوێندنمان بە زمانی کوردی بووە و شارەزایی تەواومان لە زمانی عەرەبی نییە. داوا لە وەزارەتی خوێندن و پەرلەمانتارە کوردەکان دەکەین بە دەنگمانەوە بێن".

قوتابییەکی دیکە گوتی: ئەو لێژنەیەی بۆ سەرپەرشتی تاقیکردنەوەکان هاتووە، لە مووسڵەوە رەوانە کراوە و رێگری لە قوتابیان دەکات وەڵامەکان بە زمانی کوردی بنووسن. ئەو گوتیشی "ساڵی رابردوو هیچ کێشەیەکمان نەبوو، بەڵام ئەمساڵ ئەو بڕیارە دراوە. تەنانەت سەرۆکی پەیمانگاکەش بە هەمان شێوە داوای کردووە بە عەرەبی وەڵام بدەینەوە".

قوتابیان جەختیان لەوە کردەوە، ئەگەر بڕیارەکە هەڵنەوەشێتەوە، ناچار دەبن تاقیکردنەوەکان نەکەن و بەو هۆیەوە ساڵی خوێندنیان دەفەوتێت.

قوتابییەکی دیکە ئاشکرایکرد، بەشێک لە  قوتابیان لە ترسی سزای دەرکردن لەلایەن ئیدارەی پەیمانگاوە، نەهاتوونەتە ناو خۆپیشاندانەکە، هەرچەندە مافی خۆیانە بە زمانی دایک خوێندن و تاقیکردنەوەکانیان بکەن.

بەشداربووانی گردبوونەوەکە هۆشدارییان دا، ئەم رێکارانە بە ئامانجی لاوازکردنی پێگەی زمانی کوردی و دروستکردنی کۆسپ لە بەردەم خوێندنی قوتابییانی کورد لە کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانە.