پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕەوە داوای خۆڕاگریی و چارەسەری قەیرانی دارایی دەكەن

"ئەركی ئێمە لە مووچە پیرۆزترە"

K24 - دھۆك:

ژمارەیەك پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕەوە داوا لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەن چارەسەرێك بۆ قەیرانی دارایی بدۆزێتەوە، وەك پارێزەری گەل و نیشتمان پەیامیان بۆ خەڵكی كوردستان، خۆراگریی و پشوو درێژییە لەم دۆخەدا.

ئەفسەرێكی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ بە (كوردستان24)ی گوت: "دەبێ خەڵكی كوردستان خۆڕاگربن گەلی كورد بارودۆخی خراپتری بینیوە و تێیپەڕاندووە، ئەو بارودۆخەش تێدەپەڕێت، بۆیە لەو كاتەدا كە رەوشی ناوچەكە ناھەموارە نابێ گوێ بۆ پڕوپاگەندەی دووژمنانی گەلەكەمان بگرین و كاریگەریی نەرێنی بەسەرمانەوە ھەبێت، بەڵكوو دەبێ خۆڕاگربین".

پێشمەرگەیەكی دیكە لە بەرەكانی شەڕی رووبەڕووبونەوەی چەكدارانی داعش ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "راستە بارودۆخەكە خراپە و دەبێ حكوومەت چارەسەرێك بۆ ئەو قەیرانە بدۆزێتەوە، بەڵام پێشمەرگە خۆڕاگرە و ئەركی ئێمە لەوە پیرۆزترە كە مووچەمان پێدەدرێت یان نا".