لە سەر پرسی ریفراندۆم لایەنە سیاسییەكان بۆچوونی جیاوزیان ھەیە

كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ ریفراندۆم نیە بەڵام ھەرەیەك لە پارتی یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێن باشترین كاتە بۆ ریفراندۆم.

K24 - ھەولێر:

لە سەر پرسی ریفراندۆم لایەنە سیاسییەكان بۆچوونی جیاوزیان ھەیە، كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ ریفراندۆم نیە، بەڵام ھەریەك لە پارتی ديموكراتى كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێن باشترین كاتە بۆ ریفراندۆم.

عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی تایبەت بە كوردستان24 رایگەیاند، "ئەگەر ریفراندۆم بكەین وەك موزایەدەی سیاسیی ئەوە شتێكە، بەڵام گەر بمانەوێت ھەنگاوی كردەی بۆ بھاوێژین ئەوە زووە پێویستە چەند ھەنگاوێكی دیكە پێش ئەوە بكەون، پێویستە تەبای سیاسیی و ژێرخانی ئابووریی و ھێزێكی یەكگرتوومان ھەبێت لەسەر ئاستی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش و دیبلۆماسیەتێكی مەركەزیمان ھەبێت بۆ ئەوەی به‌ كۆی ئەو قەوارە سیاسییە قسە بكەین لەگەڵ خەڵك".

یەكگرتووی ئیسلامی بۆچوونی جیاوزی ھەیە و ئه‌و لەگەڵ ریفراندۆمە.

خەلیل ئیبراھیم ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند: ریفراندۆم مافی ئێمەیە و بڕیاری خەڵكە كەس ناتوانێت رێگریمان لێبكات.

مه‌حموود محەممەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی عەلی باپیر دەداتەوە دەڵێت: "ئەو بۆچوونی خۆیەتی لەوانەیە نەگیشتبێتە ئەوباوەڕەی كەوا كوردستانيش شایستەی ئەوەیە سەربەخۆيی و دەوڵەتی خۆی ھەبێت".

مەحموود محەممەد گوتیشی: "كورد مافی خۆیەتی سەربەخۆی خۆی ھەبێت وەك ھەرنەتەوەیەكی دیكە، ریفراندۆم بەشێكە لەو مافەی كە گەلان دەتوانن بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان ئەنجامی بدەن".