"هه‌فته‌نامه‌ى باس ده‌ڵێت "بەرھەم ساڵح لە یەكێتی دوور دەكەوێتەوە

لە دواین ژمارەی ھەفتە نامەی باس دا ھاتووە، بەرھەم ساڵح لە یەكێتی دوور دەكەوێتەوە و دەزگایەكی میدیایی دادەمەزرێنێ وبە پڕۆژەیەكی سیاسی نوێوە دەگەڕێتەوە.

K24 - ھەولێر:

لە دواین ژمارەی ھەفتەنامەی باس دا ھاتووە، بەرھەم ساڵح لە یەكێتی دوور دەكەوێتەوە و دەزگایەكی میدیایی دادەمەزرێنێ وبە پڕۆژەیەكی سیاسی نوێوە دەگەڕێتەوە.

 ھەفتەنامەی باس ئاماژەی بەوەكردووە، بەرھەم ساڵح سەركردەی دیاری یەكێتی، كە ناكۆكیێكی زۆری لەگەڵ باڵی دەست رۆیشتووی یەكێتی بە سەرۆكایەتی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد ھەیە، ماوەیەك لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، پڕۆژەیان بۆ پێداچوونەوە بە رەوشی نێوخۆی حزبەكەیان ھەبوو، بەڵام لە دوای تەوقەكردنەكەی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ، بەرھەم ساڵح جگە لە دەركەوتنی دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنی پڕگلەیی ھیچ دەركەوتنێكی دیكەی نەبووە، بەشێك لە چاودێران و سەرچاوە میدیایەكان لێكنزیك بوونەوەی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد و كۆسرەت رەسوڵ بە پەراوێزخستنی بەرھەم ساڵح دەزانن.

باس لە سەرچاوەیەكی نزیك لە بەرھەم ساڵح زانیوویەتی ناوبراو نیگەرانە لە دۆخی یەكێتی، بە نیازە بەرەو ئەمریكا بەڕێبكەوێت، لەوێ بە ھاوكاری چەند ناوەندێكی ئەمریكی دەزگایەكی میدیایی بۆ كۆكردنەوەیی دەنگە ناڕازییەكان كوردستان دابمەزرێنێت بیكات بە ھەوێنی پێكھێنانی گروپێكی سیاسی بەم رێگەیەوە بەشداری لە ھەڵبژاردنەكان بكات.

 لە كۆتاى راپۆرتەكەدا ئاماژە بە چەند لێدوانێكی بەرپرسانی یەكێتی كراوە، رەتی دەكەنەوە بەرھەم ساڵح ھیچ پڕۆژەیەكی لە دەرەوەی یەكێتی ھەبێت.