كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ: سێ ھەزار سكاڵا لە لایەن ئاوارەكان تۆماركراوە
دوای ھێرشكردنی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی كوردستان و عێراق دانیشتووانی ئەو ناوچانە ئاوارە بوون بۆ شارەكانی دیكەی كوردستان
K24 - سلێمانی:
دوای ھێرشكردنی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی كوردستان و عێراق دانیشتووانی ئەو ناوچانە ئاوارە بوون بۆ شارەكانی دیكەی ههرێمى كوردستان، كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ رایگەیاند: سێ ھەزار سكاڵا لە لایەن ئاوارەكان تۆماركراوە.
پەروین محەممەدەمین ئەندامی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق بە كوردستان 24 راگەیاند: "رفاندن و كوشتن و دەستگیركردن و دەستبەسەردا گرتنی ماڵ وموڵكیان و ونكردن و فرۆشتنی ژنان و كچان ھەمووی تاوانن كە لەلایەن داعش كراوەتە سەركورد".
منداڵێكی كوردی ئێزدی لە یەكێك لە كەمپەكانی سلێمانی دەڵێت: "لە شنگال لەگەڵ ھاوڕێكانم دەچوومە قوتابخانە، بەڵام ئێستا كەسیان نەماون ھەموویان مردن و لە دەستی داعشدان".
زۆربەی ئاوارەكان دەڵێن رەچاوی ئاین و مافەكانمان ناكرێت لە خوێندنگەكانی كەمپەكان.
بە گوێرەی راپۆرتی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ تا ئێستا 3 ملیۆن و250 ھەزار كەس ئاوارەی نێوخۆن، لەوانەش 1 ملیۆن و800 ھەزار كەس ئاوارەی ھەرێمی كوردستان بوون.