سێ نوێنەری كۆمارییەكان داوای ڤیزای ئێران دەكەن
ئەو سێ نوێنەرەی كۆنگریس نامەیەكی كراوهیان ئاراستهی بهرپرسانی ئێران كردووه
K24 – واشنتۆن:
سێ ئەندامی كۆنگریسی ئەمریكا سەر بە كۆمارییهكانی ئهو وڵاته، رایانگەیاند، بەمەستی سەردانكردنی ئێران، داوای ڤیزایان كردووە.
مایك پۆمپۆ لە ولایەتی تێكساس، لی زەلدیم، لە ویلایەتی نیۆیۆرك و فرانك لوبایۆندۆ لە ویلایەتی نیوجێرسی گوتیان: "بە فەرمی داوامان لە نووسینگەی پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانی ئێران لە واشنتۆن كردووە، بە مەبەستی چوونمان بۆ ئێران ڤیزامان پێبدەن".
ههروهها گوتیان: "دەخوازین بە مەبەستی چاودێریكردنی چۆنێتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێران و چاوپێكەوتن لەگەڵ بەندكراوە ئەمریكییەكان و سەردانكردنی ناوەندی وزە لە ئێران سەردانی ئەو وڵاتە بكەن".
ھاوكات لەگەڵ داواكردنی ڤیزا، ئەو سێ نوێنەرەی كۆنگریس نامەیەكی كراوهیان بۆ رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلی خامەنەئی و فەرماندەی سوپای پاسداران، محەممەد عەلی جەعفەری نووسیوە و ئهو دوو بهرپرسهیان ئاگادار كردووەتەوە.
لە نامەكهی ئەو سێ ئەندامەی كۆنگرێسدا ھاتووە: "ھۆكاری سەرەكی ئەو بڕیارە، چاودێریكردنی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێرانە كە بڕیارە 26ی شووبات بەڕێوە بچێت، كه ئەوە رووداوێكی مێژووییە و ئێمە خوازیارین كرانەوەی رەوتی دیموكراتی لە ئێراندا ببینین و جێگەی داخە لە سەرەتای ھاتنەسەر كاری كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تاكو ئێستا، ھیچ ئەمریكییەك نەیتوانیوە چاودێری ھەڵبژاردن لە ئێران بكات".
تا ئێستا ئێران لە بارەی نامەی ئەو سێ ئەندامەی كۆنگرێسی ئەمریكا ھیچ وەڵامێكی نەبووە.