"بارزانی دوژمنێكی سه‌رسه‌ختی نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردووه‌ته‌ دۆست"

توركیا وه‌ك هاوبه‌شێك له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ڕوانێت

K24 - ئیستانبول:

دوای ئه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند، كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و ئه‌نجامدانی ریفراندۆم هه‌نگاو ده‌نێت، ئه‌و په‌یامه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و وڵاتانی هه‌رێمی و جیهانیدا، كاردانه‌وه‌ی جیا به‌ دوای خۆیدا هێنا.

لەپەراوێزی لێکدانەوە و شرۆڤەی میدیاکانی تورکیا لەسەر پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، وا دەردەکەوێت، بارزانی بەرهەمی ئەو سیاسەتە ستراتیژییەی خۆی بەدەست خستبێت، لەوەی دوژمنێکی رابردووی سەر سەختی هەرێمەکەی، بکات بە دۆست و پشتگیری ئەنقەرەش بۆ دیهێنانی ئامانجی میللەتەکەی رۆشەن بکات.

بەرفراوان بوونی بەرژوەندییەکانی ئێران و رووسیا،  نزیکبوونەوەی هیلالی شیعە لەبەرەی باشووری سنووری  تورکیا، بەدەر لە ئابووری هۆکاری دیکەی سیاسیین وای کردووە، بۆ لەدایک بوونی دەوڵەتێکی سووننە مەزهەب  لەسەر دەستی سەرکردەیەکی کوردی میانڕەو  ئەنقەرە رازی بێ، لەم پێناوەشدا ناڕاستەوخۆ پشتگیری بۆ بارزانی هەبێت و وەک سەره‌تاش دان بە ئاڵای فەرمی هەرێمی کوردستان بنێت.