پەنابه‌رە سوورییەكان: ئێران و رووسیا ھۆی شكستی جنێڤن

"خەریكە دانووستاندن لەگەڵ ئێران و رووسیا دەكەین"

K24 - ئوردون:

ژمارەیەك لە پەنابەرە سوورییەكان پێیانوایە، سەرنەكەوتنی كۆنگرەی جنێڤ 3 ئێران و رووسیا پشتەوەن، ئەوەش دەخەنەڕوو، رژێمی سووریا ھیچ دەسەڵاتێكی نەماوە و وڵاتانی دیكە كۆنترۆڵی سیاسەتی ئەو وڵاتەیان كردووە.

لە بارەی سەرنەكەوتنی گفتوگۆكانی ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی سووریا لە كۆنگرەی جنێڤ 3، بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سووریا پەنابەرێك گوتی: "رژێمی سووریا لە پشت دانووستانەكانە، چونكە ئێران و رووسیا خەریكە سووریا داگیر دەكەن و دەیانەوێت بۆردوومانەكان زیاتر بكەن".

گوتیشی: "ئەوان خەریكە سووریا وێران دەكەن، دەیانەوێت بۆردومان زیاد بكەن، بۆنموونە 360 جار بۆردوومانی شێخ مسكینیان كردووە، ھەروەھا 320 جاریش دەوروبەری حەلەبیان بۆردومانكردووە خەریكە سووریا وێران دەكەن".

پەنابەرێكی دیكەی سووریا ئەوەی خستەڕوو: "ئێمە خەریكە دانووستاندن لەگەڵ ئێران و رووسیا دەكەین رژێمی سووریا بوونی نییە، لەبەر ئەوەی وڵاتانی دیكە رژێمیان كۆنتڕۆڵیان كردووە".

بە گوێرەی زانیاری ھەندێك لە میدیاكان لە چەند رۆژی رابردوودا 13 پاسداری ئێران لەنزیك حەلەب كوژراون، ئەگەرچی بەرپرسانی ئێران دان بە شەڕكردن لەسووریا دانانێن، بەڵام ھەفتەنامەی ھێڵى حیزبوڵڵا، لە دوا ژمارەیدا نووسیویەتی "عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران پێیوایە ئەگەر لە حەلەب شەڕمان نەكردبا، دەبووا لە ھەمەدان و كرماشان شەڕی داعشمان كردبا".

كۆنگرەی جنێڤ 3، كە دانووستاندنی ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی سووریایە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی و ئابووریی لەو وڵاتەدا، لە 29ی مانگی رابردوو دەستی بە كارەكانیكرد دوای 4 رۆژ كۆبوونەوەكان لە بارەی بێ ئەنجام بوون و لە ئێستادا ھەردوولا یەكتر بە سەرنەكەوتنی كۆنگرەكە تۆمەتبار دەكەن و پەنابەرانیش ئێران و رووسیا بە ھۆكاری شكستی كۆبوونەوەكە دەزانن.