سەعدی پیرە: جانسێكی دیكە بە گۆڕان دەدەین

عەبدولستار مەجید : گۆڕانكاری نەھاتووەتە پێشەوە تا گۆڕانكاری لە راوبۆچوونەكان دروست بێت

K24 - ھەولێر:

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، دەبێ جانسێكی دیكە بدەین بەو لایەنە كە نایەوێت بەشداری بكات، ئەویش دەتوانن لەو ماوەیەدا بیری لێ بكاتەوە و سوودی لێ وه‌ربگرێت.

لە بارەی پێشنیازی یەكێتی بۆ دواخستنی دووەم كۆبوونەوەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان 24 سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند: "جانسیان پێدەدەین، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوان سوودی لێدەكەن یان نا".

گوتیشی: "ئێمە ئەو بڕیارەمانداوە پەرلەمان چالاك بكرێتەوە  و سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكان بگەڕێنەوە، ھەروەھا بڕیاری ئەوەمانداوە كە چاكسازی لە ھەموو جومگەكانی حكوومەت بكەین، ئێمە بڕیارمانداوە ئێستا كاری ھەمووان ئەوەیە لە پشت بڕیارەكان بوەستین".

سەعدی پیرە، ئەوەشی خستەڕوو: "دەبێ جانسێكی دیكە بدەین بەو لایەنە كە نایەوێت بەشداری بكات، ئەویش دەتوانن لەو ماوەیەدا بیری لێ بكاتەوە و سوودی لێ وه‌ربگرێت".

عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵى ئیسلامی پێی وایە لە دوای كۆبوونەوەی چەند رۆژی رابردوو تا ئێستا گۆڕانكاری نەھاتووەتە ئاراوە و بە كوردستان 24ی گوت: "لە نێوان ئەو كۆبوونەوەیە و كۆبوونەوەی رابردوودا گۆڕانكاری نەھاتووەتە پێشەوە تا گۆڕانكاری لە راوبۆچوونەكان دروست بێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "دەبووایە لیژنەی كاراكردنەوەی پەرلەمان ئەوەیان ئەنجامدابووایە كە پێشتر رایانگەیاندووە".

بڕیاربوو 7ی مانگ دووەم كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان، لە بارەی بارودۆخی ھەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام بەر لە چواردە كاتژمێر بۆ وادەی كۆبوونەوەكە دواخستنی كۆبوونەوەكە لەسەر پێشنیازی یەكێتی نیشتمانی كوردستان راگەیاندرا.