نایجیریا: لە ھێرشێكی خۆكوژیدا 58 كەس كوژران

پۆلیسی نایجیریا رێكخراوی بۆكۆ حەرام بە ئەنجامدانی ھێرشەكە تۆمەتبار دەكات

K24- ھەولێر:

لە نایجیریا بە ھۆی دوو ھێرشی خۆكوژیی لە كەمپێكی ئاوارەكانی نێوخۆی ئەو وڵاتە 58 كەس كوژران و 70 كەسی دیكەش برینداربوون.

پۆلیسی نایجیریا رایگەیاند: "ھێرشەكان لە لایەن دوو ژنی خۆكوژ ئەنجامدراون، لە یەكێك لە كەمپی ئاوارەكانی نێوخۆی ئەو وڵاتە، خۆكوژەكان نەخۆشخانەیەكی نێو كەمپەکەیان كردووەتە ئامانج، لە ئاكامدا ژمارەیەكی زۆر كوژراو و برینداری لێكەوتووەتە، كە زۆربەی قوربانییەكان ژن ومنداڵن".

كەمپەكە بە ئامانجکراوەکە 85 كیلۆمەتر لە شاری ئەبۆجای پایتەختی نایجیریاوە دوورە.

پۆلیسی نایجیریا رێكخراوی بۆكۆ حەرام بە ئەنجامدانی ھێرشەكان تۆمەتبار دەكات، بەڵام تا ئێستا ئەو رێكخراوە بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکان رانەگەیاندووە.

بۆكۆ حەرام رێكخراوێكی ئیسلامیی توندڕەوە، زیاتر لە 6 ساڵە دروستبووە، ئەم رێكخراوە بۆ ماوەی 6 ساڵە شەڕ دەكات لە دژی حكوومەتی نایجیریا، تا ئێستا بەھۆی ھێرشەكانی ئەم رێكخراوە زیاتر لە 20 ھەزار كەس كوژراون و نزیكەی 2 ملیۆن و 500 هەزاری دیکەش ئاوارەبوونە.

لە مانگی شەشی ساڵی 2015 رێكخراوی بۆكۆ حەرام زیاتر لە 100 كچی لە یەكێك لە زانكۆكانی نایجیریا رفاند و تا ئێستا چارەنووسی بەشێک لەو کچە رفێندراوانە نادیارە .

ئامادەكردن: شنۆ محەممەد

سەرچاو: AFP

Fly Erbil Advertisment