توركیا كۆتایی به ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی له جزیره هێنا
"قه‌ده‌غه‌كردنی هاتووچۆ له شاره‌كه هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت"
وه‌زیری ناوخۆی توركیا رایگه‌یاند، ئۆپه‌راسیۆنه ئه‌منییه‌كان له جزیره كۆتاییان پێهێنراوه.
ئه‌ركان ئالا، وه‌زیری ناوخۆی توركیا گوتی: "له نیوه‌ڕۆوه كۆتایی به ئۆپه‌راسیۆنه ئه‌منییه‌كان هێنراوه له جزیره"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "قه‌ده‌غه‌كردنی هاتووچۆ له شاره‌كه هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت".
زیاتر له دوو مانگه ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازیی و ئه‌منییه‌كانی توركیا له باكووری كوردستان به‌رده‌وامه، به‌هۆیه‌وه سه‌دان كه‌س بوونه‌ته قوربانی.
له دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانیی توركیا له حوزه‌یرانی 2015 و كۆتایی هاتنی ئاگربه‌ستی نێوان په‌كه‌كه و سوپای توركیا، شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كان له باكووری كوردستان ده‌ستپێكرده‌وه.
هێزه ئه‌منییه‌كان و سوپای توركیا ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی له شاره‌كانی باكووری كوردستان ئه‌نجامده‌ده‌ن، هاوكات فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ش ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیاش به به‌رده‌وامیی بۆردومان ده‌كه‌ن.
له ئه‌نجامی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییانه‌دا به تایبه‌تی له شاره‌كانی ئامه‌د و جزیره، سه‌دان كه‌س بوونه‌ته قوربانی و سێكته‌ره‌كانی ژیانی له‌و شارانه راگرتووه، هه‌روه‌ها بووه‌ته هۆی ئاواره‌بوونی هه‌زاران كه‌س به تایبه‌تی له ناوچه‌ی سووری ئامه‌د.
ئاماده‌كردنی: موحسین حوسێن